کۆرۆناى نوێ ئاهه‌نگه‌کانى سه‌رى ساڵ راده‌گرێت

هه‌ر رێستورانت و کافێیه‌ک لایف میوزیک ئه‌نجام بدات سزاى 10 ملیۆن دینار ده‌درێت‌و مانگێک شوێنه‌که‌ى داده‌خرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

مه‌ترسى له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ، بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى چڕکردووه‌ته‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا بۆ جێبه‌جێکردنى رێنماییه‌کان و رێگرى له‌هه‌ر ئاهه‌نگ و کۆڕو کۆبوونه‌وه‌یه‌ک.

سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسێکى نوێ له‌جیهاندا که‌ناسراوه‌ به‌ (کۆڤید 20)، رێوشیۆنه‌کانى توندتر کردووه‌و له‌هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌زۆربه‌ى شوێنه‌ گه‌شتییه‌کان و کافێ و رێستۆرانته‌کان ئاماده‌کارى کرابوو بۆ ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵى نوێ، به‌ڵام دووباره‌ رێوشوێنه‌کان توندکرانه‌وه‌و بەبڕیاری وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌موو یادکردنه‌وه‌یه‌ک و ئاهه‌نگێک راگیرا.

دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ 27ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر رایگه‌یاند:» سازکردنى ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵ قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایه‌ک یان ڕێستورانتێک یان یانه‌یه‌کى شه‌وانه‌ ئاهه‌نگ سازبکات روبه‌ڕوى یاسا ده‌کرێته‌وه‌.

هەروەها ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌و داوا ده‌کات هه‌موو که‌سێک ده‌مامک ببه‌ستێت.

هاوکات پارێزگارى سلێمانى، ده‌ڵێت: «له‌سه‌ر هه‌موو رێکاره‌کان به‌رده‌وام ده‌بین  بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ به‌شێوازه‌ تازه‌که‌ى که‌ئێستا له‌وڵاتانى جیهاندا بڵاوبووەته‌وه‌«.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ئێمه‌ له‌سه‌ر رێکاره‌ خۆپارێزییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بین و هیچ گۆڕانکارییان تیدا ناکرێت و سارد نابینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان بتوانین رێگرى له‌ته‌شه‌نه‌کردنێکى نوێى  (کۆڤید 20) بکه‌ین».

پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد رێکاره‌کانى خۆپاراستن گه‌یاندویانین به‌ئه‌نجامێکى باش، بۆیه‌  به‌پێویستى ده‌زانێت هه‌وڵبدرێت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى (کۆڤید 20) سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنین.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌پێى بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌موو جۆره‌ ئاهه‌نگێک قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆ هاتنى ساڵى نوێ و هه‌موو لایه‌ک و پارێزگاکان به‌یه‌کسانى پێویسته‌ پێوه‌ى پابه‌ند بن.

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى، ده‌ڵێت له‌شه‌وى سه‌رى ساڵدا هه‌ر کافتریاو شوێنێکى گه‌شتیارى لایڤ میوزک ئه‌نجامبدات داده‌خرێت و سزاى (10) ملیۆن دیناریان ده‌ده‌ن.

له‌شکر حه‌مید، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى، له‌لێدوانیکدا به‌‌هاوڵاتى وت» له‌شه‌وى سه‌رى ساڵى نوێى (2021)دا، هه‌ر کافتریاو شوێنێکى گه‌شتیارى لایڤ موزیکى هه‌بێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى یه‌ک مانگ داده‌خرێت و سزاى (10) ملیۆن دیناریان ده‌درێت».

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى، ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌په‌یوه‌ستن به‌بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌پێناو خۆپارێزیى و رێگریکردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆناى نوێ.

سه‌ره‌ڕاى قه‌ده‌غه‌کردنى شوێنه‌ گشتییه‌کان بۆ گێڕانى ئاهه‌نگه‌کانى سه‌رى ساڵ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گومرگى هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى گه‌شتیارانی ده‌رکردووه‌ له‌و وڵاتانه‌ى (کۆڤید 20)ی تێیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «به‌پێى بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، مه‌رزه‌کان به‌ڕووى گه‌شتیاراندا داخران و ته‌نیا هاتوچۆى بازرگانى وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه‌«.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد رێکاره‌کان پێشتریش هه‌ر به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام پێویسته‌ ئێستا توندتر بکرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆى ئاهه‌نگى ساڵى نوێوه‌و مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌ نوێیه‌که‌وه‌، وتیشى: رێگاى قاچاخ تا راده‌یه‌کى زۆر په‌یوه‌ندى به‌پاسه‌وانى سنوره‌وه‌ هه‌یه‌ که‌پێویسته‌ بیپارێزن، تاگرفته‌کان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌«.

وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ ڤایرۆسى نوێى کۆرۆنا (کۆڤید 20) ته‌نیا جیاوازییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ (کۆڤید 19) ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌خێرایه‌ له‌گواستنه‌وه‌دا.

یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» (کۆڤید 20) زانیارى وردى له‌سه‌ر نیه‌، چونکه‌ له‌جیهاندا ته‌نیا چه‌ند حاڵه‌تێکه‌و ئه‌وه‌ى که‌ باسده‌کرێت ته‌نیا خێرا گواستنه‌وه‌یه‌تى که‌ چالاکتره‌و زووتر له‌ (کۆڤید 19) ده‌گوازرێته‌وه‌ له‌که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکى دیکه‌«.

وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى هاووڵاتیانى دڵنیاکرده‌وه‌ که‌ ته‌نیا به‌تاکپارێزى ده‌توانن کۆنتڕۆڵى کۆڤیده‌کان بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار