کورد، لەدامێنی بەرزی نەوتدا
4 ساڵ لەمەوپێش
ئەکرەم ئەمین
زۆربەی وڵاتان، بەتایبەتی فرۆشیارانی نەوت، بەخۆشحاڵی و گرنگییەوە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەڕوانن، تەنیا هاوڵاتیانی ئاسایی کورد نەبێت، بۆچی؟ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئێستادا، بۆ حکومەتی عێراق دوو سود و گرنگی هەیە:
یەکەم، دوای دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ئەوا لەکاتی گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار بەڕێژەی لەسەدا ۲٥ قازانج ئەکات، چونکە عێراق لەفرۆشی نەوت دۆلار وەردەگرێت و دەیگۆڕێەوە بەدینار، ئەمەش وا دەکات بەرامبەر بەمانگەکانی پێشوو لە هەر سەد دۆلارێک ۲۷ هەزار دینار سودی زیاتر دەسبکەوێت.
دووەم، ماوەی هەفتەیەکە بە بەردەوامی نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، گۆڵدمان ساکس (NYSE:GS) ڕایگەیاند و پێشبینی ئەوەی کرد لەم ساڵدا نرخی نەوت بگاتە ٦٥ دۆلار، کە ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە تاڕادەیەک فرۆشتنی نەوت شەفافە و وەزرەتی دارایی ئاگاداری تەواوی فرۆشتنی نەوتە و دەتوانن لەسەر بنەمای داهات، کاروباری وڵات زیاتر ڕێکبخەوەو موچەش لەکاتی خۆیدا بدە.
ئەگەرچی موچەخۆرانی عێراق ناڕاستەوخۆ بەهۆکاری دابەزاندنی دینار بەرامبەر دۆڵار بە ڕێژەی لەسەدا ۲٥ زیانیان بەردەکەوێت، بەڵام باشی ئەوەیە کە دەتوانرێت لەکاتی خۆیدا موچە وەربگرن. -هاوڵاتیانی کوردستان لە دامێنی نرخی نەوتدا لەگەڵ هەرگۆڕانکارییەک لە بەرزبووەنەوەی نرخی نەوتدا، ڕاستەوخۆ هاوڵاتیانی کوردستان بە سەرسۆڕمانەوە پرسیار دەکەن، چی سودی بۆ کورد و بەتایبەتی موچەخۆران هەیە، هەر خۆشیان وەڵامدەدنەوە و دەڵێن هیچ...! دەپرسین باشە بۆ بەرزی نرخی نەوت سودی بۆ کورد نییە؟ لەبەر ئەوە کاتێک نرخی نەوت ۲٨ دۆڵار بوو هەروەک ئێستا موچەی بەدوومانگ دابەشدەکرا، ئێستا کە نرخی نەوت بەرێژیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، لەهەمان کاتدا لە گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار حکومەتی هەرێم سودمەندی یەکەمە، لەبەرامبەردا نەدەتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا بدات، نەدەشتوانێت دەست لە بڕینی ڕێژەی موچە هەڵبگرێت.
هەروەها فرۆشتنی نەوت لەکوردستان شەفاف نییە، بۆیە هاوڵاتیانی کوردستان بەتایبەتی موچەخۆران زەرمەندی یەکەمن چونکە دابەزانی نرخی دینار بۆتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاو شتومەک و هەروەها موچەشیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت. کەوتە بەرزی نرخی نەوت بە هاوڵاتیان کوردستان چی؟