پەیامەکەی ئەمەریکا بۆ بەرپرسانی هەرێم

4 ساڵ لەمەوپێش



هیوا سەید سەلیم

  دوای هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمەریکا، و دەستبەکاربوونی ئیدارەی تازە لە کۆشکی سپی،  و خوولی تازەی حوکمی دیموکراتەکان لەو وڵاتە، پرسی سیاسەتی دەرەوە بەگشتی  و لە ناویشیاندا چاودێری کردنی مافی مرۆڤ و ئازادی بیرورا لە جیهان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بە تایبەتی بابەتی  ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری راگەیاندن بۆتە رۆژەڤ دیموکراتەکان.
لەو بارەیەوە، لە ماوەی تەنیا دوو مانگی دەسەڵاتی دیموکراتەکان، ئەمەریکا زیاترلە پەیامێکیان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ناردووە،  کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری بابەتی ئازادی بیروڕا و رەوشی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
شایانی باسە، پەیامەکانی ئەمەریکا لە رێگەی دیداری ڕاستەوخۆی نێردە دبلۆماسیەکانی ئەو وڵاتە گەیەندراوەتە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارجاریش بە تەلەفۆن و نووسراوە بووە. هەموو ئەو پەیامانەش  دوای ئەوهات کە ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووس لە بادیانان دەستگیرکران و تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەکرا و بەشێکیان حوکمی دادگایان بەسەر سەپێندرا.
 دوایین پەیامیش کە میدیای نزیک لە حکومەتی هەرێم تەنیا ئەو بەشەی لێ بڵاوکردەوە کە لە بەرژەوەندیەتی، ئەو ڕاگەیەندراوە بوو کە کۆنسڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رۆژی ٢٤ شوبات دوای دیداری باڵوێزی گشتی ولاتەکەیان (ماسیۆ تۆلەر) بڵاویکردەوە.  کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەو تەوەرانەی کە باڵوێز لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ باسی لێوەکردووە.
ئەگەر بەوردی لە راگەیەندراوەکەی کونسلخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بڕوانین، تێدەگەین کە ئەمەریکا پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی هەڕێمی کوردستان  ناردووە. کە لە پاڵ پشتیوانیان بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، داخوازیان بۆ  یەکڕیزی نێوان پارتی و یەکێتی، هەروەها ئەمەریکا جارێکی دیکە جەغت لە لە ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ئەم پەیامەی باڵوێزی ئەمەریکا لە کاتێک دایە کە پرسی داگاییکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان نەک هەر پێک‌هێنەرە سەرەکیەکانی کابینەی نۆی (پارتی –یەکێتی- گۆڕان) بەسەر دوو بۆچوونی جیاواز دابەشکردووە،  بگرە لە نێوان سێ سەرۆکایەتیەکەش (هەرێم، حکومەت، پەرلەمان)، و ناوخۆی پارتی، هەروەها دەسەڵات و شەقامیش  خوێندنەوەی جیاجیا بۆ پرۆسەی دەستگیرکردن و ندادگایکردنی ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکرێت. 
شایانی باسە پێشتریش نووسینگەی راگەیەندنی بالوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، لە راگەیەندراوێکیان باسیان لەوەکردبوو کە (ئەوان لە نزیکەوە چاودێری پرسی دەستگیرکردن، و دواتر دادگایکردنی رۆژنامنەنووس و چالاکوانانیان کردووە و ئەو بابەتەشیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باس کردووە).
ئەگەرچی بابەتی ئازادی بیروڕا و کاری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بۆتە جێگای تێبینی، بەتایبەت  لە لایەن وڵاتانی پەیوەندار بە پرسی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، لەو چەند رۆژەی دوایدا،  کۆبونەوەی نێردەی وڵاتانی ئەورپی لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان،  تایبەت بەو پرسانە،  بەشێکن لەو فشارانە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەنرێن تا رێز لە ئازادی بیروڕا بگیرێت.
هەروەها  لە پاڵ هەموو ئەو هەوڵە دەرەکیەکانەدا  بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، پرسی دادگایکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادیانان  لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش زۆرترین رەخنە و ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە، ،  بەڵام هێشتان بەرپرسان لە هەرێمی کوردستان نەک دان بەو کێماسیانە نانێن، بگرە نکۆڵی لەوە دەکەن کە ئەوانەی دەستگیرکراون لە بادینان رۆژنامەنووس و چالاکوان بن!!
دواجار دەڵێین دەبێت بەرپراسانی بڕیار بەدەست لە هەڕێمی کوردستان،  تێبینی و پەیامەکانی وڵاتان بە تایبەت پەیامی ئەمەریکا بەهەند وەربگرن، تا لەوە زیاتر ناو و ناوبانگی ئەو هەرێمە نەکەوێتە ژێر پرسیاری ئەو وڵاتانە و رای گشتی،  بە تایبەت لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری راگەیاندن.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار