ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی دەستپێکردەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە وێستگەی فۆردۆی ئەتۆمی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەی 20% دەستپێکردەوە.

عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەیی راگەیاند، بە فەرمانی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆمار بودجەی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دابینکراوە. دەشڵێت، پێشتر لەوبارەیەوە هۆشدارییان بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە.

رۆژی 30ی تشرینی دووەمی 2020 پەرلەمانی ئێران، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاسای تایبەت بە زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەی دا، هاوکات ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری راگرتنی پابەندبوونی وڵاتەکەیان بە پەیماننامەی 'رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی' دەکەن. ئەمەش دوو رۆژ دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە، لە نزیک تاران بوو.

پرۆژەیاساکەی پەرلەمانی ئێران پێچەوانەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

پڕۆژە یاساکە ناونراوە 'رێوشوێنە ستراتیژییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا'، بە ئامانجی ناچارکردنی واشنتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران. هەروەها تێیدا رەزامەندی لەسەر بەکارخستنەوەی وێستگەی 'ئاراک'ی ئەتۆمی درا، کە بە ئاوی قورس کاردەکات.

بەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران بڕی 20%ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرهەمدەهێنا، ئەوەش ئاستی پێویست بوو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی تاران، لەکاتێکدا ئاستی پیتاندن لە وێستگەی بووشەهردا، 0،5% بوو.

پێشتر تاران لە 2015 و پاش رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، 'پەیماننامەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی'ی لە جیهاندا واژۆ کردبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار