قوباد تاڵه‌بانى: 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌که‌ین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

‌جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان و لیژنه‌ى دارایى و یاسایى په‌رله‌مانى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ پابه‌ندن به‌ پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق و ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌که‌ن.
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، 28 کانوونى یه‌که‌مى 2020 قوباد تاڵه‌بانی،  جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌مڕۆ دواى کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، "رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌ موازه‌نه‌ى 2021دا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، ئه‌و موازه‌نه‌یه‌ به‌ره‌و په‌رله‌مان ده‌چێت و گفتوگۆیه‌کى جددى له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌درێت بزانین ده‌رئه‌نجامى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌مان گه‌یه‌نێت به‌ کوێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تا ئێستا هه‌یه‌ رێککه‌وتنێکه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى 2021 که‌ به‌شێکى به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌".
‌جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، "ئێمه‌ وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و به‌شه‌ى که‌ په‌یوه‌ندى به‌ حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌م رازیین پێى هه‌م پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بودجه‌ وه‌ک خۆى په‌سه‌ندکرا، هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌که‌ راده‌ستبکات، قوباد تاڵه‌بانى وتی، "ئێمه‌ ئاماده‌یى خۆمان ده‌ربڕى بو له‌ رابردو له‌ مانگى 11ى ساڵى 2019 له‌ رێککه‌وتنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕاڵ، ئێستاش له‌ پڕۆسه‌ى گفتوگۆکردن و په‌سه‌ندکردنى موازه‌نه‌ى 2021 وتومانه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ى سۆمۆوه‌ بفرۆشین وه‌کو چۆن له‌ پڕۆژه‌ یاساى موازنه‌که‌دا هاتوه‌".

له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان و شاندى دانوستانکار، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان و لیژنه‌کانى دارایى و سامانه‌سروشتییه‌کان و یاسایى به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌ له‌ فراکسیۆنه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان و یه‌کگرتوى ئیسلامى کوردستان به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌یان نه‌کرد، هاوکات هه‌ریه‌که‌ له‌ په‌رله‌مانتارانى سه‌ربه‌خۆ مه‌م بورهان قانع و دیارى ئه‌نوه‌ر که‌ بانگهێشتکراون به‌شداریان نه‌کردوه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار