سه‌درییه‌کان: مه‌ترسى هێرشى داعش هه‌یه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌ره‌وشى ئه‌منى به‌غدا نائارامه‌ و له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ هێزه‌کانى سه‌رایا سه‌لامى سه‌ر به‌ ره‌وتى سه‌در له‌ شه‌قامه‌کانى به‌غدا و نه‌جه‌ف و چه‌ند شارێکى دیکه‌ى باشور و نێوه‌ڕاستى عێراق بڵاوه‌یان پێکراوه‌ به‌هۆى مه‌ترسى هێرشى چه‌کدارى داعشه‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ى شوباتى 2021، میاکادنى عێراق بڵاویانکرده‌وه‌ که‌ ره‌وتى سه‌در ئاشکرایانکردووه‌ هۆکارى بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌کانیان په‌یوه‌ندى به‌ بوونى هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌کداره‌کانى داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ر چه‌ند شارێک و شوێنه‌ پیرۆزه‌کان.

هه‌روه‌ها سه‌فا ته‌میمى وته‌بێژى میلیشیاکانى سه‌رایا سه‌لام رایگه‌یاند:" ئه‌م بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌ بۆ پارێزگارى پارێزگا هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه‌کانه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌".

ته‌میمى راشیگه‌یاند پلانێکیان ئاشکراکردووه‌ که‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ کردنه‌ ئامانجى چه‌ند ناوچه‌یه‌ک، بۆیه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌کانیشدا هه‌یه‌ بۆ رێگرتن و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی.

لاى خۆیه‌وه‌، مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌کداره‌کان له‌ په‌یامێکدا له‌ تویته‌ر نیگه‌رانى خۆى له‌بڵاوه‌پێکردنى ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربڕی

مسته‌فا کازمى نوسیویه‌تى:" بنیاتنانه‌وه‌ به‌ رێگا گرتن و ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر ره‌مزه‌کان و لێدان له‌ دامه‌زراوه‌کان نابێت، به‌ڵکو به‌ پشتگیرییان ده‌بێت، بۆیه‌ سازش ناکه‌ین له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت".

ئه‌مه‌ جارى یه‌که‌م نییه‌ میلیشیا شیعه‌کان ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانى شاره‌کانى عێراق، له‌ ماوه‌ى رابردوو جارێکى دیکه‌ میلیشیاکانى عه‌سائیب رژانه‌ شه‌قامه‌کان و له‌ پێکدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان نزیکبوونه‌وه‌. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار