د.عالیه‌ فه‌ره‌ج: لێدان له‌ مامۆستاكه‌ی هه‌ولێر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌رونى خوێندكار ده‌بێت

7 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
مامۆستایه‌كى زانكۆ له‌باره‌ى شه‌ق وه‌شاندنى یه‌كێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ مامۆستاكه‌ى هه‌ولێر، رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و شه‌ق وه‌شاندنه‌، له‌ رووى ده‌روونییه‌وه‌ كاریگه‌رى خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر بارى ده‌روونى خوێندكار و رۆڵى مامۆستا له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و شه‌قه‌، به‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌موو په‌روه‌رشیارێك دراوه‌.


د. عالیه‌ فه‌ره‌ج، پسپۆڕى كۆمه‌ڵناسى و مامۆستاى زانكۆى سلێمانى له‌ لێدوانێكى دا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند "وێنه‌ى مامۆستا وێنه‌یه‌كى پیرۆزه‌ له‌ زیهنى تاك به‌ تاكى كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و شه‌قه‌ى له‌و مامۆستایه‌ دراوه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌، ته‌نها شه‌ق وه‌شاندن نییه‌ له‌و مامۆستایه‌، به‌ڵكو شه‌ق وه‌شاندنه‌ له‌ هه‌موو په‌روه‌رشیارێك"


وتیشى "ئه‌و رووداوه‌ وه‌كو درزێك وایه‌ كه‌ كه‌وتبێته‌ رۆڵى مامۆستا له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه‌ رێگه‌ خۆشده‌كات كه‌ كه‌سانى ترئه‌و درزه‌ زیاتر بكه‌ن و رۆڵى مامۆستا به‌ كه‌م بگرن و هه‌ركات ویستیان ئه‌و ره‌فتاره‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌"


ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌و رووداوه‌ چى گاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر ده‌روونى خوێندكار جێده‌هێڵێت وتى"مامۆستا پێشه‌نگه‌ بۆ خوێندكار، به‌تایبه‌ت خوێندكارى مناڵ، كاریگه‌رییه‌كى خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر ده‌روونى و پله‌و پایه‌ى مامۆستا له‌له‌لاى خوێندكار داده‌به‌زێنێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ (18) ساڵ، كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت"


هه‌فته‌ى رابردوو، له‌خۆپیشاندانه‌كانى مامۆستایانى ناڕازى له‌ شارى هه‌ولێر، دیمه‌نى شه‌قتێهه‌ڵدانى مامۆستایه‌كى به‌ته‌مه‌ن له‌لایه‌ن یه‌كێك ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك كاردانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا. به‌شێك له‌ به‌كارهێنه‌رانى فه‌یسبووك، ره‌خنه‌یه‌كى زۆریان له‌ كاربه‌ده‌ستانى هه‌ولێر گرت، به‌وه‌ى له‌به‌ر چاوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و له‌پاڵ ئه‌واندا، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر مامۆستایان و سوكایه‌تییان پێكراوه‌. 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار