زەریف: ئەمریکا نیازپاکی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان بدات ئێران دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئەمریکا نیازپاکی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان بدات، ئێران دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە و نیازپاکی خۆی دەسەلمێنێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند: " ئەگەر ئەمریکا نیازپاکیی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان بدات، ئێران دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە و نیازپاکیی خۆی دەسەلمێنێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: .دەتوانرێت میکانیزمێک بۆ هاوئاهەنگی کردنی گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دیاریی بکرێت و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش چاودێریی بکات.

جۆ بایدن پێش دەستبەکاربوونی رایگەیاند کە دەگەڕێتەوە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەو بارەیەوە نەنراوە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئەمریکا کاتێکی بێسنووری نییە بۆ گەڕانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

لەو بارەیەوە محەممەد جەواد زەریف دەڵێت: ئێران چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەرناکات، بەڵکو چاودێرییەکانیان سنووردار دەکات، ئاژانس زۆرجار لێکۆڵینەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە و ئێران ئەوانە سنووردار دەکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سنووردارکردنی چاودێرەکان پێشێلکردنی پابەندییەکانیان نییە، بەڵکو بەشێکە لە کەمکردنەوەی پابەندییەکان.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لەبارەی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئەمریکا خوازیاری گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانە، بەڵام بە مەرجێک کە ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی ماوەدرێژ و بەهێزتر کە هەموو بابەتەکانی دیکەش لە خۆبگرێت بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەنتۆنی بلینکن ئاماژە بەوە دەدات: ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی، تەنیا چەند هەفتەیەک مەودای دەبێت تاوەکو ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی، بەرهەم بێنێت.

بەپێی یاسایەکی پەرلەمانی ئێران، حکومەتی ئەم وڵاتە لە 3 هەفتەی دیکەوە پابەندییەکان بە رێککەوتنی ئەتۆمی کەمتر دەکاتەوە، یەکێک لەوانە کەمکردنەوەی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.

رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆکرا کە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران و ئەو وڵاتە بەرنامە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و رێگە بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدات، چاودێری بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکاندا بکەن.

لە ساڵی 2018  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە مەبەستی  رێککەوتنێکی باشتر، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و خولێکی نوێی گەمارۆی لەژێر ناونیشانی "ئەوپەڕی گووشار" بەسەر ئێراندا سەپاند.

عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو هۆشداری بە ئەمریکا دا و وتی: دەرفەتی ئەمریکا و تەنانەت ئەوروپاش بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان بە رێککەوتنی ئەتۆمی سنوودارە.

لە لایەکی دیکەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دەبێت هەموو ئەو گەمارۆیانە کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵگیرێنەوە، واتە تەنیا واژۆیەک بەس نییە، بەڵکو دەبێت نیشانەکانی نەمانی گەمارۆکان ببینین.

لە گەمارۆکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ رێژەی هەناردەکردنی ئێرانی بۆ کەمترین بڕ دابەزاند، سەعید خەتیبزادە لەو بارەیەوە رایگەیاند: دەبێت ئێران بەئاسانی بتوانێت نەوت بفرۆشێت، پارەکەی وەرگرێتەوە و بیمە دڵنیایی بۆ بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار