حکومه‌تى عێراق ژماره‌یه‌ک بڕیارى نوێى ده‌رکرد
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا ژماره‌یه‌ک بڕیارى ده‌رکرد و وته‌بێژى حکومه‌تیش رایگه‌یاند حکومه‌ت ده‌یه‌وێت چاودێریه‌کى توندى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکرێت,
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9ى کانونى دووه‌مى 2021 حه‌سه‌ن نازم، وته‌بێژى حکومه‌تى عێراق له کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نوسیدا له شارى به‌غدا، ڕایگه‌یاند:" مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیران، له میانه‌ى کۆبونه‌وه‌ى حکومه‌تدا که ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چو، لایه‌نه‌کانى راسپارد به‌مه‌به‌ستى ئاسانکارى بۆ ته‌واوکردنى مامه‌ڵه‌ى شه‌هیدان و بریندارانى خۆپیشاندانه‌کان".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنیشه‌وه، حه‌سه‌ن نازم رایگه‌یاند:"گرنگیه‌کى جدى هه‌یه له‌پرسى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش حکومه‌ت ده‌یه‌وێت چاودێریه‌کى توندى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکرێت، بۆئه‌وه‌ى ده‌سته‌به‌رى پاکى ئه‌و پرۆسه‌یه بکات".
وته‌بێژى حکومه‌تى عێراق ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زیرى ته‌ندروستى داواى قه‌ده‌غه‌ى سه‌فه‌رکردنى هاوڵاتیانى عێراقى کرد بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى که ڕێژه‌یه‌کى زۆر کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه.
هاوکات له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا بڕیاردرا به ته‌رخانکردنى پاره بۆ پرۆژه‌ى بۆریى ده‌ریایى به‌مه‌به‌ستى زیادکردنى تواناى هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى خاو له به‌نده‌ره‌کانى باشوره‌وه.