سیستەمی جووت پانتایی

یەک مانگ لەمەوپێش



 

سه‌ردار عه‌زیز

هەموو ئەوانەی کاریان لەسەر کورد کردوە، بەتایبەتی بیانییەکان، هەرزوو رووبەڕووی راستییەکی ئاڵۆز بوونەتەوە ئەویش، لەکاتێکدا کورد لەگەڵ ئەوانیتردا دەجەنگێت، لەهەمانکاتدا لەگەڵ خۆیدا دەجەنگێت. ئەم جوت بەرەییە وەهایکردووە کەهەندێک خەسڵەتی دیاریکراو بەرامبەر بەکورد بەرهەم بێت لەئەدەبیاتی کوردناسیدا، بۆ نموونە کورد خەڵکانێکن کەناتوانن پێکەوەبن، ناتوانن یەکێتی و یەکبوون لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن. بەشی هەرە زۆری مێژوویان بریتیە لەشەڕی یەکتری، ئەم دژایەتیکردنی یەکترییە لەم ماوەیەی دواییدا گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک، بەجۆرێک دەتوانین باس لەهەڵوەشانی کۆمەڵگای کوردی بکەین. دیارە یەکبوون و پێکەوەیی دۆخێکی سروشتی نیە، وەک چۆن پەرتەوازەیی دۆخێکی سروشتی نیە، بەڵکو هەردوو دۆخی بەرهەمهێنراون، بەڵام جیاوازییان لەئەوەدایە کە بونیادنان پێویستی بەپلان و نیازو کارکردن هەیە، بەڵام داڕمان رەنگە دەرئەنجامی هەندێک هەنگاوبێت کە نیازەکە داڕمان نەبێت، زۆرجار وڵاتێک یان گەلێک لەمیانەی خەونی بۆ بەهێزبوون دادەڕمێت. یان هێزێک لەهەوڵی بۆ پاوانکردن و کۆنترۆڵکردن دادەڕوخێت.

 لێرەدا کۆمەڵێک پرسیاری سادە هەیە: ئایا بۆچی ململانێی نوخبەی سیاسی دەبێتە مایەی پەرتەوازەیی کۆمەڵگا؟ ئایا بۆچی خراپییەکانی نوخبەی سیاسی نابێتە مایەی ئەوەی کەخەڵک دژایەتی ئەو خراپانە بکەن، بەڵکو کۆمەڵگا سەنگەر لەیەکتر دەگرن؟ ئەم دۆخەی کەڕەنگدانەوەی رەفتارەکانی نوخبەی سیاسییە، کۆمەڵگا خۆی وەک خۆی خاوەن سەربەخۆیی کارو کردارنیە، مایەی نیگەرانیە. بەڵام وەها هەست دەکرێت کە بەتاڵبونەوەیەکی سیحری سیاسییەکان لەهاتنە ئارادایە، بەتاڵبوونەوەی ئەفسانە یان سیحر سەرەتای گواستنەوەیە لەسیاسەتی تەقلیدییەوە بۆ سیاسەتی سەردەم، بەڵام ئەم گواستنەوەیە کات و ئاگایی زۆری دەوێت. هێشتا کۆمەڵگای کوردی هەڵەودانی کاریزماو کەسایەتی بەهێزە، لەبری دەزگاو یاسا،  لەدوای ڕێککەوتنی واشنتۆنەوە لەساڵی ١٩٩٨ شەڕی کوردی کوردی لەباشور رەهەندێکی ترسناکی وەرگرتوە، ئەویش رەهەندی تیرەتۆرییە یان رەهەندی خاکە. هەر یەک لەدوو پارتە سیاسییە چەکدارەکەی هەرێم، کە جوت جەمسەری شەڕی ناوخۆ بوون، دەیانەوێت نەک دەسەڵاتیان بەسەر جەماوەرەکەیاندا هەبێت بەڵکو دەسەڵاتی حزبی وەک دەسەڵاتی دەوڵەتی مامەڵە بکەن و دەسەڵاتیان بەسەر خاک یان پانتاییشدا هەبێت. ئەم جۆرە دەسەڵاتە دەکرێت ناوبنێین، دەسەڵاتی پانتایی کەهەوڵدەدات جۆرێک لەپیادەکردنی دەسەڵات بەرجەستە بکات کەناوی دەنێنین پانتایی من، لەزمانی ئینگلیزیدا هەبوونی دەسەڵات بەسەر پانتاییەکی خاکدا، بۆ کردنی بەپانتایی سەروەر، پێی دەوترێت تێرتۆریالیتی. رەگی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە سەر وشەی تیرۆر کە یانی تۆقاندن. پانتاییەک کاتێک دەبێتە پانتایی کەسێک یان دەسەڵاتێک کەتۆقاندن تیایدا بەکاربێت و ئەگەری هەبێت هەمیشە بەکاربێت. ئەمە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان سیاسەت و توندوتیژییە. بۆیە هەمیشە ئەگەر تیرەتۆری وەها دابنرێت کەپێکهاتەیەکی پەسیڤە، ئەوا تیرەتۆریالیتی کۆمەڵێک تەکنەلۆجیا یان ئامرازی سیاسییە کەخاکێک یان پانتاییەک دەکاتە قەڵەمڕەوی دەسەڵات یان لەخراپترین حاڵدا پانتایی کەسێک.

 ئیستا باشوری کوردستان لەگەرمەی ئەم دۆخەدا دەژی، چۆن توندوتیژی و تۆقاندن بەکاربێت بۆ ئەوەی پانتاییەک ببێت بەپانتایی دەسەڵاتی کەسێک یان گروپێک. کاتێک پانتایی وەها دەبینرێت کە پانتایی کەسێکە، ئەوا بەمۆدێلی سەردەمی دەسەڵات رەهاکان، کەسی خاوەن پانتایی دەبێت هەموو نوزەیەکی جیاواز لەپانتاییەکەیدا ببڕێت هەتا هیچ گومان و نیشانەی پرسیارو دوودڵییەک لەخاوەندارێتی پانتاییەک دروست نەبێت، بۆ ئەم مەبەستە تەکنیک و ئامرازی جیاواز بوونیان هەیە، لەتۆقاندن، وەدەرنان، گرتن، هەتا کوشتن، دەکرێت ئەم پرۆسەیە ناوبنێین پرۆسەی پاکسازی. پاک یەکێکە لەناشیرینترین چەمکە سیاسییەکان. لەڕاستیدا پاک هەمیشە نیشانەیە بۆ نەبوونی دیموکراسی، نەبوونی جیاوازی، تاکڕەویی و تیرۆر. پاک یانی ترسان لەئەویتری پیس، چونکە لەبنەڕەتدا پاک یانی نکوڵیکردن یان شاردنەوەی پیس.

لەدۆخی کوردستاندا ئەم قۆناغە کۆمەڵێک خەسڵەت دەهێنێتە ئاراوە: یەکەم، پەرتبوونی زیاتری هەردوو پانتاییەکە و بوونیان بەیەکەی دژ بەیەک، ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی حوکمڕانی، دۆخی ئابوری و دەستوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان.

دووەم، نەمانی ئازادی، بەڵام بەشێوازی جیاواز، چونکە بنەمای هەردوو پانتاییەکە لەسەر کێبڕکێی سەپاندنی دەسەڵات بونیادنراوە، ئەوا کێبڕکێی نێوان دوو پانتاییەکە نابێتە هۆکاری ئەوەی کەدوو یەکەی جودا دژ بەیەک رکەبەری بکەن و لەئەنجامدا دیموکراسی بێتە ئاراوە، بەڵکو ئەوەی دروست دەبێت رکەبەری سەرکوتکردنی زیاترە.

جێگای سەرنجە لەڕێککەوتنی واشنتۆن لەساڵی ١٩٩٨، کاتێک دوو زۆنی دەچەسپێت، وەک سەرەتایەک بۆ زەمینەسازی بۆ ئاشتی، نوێنەری تورکی لەدانیشتنەکەدا وەها بەهانە بۆ دوو زۆنی دەهێنێتەوە کە بوونی باشە، چونکە دەبێتەهۆی هاتنەئارای دیموکراتی. بەڵام ئەمە رستەیەکی خیتابییە بۆ پۆشینی راستییەکی تاڵ کە بەپەرتەوازەیی هێشتنەوەی هەرێم ئیدارەدانی ئاسانترە.

 سێیەم، ئەم دوو پانتاییە چەندێک پێچەوانەو دژ بەیەک بن، هێندەش لەیەکتر نزیکن، ئەمە دوو سەری هەمان دەسەڵاتە، پێویستیان بەدژایەتییە بۆ ئەوەی بنەمای جودایەکی یەکتر بچەسپێنن، بەڵام هەر ئەو جوداییە بنەمای پێکەوە کارکردنیانە، ئەمە خەسڵەتی سەروەرە لەمێژوو و کەلتوری گەلاندا، جووت سەروەری تاک رەفتار، تەنها لاوازی کۆمەڵگاو خەڵکی لێدەکەوێتەوە، دەبێتە بنەمای دەسەڵاتێک کەهەمیشە نەیارێکی هەیە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و دیموکراسی و ئازادی سەرکوت بکات.

چوارەم، مەرگی خەیاڵی پێکەوەیی. مێژونووسی ئیسرائیلی یوڤاڵ نوا حەریری باس لەخەسڵەتێکی تایبەتی مرۆڤ دەکات کەخەسڵەتی خەیاڵکردنە، مرۆڤ تەنها خەیاڵ ناکات بەڵکو دەتوانێت لەسەر بنەمای ئەو خەیاڵە، یەکە و ئامرازی خەیاڵی بەرهەمبهێنێت و بنەمای پێکەوە کارکردن و پێکەوەیی بهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار