كۆمسیۆنی ئه‌وروپا: ڤایرۆسی كۆرۆنا کاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر مافه‌كانی ژنان هه‌بووه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

كۆمسیۆنی ئه‌وروپا رایگه‌یاند: كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر مافه‌كانی ژنان له‌ئه‌وروپا و جیهان هه‌بووه‌.

كۆمسیۆنی ئه‌وروپا له‌راپۆرتێكدا به‌بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی  رۆژی جیهانی ژنان، راشیگه‌یاند كه‌ ژنان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ده‌بن و زۆرترین ئێش و ئازاریش رووبه‌ڕووی ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌.

ڤێرا یۆرۆفا، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ ئاماژه‌یداوه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی یه‌كسانی له‌نێوان ژن و پیاودا له‌وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه‌داو وتی: پێویسته‌ له‌سه‌ر كاركردنمان له‌پێناو هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی به‌رده‌وام بین، وتیشی: یه‌كێتیی ئه‌وروپا پرسی ژنی كردۆته‌ پێشه‌نگی به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ لێكه‌وته‌كانی په‌تاكه‌.   

راپۆته‌كه‌ی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌  كه‌ په‌تای كۆرۆنا كێشه‌ی نایه‌كسانی له‌نێوان پیاوان ژناندا له‌سه‌رجه‌م كایه‌كان و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌یدا قووڵتر كردۆته‌وه‌، روونیشی ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێك له‌و كێشانه‌، ئه‌و شه‌پۆلی توندوتیژییه‌یه‌ كه‌ ڕووی له‌وڵاتان كردووه‌، له‌نموونه‌ی ئه‌و ڵاتانه‌ش، وڵاتی فه‌ڕه‌نسایه‌ كه‌ ته‌نها له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رانسه‌ریدا، حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی به‌ڕێژه‌ی 32% به‌رزبۆته‌وه‌) هه‌روه‌ها له‌وڵاتی لیتوانیا، له‌سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رانسه‌ریدا، توندوتیژی به‌ڕێژه‌ی 20% به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

پێش هاتنی رۆژی جیهانی ژنان له‌جیهاندا، كۆمسیۆنی ئه‌وروپا كه‌ ئۆرسۆلا ڤۆن دیر لاین سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ ژنان له‌بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌شدار ده‌بن، له‌ 87 وڵاتدا له‌ 85%ی تیمه‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پیاوان سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، كه‌17 وڵاتیان ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار