نوسینگه‌ى عه‌لى سیستانى به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌نوسینگه‌ى عه‌لى سیستانی، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان رایگه‌یاند، له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى نێوان عه‌لى سیستانى و پاپا فرانسیس پاپاى ڤاتیکان باس له‌و ئاسته‌نگییه‌ گه‌ورانه‌ کراوه‌ که‌ روبه‌ڕوى مرۆڤایه‌تى بونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى ئازارى 2021، نوسینگه‌ى عه‌لى سیستانی، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان له‌راگه‌یه‌نراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، عه‌لى سیستانى پێشوازى له‌ پاپا فرانسیس پاپاى کاسۆلیکى و سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى ڤاتیکان کردووه‌، له‌دیدارێکدا باس له‌و ئاسته‌نگییه‌ گه‌ورانه‌ کراوه‌ که‌روبه‌ڕوى مرۆڤایه‌تى له‌م سه‌رده‌مه‌دا بونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوه‌ر به‌ خوا، په‌یامه‌کانى و پابه‌ندون به‌ بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌ به‌رزه‌کان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌" سیستانى له‌و دیداره‌دا باسى له‌و گرفتانه‌کردوه‌ که‌ له‌زۆرێک له‌وڵاتاندا بونى هه‌یه‌ له‌وانه‌ش سته‌مکاری، هه‌ژاری، سته‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازى ئاینی، پێشێلکردنى ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان و نه‌بونى دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی".
هاوکات سیستانى ئاماژه‌یکردووه‌  به‌وه‌ى زۆرێک له‌گه‌لانى ناوچه‌که‌ به‌ده‌ست جه‌نگ، توندوتیژی، ئابڵوقه‌ى ئابورى و هه‌ڵمه‌ته‌کانى کۆچپێکردن ده‌ناڵێنن، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا دۆخى گه‌لى فه‌ڵه‌ستین له‌سه‌ر خاکى داگیراویدا.

نوسینگه‌ى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو سیستانى باسى له‌کاریگه‌رى رێبه‌رانى ئاینیى کردووه‌ بۆ سنوردانان بۆ نه‌هامه‌تییه‌کان به‌ گرتبه‌رى چاره‌سه‌ره‌ دانایى و عه‌قڵانییه‌کان له‌جێگه‌ى شه‌ڕو ناکۆکی و داواى چڕکردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌کانى کردووه‌ بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و هاوسۆزى مرۆڤایه‌تى له‌سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاکاندا له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌بیروبۆچون و ئاینه‌ جیاوازه‌کان.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار