له‌ئه‌مریکا ژماره‌ى توشبوان به‌ کۆرۆناى نوێ له‌ زیادبوندایه‌ و هۆشدارى ده‌درێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی ئەمریکا رایگەیاند سێ جۆری کۆرۆنای گۆڕاو دۆزراونەتەوە ژماره‌ى توشبوان به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌ و له‌مه‌ترسى نزیک ده‌بینه‌وه‌.

دکتۆر رۆشێل واڵێنسکی، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی وتی: "زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاو لە ئەمریکا هەڵگری ئەو جۆرەن کە بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا دۆزرابووەوە و ژماره‌ى توشبوان به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌ و له‌مه‌ترسى نزیک ده‌بینه‌وه‌".

بەڵام سێ لە تووشبووان هەڵگری ئەو جۆرەن کە لە ئەفریقیای باشوور دۆزراوەتەوە کە لە جۆرەکانی دیکە ترسناکترە و یەکێکی دیکەیشیان هەڵگری ئەو جۆرەیە کە یەکەمجار لە بەرازیل دۆزرابووەوە

ئەو جۆرە کۆرۆنایەی کە یەکەمجار لە بەریتانیا دۆزرایەوە، خێراتر لەوانی دیکە بڵاودەبێتەوە و بڕوا دەکرێت کوشندەتربێت، بەڵام جۆرەکەی ئەفریقیای باشوور تەنانەت نیگەرانیی گەورەتری بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە گومان و ئاماژە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە رەنگە ئەو ڤاکسینانەی تاوەکو ئێستا دروستکراون نەتوانن رێگری لە پەتاکە بکەن.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی سەرنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات کە هەر کاتێک ڤاکسینیان بۆ دابینکرا بە زووترین کات وەریگرن و جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کاتی شلکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکانی وەکو بەستنی ماسک نەهاتووە. 

بەپێی ئاماری سەرنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی رابردوو ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاو گەیشتە 471 کە لەو ژمارەیە 467 کەسیان لە جۆرەکەی بەریتانیا بوون.

ئەمریکا لەڕووی ژمارەی تووشبوون پلەی یەکەمی ریزبەندیی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی لە جیهان گرتووە، بەپێی ئامارەکانی وۆڵدۆمیتەر تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی 27 ملیۆن و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 454 هەزار و 213 کەس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار