پەکەکە: لەئەمساڵدا 112 هەڤاڵی ژنمان شههید بوون
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەیەکی پەکەکە ئاماری روداوەکانی ساڵی 2020ی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دهکات و رایگهیاندووه لە 11 مانگی ئەمساڵدا 160 ژن بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون و 112 هەڤاڵی ژنمان لە روبەڕوبونەوەکاندا بەرامبەر دوژمن گیانیان لەدەستداوە.
زۆزان چەولیک، فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگهیاند " سەرباری ئەوەى ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتن و وەرگرتنی گەریلایان راگرتبوو، "بەڵام 160 ژن بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون و لە شەڕەکاندا بەشداربوون."
ئەو فەرماندەیەی پەکەکە سەبارەت بە ئاماری 11 مانگی ساڵی 2020 کە تایبەت بە ژنانی پەکەکە یە دەڵێت "تاوەکو ئێستا چارەنووسی دوو هەڤاڵمان نادیارە و دوو هەڤاڵیشمان لەلایەن دووژمنەوە دیلکراون، هەروەها چوار کەسیش خۆیان رادەستی هێزەکانی دووژمن کردووە".
سەبارەت بەو ژنانەی کە لەنێو پارتی کرێکارانی کوردستان بەشداریی شەڕەکانیان کردووە و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەو فەرماندەیەی پەکەکە ئاماژە بەوە دەدات کە "160 ژن بەشداریی رووبەڕووبوونەوەی شەڕەکانیان لەگەڵ دووژمن کردووە، هەروەها لە ماوەی 11 مانگیشدا 112 گەریلای ژن گیانیان لەدەستداوە."
خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 30 کانونى یهکهمى2020 ئاماری نوێی شەڕەکانی تورکیای بەرامبەر بە پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت " ئەمساڵ زیاتر لە 200 ئۆپەراسیۆن لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دژی تیرۆریستان ئەنجامدراون و بەهۆیەوە سێ هەزار و 646 تیرۆریست کوژراون."
هاوکات رۆژی 19-12-2020، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند، "ئەمساڵ 946 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە و لە بەرامبەردا 227 گەریلاش لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراون."