کچه‌ چالاکوانه‌که‌ى سعودیه‌ وڵاتانى ڕۆژئاوا یه‌کده‌خات

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌رکۆ جه‌مال

لەجین هەزلول ئەو کچە چالاکوانەی سعودیە کە بە پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن سزادرا، چەندین تۆمەتیشی ئاڕاستەکراوە، سزادانەکەی کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتووەتەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی گواستنەوەی دۆسیەکەی لەجینی کرد بۆ دادگای تاوانە تایبەتەکان، ئەوەشی بە "دڕندەیی و دووڕوویی" دەسەڵاتدارانی سعودیە ناوبرد.

رۆژی دووشەممە دادگایەکی تایبەتی سعودیە بەناوی دادگای تاوانە تایبەتەکان لە ریازی پایتەخت، سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەر ژنە چالاکوانێکی سعودیدا سەپاند، کە بەرگری لە مافی ژنانی سعودی دەکرد.

هەرچەندە لەجین لە ساڵی 2018 ەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە دەستگیرکراوە، بەڵام دوێنێ بڕیاری سزادانەکەی لەلایەن ئەو دادگایەوە دەرچوو کە زیاتر تایبەتمەندە بە کاری تیرۆر و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی سعودیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ماوەی راگرتنی سزاکەشی بۆ هەژمار بکرێت.

دوو تۆمەتی ترسناک ئاڕاستەی لەجین کراوە

"هەوڵی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکی " دوو لەو تاوانانەیە کە لەجینی پێ تۆمەتبارکراوە، وەک هەمیشە چالاکوانانی سعودیە بەتایبەت ئەوانەی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان کاردەکەن یەکێک لەو دوو تۆمەتەیان ئاڕاستەدەکرێت، بەشێوەیەکی گشتیش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تۆماری پێشێلکارییان بەرامبەر مافی مرۆڤ بەردەوام لە هەڵکشاندایە ئەو جۆرە تۆمەتانە ئاڕاستەی چالاکوانانی بوارە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ دەکەنەوە.

لەجین کە ئێستا تەمەنی 31 ساڵی تێپەڕاندووە، پێش ئەوەی لە سعودیە رێگە بە ژنان بدرێت شۆفێری بکەن لە 2018 ەوە دەستگیرکراوە، ئەویش ئەو دۆسیەیە کە لەجین و هاورێ چالاکوانەکانی دەیانویست بۆ ژنانی سعودیەی ئازاد بکەن، بەڵام خۆیان بوونە قوربانی لەپێناویدا، هەرچەندە بەرپرسانی سعودیە رەتیدەکەنەوە دۆسیەی گرتنی لەجین پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبێت.

"لەزیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە"
ئەوەی زیاتر کاردانەوەی ناوخۆی و زیاتریش دەرەکی بۆ دۆسیەکەی لەجین زیادکردووە، ئاشکرابووە کە ئەو کچە چالاکوانە لە زیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بووەتەوە، بەڵام وەک هەمیشە بەرپرسانی سعودیە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
دۆسیەکەی وڵاتانی دژ بە سعودیە یەکخستووە

چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەکەی لەجین پەیوەندی نێوان محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کابینەی نوێدا بەرەو ئاقارێکی باش نەبات، بەوپێیەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سعودیە نزیک بوو بەڵام جۆ بایدن لەگەڵ سعودییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە نێوانی باش نییە.

مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی گواستنەوەی دۆسیەکەی لەجینی کرد بۆ دادگای تاوانە تایبەتەکان، ئەوەشی بە "دڕندەیی و دووڕوویی" دەسەڵاتدارانی سعودیە ناوبرد.

چاوەڕوانیش دەکرێت بەهۆی فشارە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆسیەی مافی مرۆڤ و تیایدا دۆسیەی لەجین هەزلول لە جنێف رێکبخات.

لەجین کێیە؟

لەجین لە خێزانێکی مامناوەند لە ناوچەی قەسیم لە سعودیە لەدایکبووە، کە ناوچەیەکن لەرووی کۆمەڵایەتییەوە پارێزکارن، بەڵام خێزانەکەی ئەو زیاتر کراوە بوون بەوهۆیەشەوە بەشێکی زۆری منداڵی لەجین لە فەڕەنسا بووە، باوکیشی ئەفسەر بووە لە هێزی دەریاوانی سعودیە و پشتیوانی کردووە لەوەی کە کچەکەی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بێت لە سعودیە، بەتایبەت مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ئەوکاتەشی لەجین ئۆتۆمبێلی لێخوڕی باوکی خۆی گرتە ڤیدیۆییەکەی تۆمارکردووە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار