ئه‌رێ پاپا پرسیارێک!؟
زاگرۆس هیوا
4 ساڵ لەمەوپێش
زاگرۆس هیوا
ته‌شریفتان هێنا بۆ ئه‌م ئاو و خاکه، بۆ خاکى کورد و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن و ئاسوور و سریان و که‌لدان و تورکمان بۆ خاکى موسڵمان و ئێزیدى و کاکه‌یى و یه‌هودى و کریستیان. به خه‌یر بێن، پا و قه‌ده‌متان به سه‌ر سه‌ر و سه‌ر چاو. رێزى بێ پایان. ئێمه هه‌میشه قه‌درى میوان ده‌گرین.
به‌ڵام!
به‌ر له قه‌داسه‌تى جه‌نابتان میوانێکیتر لێره بوو. ئه‌گه‌ر له بیرتان مابێت سی(30) ساڵ به‌رله‌وه‌ى که قه‌داسه‌تى جه‌نابت ته‌شریف بفه‌رموون، هاوکیشێکى جه‌نابتان که مام Bushیان پێده‌گوت، به بێى ئه‌وه‌ى له درگا بدات، به تۆماهاوک و فڕۆکه و تۆپه‌وه خۆى کرد به ژووردا. هه‌روه‌ک جه‌نابتان ئه‌ویش له هه‌مان رۆژ و به‌رواردا هاتبوو، پێنج رۆژ زووتر یان ده‌رنگ جیاوازییه‌کى وه‌هاى نییه. وه‌ک ئێوه، ئه‌ویش هه‌ر له شارى ئۆره‌وه ده‌ستى پێ‌کرد. به‌ڵام نه به ویرد و ئایینه‌وه، به‌ڵکۆ به شه‌ێ و شوره‌وه. چى هه‌بوو ته‌ختى کرد. ده‌یگوت به دواى بۆمبى ئه‌تۆم دا ده‌گه‌ڕێم، له بۆمبى ئه‌تۆم خراپترى پێ‌کرد. وه‌ک بڵێى ئه‌مه‌مان به‌س نه‌بوو، کوڕه‌که‌ى له‌و خراپترى کرد، سه‌د ره‌حمه‌ت له بابی. که‌مى مابوو بڵێى ئه‌مه شه‌ڕى خاچپه‌رستانه. پێم وابێ وتیشی. که بینیتم له مۆسڵ ئاوا له په‌ناى که‌لاوه خاپووره‌کان دوعا ده‌خوێنیت، ترسام. ترسام له‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رکه‌ى که ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێره ده‌یده‌ن به وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینی، ده‌سه‌ڵاتدارانى لاى ئێوه‌ش هه‌مان رۆڵیان به قه‌داسه‌تى جه‌نابت دابێت. چۆنکه ده‌تناسم، بینیم چۆن له کاتى داگیرکردنى عه‌فرین دا، له سه‌ر ناوى ترامپ و پۆتین مه‌دالیاى "فریشته‌ى ئاشتی"تان خه‌ڵاتى ئه‌ردۆغان کرد. ترسام بۆش و بلێر و ترامپ ئێوه‌یان بۆ ئه‌م ئه‌رکه ناردبێت: " ئێمه کۆمه‌ڵکوژیانمان کرد، تۆش بڕۆ فاتیحه‌یه‌ک به سه‌ریاندا بخوێنه، به سه‌ر مۆسڵ و نه‌ینه‌وا و حه‌له‌بدا، به سه‌ر عه‌فرین و سه‌رێکانى و شه‌نگالدا ". فاتیحایه‌ک دواى سى ساڵ له شه‌ێ و وێرانکاری. ئه‌وه‌نده‌ى له بیرم بێت کاتى خۆى لاى ئێوه‌ش شه‌ڕێک هه‌بوو، ئه‌ویش هه‌ر سى ساڵى خایاندبوو. با باسى هه‌ولێر نه‌که‌م، ئاخر قه‌سابى عه‌فرین هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ى قه‌داسه‌تى جه‌نابتان قه‌ده‌م ره‌نجه فه‌رموون، به فه‌رمانى ئه‌ردۆغان، له‌سه‌ر هه‌مان فه‌رشى سوور به هه‌مان وه‌فده‌وه پێشوازى لێ‌کرا! ناتانه‌وێت ئایینێکیش له شه‌نگال به‌ڕێوه‌ببه‌ن؟ یان چاوه‌روان ده‌مێنن خاوه‌نى مه‌دالیاى " فریشته‌ى ئاشتی" هاوشێوه‌ى عه‌فرین سوره‌تى "فه‌تحی" بۆ بخوێنێت ئه‌مجا قوددوسى به‌ڕێزتان ته‌شریف ببه‌ن و فاتیحه‌ى کۆتایى به سه‌ریاندا بخوێنن؟
با کاتتان نه‌گرم، راستى پرسیارێک!!!؟
ئێوه له‌وپه‌ڕى دونیاوه هاتن بوونه میوان، سێ رۆژ هه‌موو خه‌ڵکى ئه‌م ئاو و خاکه له خزمه‌تى قه‌داسه‌تى ئێوه‌دا بوون. ئه‌رکمانه، منه‌تى ناوێت. خۆشه‌ویستى میوان لاى ئێمه هه‌موو شتێکه. ئه‌گه‌ر له بیرتان مابێت 23 ساڵ له‌مه‌وپێش میوانێک لێره‌وه بۆ لاى ئێوه هاتبوو. ئه‌ویش رۆڵه‌یه‌کى ئه‌م ئاو و خاکه بوو. ناوى ئۆجه‌لان بوو. له ده‌ستى فیرعه‌ونه‌کانه‌وه په‌ناى هێنابووه به‌ر ماڵه‌که‌ى ئێوه. ئه‌ویش وه‌ک ئێوه کۆترى ئاشتى به‌ده‌سته‌وه بوو. په‌یامى بۆ قه‌داسه‌تى ئێوه‌ش ناردبوو. ئه‌و په‌یامه‌تان هاته به‌ر گوێ؟ ئه‌ى وڵامتان چى بوو؟ ئاخۆ له بیرته چیتان به‌سه‌ر هێنا؟ ناردتانه ئه‌فریقیا، له‌ویێ له خاچتاندا و ته‌سلیمى فیرعه‌ونه‌کانتان کرده‌وه. که لێره بووى هێچ ئه‌وت وه‌بیر هات؟ هیچ گوتت ئه‌وه 23 ساڵه ئۆجه‌لان له ژوورێکى تاریکه و تا ئێستاش دڵى بۆ ئازادى و ئاشتى لێده‌دات؟ ئه‌ى ناته‌وێ په‌یامێک بۆ ئه‌ویش بنێری؟ یان هاتبووى ئۆجه‌لانمان له‌بیر ببه‌یته‌وه؟ هه‌رگیز!!!
پاپا مه‌ڕۆ، ئێره ماڵى خۆته، ماڵى پێغه‌مبه‌رانه. لێره بمێنه‌وه، عیسا لێره‌یه، ئه‌وه‌تا له ئیمرالى له خاچیان داوه. له ناو هه‌مان ئه‌و ئاوه‌ى که یۆنسیان فڕێ‌دا ناوی. سه‌ردانێکى چیاکانى کوردستان بکه، پڕن له مه‌ریه‌م، به خوێنى گه‌شیان ئازادى ده‌ئافرێنن. موساش هه‌ر لێره‌یه، قه‌ومه ئینکاره‌که‌ى نابینی!؟ به‌ڵام ئه‌و سه‌برى ئه‌ییوبیشى پێیه و پێکه‌وه‌ژیانى مه‌دینه بۆنیاد ده‌نێت. ئه‌گه‌ریش ده‌ڕۆیت، به‌خه‌یر بچیت. سڵاومان بگه‌ینه عه‌زیز پاوڵ و گالیله و ئه‌دۆرنۆ. گرامسچى له بیرت نه‌چێت. ئه‌گه‌ر جارێک دى ته‌شریفت هێنا بۆ ئه‌م ئاو و خاکه، له ئۆره‌وه نا، له ئۆرفاوه وه‌ره، له ماڵى ئیبراهیمه‌وه وه‌ره و ببه میوانى ئۆجه‌لان. خه‌مت نه‌بێ، ناونیشانه‌که راسته. شه‌رم مه‌که، ئه‌و لێبۆرده‌یه.