وه‌فدى هه‌رێم پێشنیارێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى و هیوا ره‌تده‌که‌نه‌وه‌

"رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیم بکه‌ن و نیاز پاکى ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێن داهاته‌که‌ى ده‌ده‌نه‌ به‌غدا"

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیوا دۆسییه‌کى گرنگ بۆ هاوڵاتى ئاشکرا ده‌کات که‌ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم پێشنیارێکى ئه‌وان و  فراکسیۆنى یه‌کێتى ره‌تکردووه‌ته‌وه‌ تایبه‌ت به‌ ته‌سلیمکردنى نه‌وت.

رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیوا له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد تا دوو شه‌ممه‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌و مادده‌کانى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 ته‌واو ده‌کرێت و ئاماده‌ ده‌کرێت بۆ ده‌نگدان ته‌نها پرسى پشکى کورد نه‌بێت به‌ هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌.

ناوبراو وتیشى:" وه‌ک هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیواو فراکسیۆنى یه‌کێتى داوامان له‌ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم کرد رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ 1ى 1ى 2021 ته‌سلیمى سۆمۆ بکه‌ن تا ببێته‌ بناغه‌یه‌ک بۆ نیازپاکى و لایه‌نه‌کان متمانه‌ به‌ هه‌رێم بکه‌ن، به‌ڵام پێشنیاره‌که‌مان ره‌تکرایه‌وه‌".

رێبوار که‌ریم ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ده‌کرێت له‌مانگى شوباتیشه‌وه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ته‌سلیم بکه‌ن، به‌ڵام وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ گفتوگۆکانیاندا جه‌ختیان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌"ته‌نها داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ته‌سلیمى سۆمۆ ده‌که‌ین"، وتیشى:" ئه‌م بۆچونه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم و پیشان نه‌دانى نیازپاکى واى له‌لایه‌نه‌ شیعه‌کان کردووه‌ که‌ هیچ متمانه‌یه‌کیان به‌ حکومه‌تى هه‌رێم نییه‌و ده‌ڵێن وه‌ک 2019 ده‌یه‌وێت به‌غدا "مه‌قاسه‌" بکات.

مه‌به‌ست له‌ "مه‌قاسه‌" ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌غدا وه‌ک ساڵى 2019 برى نه‌وتى هه‌رێم که‌ ته‌سلیمى ناکات به‌ پاره‌یه‌ک بخه‌مڵێندرێت و ببردرێت و ئه‌وى دیکه‌ بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ بکرێت، به‌ڵام وه‌ک ئه‌ندامه‌که‌ى هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیوا ده‌ڵێت:" به‌غدا ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ ناکات و ئاماده‌ نین به‌بێ ناردنى نه‌وت پاره‌ ره‌وانه‌ بکه‌ن".

رێبوار که‌ریم مه‌حمود ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ پابه‌ند بێت به‌ ناوه‌رۆکى ره‌شنوسى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 وه‌ که‌ رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ زائیده‌ن نیوه‌ى داهاته‌ فیدراڵییه‌کان بداته‌ عێراق و له‌به‌رانبه‌ردا له‌سه‌دا 12.67ى پشکى بودجه‌ى بۆ ره‌وانه‌ بکرێت.

ده‌رباره‌ى رۆڵى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق، رێبوار که‌ریم مه‌حمود وتى:" سه‌رۆک کۆمار ده‌یه‌وێت ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و ئه‌وه‌ى له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 دا هاتووه‌ وه‌ک خۆى تێبپه‌رێندرێت و هه‌ردوولا جێبه‌جێى بکه‌ن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ پێشنیاره‌کانى لایه‌نه‌ شیعه‌کان بۆ ته‌سلیمکردنى دۆسیه‌ى نه‌وت یا ته‌سلیمکردنى 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ره‌تکراوه‌ته‌وه‌"ناگه‌نه‌ رێککه‌وتن، چونکه‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ نه‌وت ته‌سلیم بکات، لایه‌نه‌ شیعه‌کانیش هیچ متمانه‌یه‌کیان به‌ حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ماوه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار