دەستپاکی عێراق: پێنج بەرپرسی کەرکووک 2 ملیار دینار سامانی گشتییان بەفیڕۆداوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند پێنج بەرپرسی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دیناری سامانی گشتییان بەفیڕۆداوە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی، توانی بەرپرسی چاودێری ئەلیکترۆنی لە لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک ئاشکرا بکات، هاوکات بەڕێوەبەرانی دوو بەنزینخانەی حکومەت و بەرپرسانی چاودێری لەو دوو بەنزینخانە، ئاشکرا بکات، کە کاری نایاساییان کردووە، بەوەی کاری پرۆگرامی چاودێریی ئەلیکترۆنییان تێکداوە، لە کاتێکدا ئەو پرۆگرامە چاودێری پرۆسەی پێدانی گازوایل بە ئۆتۆمبیلەکان دەکات".
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی راشیگەیاند: "ئەو پێشێلکارییانە بریتین لە پێنەدانی زانیاری تەواو و دروست لەبارەی بڕی گازوایلی پێدراو بە ئۆتۆمبیلەکان، ئەوە جیا لە هاککردنی پرۆگرامە ئەلیکترۆنییەکە و گۆڕینی بڕە پێدراوەکان".
بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی چەند بەنزینخانەیەکی حکومەت و کەرتی تایبەت لە کەرکووک بڕێکی زۆر گازوایلیان بەشێوەی نایاسایی فرۆشتووە، بڕەکانیش دەگەنە زیاتر لە 60 ملیۆن لیتر، بۆیە ئەوان زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دینار زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە"
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاشکرای کردووە: "پێنج بەرپرسە تۆمەتبارەکەی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، رەوانەی دادگا کران و دادگا بڕیاری دا بەپێی ماددەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراق رایانبگرێت".
پێشتر، دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە سێپتەمبەری 2020دا، رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێک لە لقی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور لە کەرکووک دەرچووە، بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر نەوتی سپییان بەفیڕۆداوە.