عه‌بادى داواى یه‌کخستنى بۆچونه‌کان ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
‌هاوپه‌یمانى نه‌سر که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات ده‌ستپێشخه‌ریه‌کى ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کرد بۆ یه‌کخستنى بۆچونه‌کانیان و راشیگه‌یاند:"هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کان بکرێت جێگه‌ى قبوڵکردن نییه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ى ئازارى 2021، هاوپه‌یمانى نه‌سر له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند:" به‌رهه‌ڵستى و ناڕازیبون له‌ ئه‌داى کارکردنى حکومه‌ت و ته‌نانه‌ت گۆڕینى حکومه‌تیش له‌ سیستمێکى دیموکراسیدا ئاساییه‌، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستور و یاساو دامه‌زراوه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا".

هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌یه‌نن:"هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کان بکرێت جێگه‌ى قبوڵکردن نییه‌ و ده‌بێته‌ هۆى زیاتر دابه‌شبون و نه‌مانى شکۆى وڵات و زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت".

هاوکات داوا ده‌که‌ن که‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کى نیشتمانیى جددى بێته‌ئاراوه‌ و ڕێککه‌وتنێکى سیاسى بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى بۆچون و ناکۆکیه‌کان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌ گه‌وره‌کانى ده‌وڵه‌ت بکرێت 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌غداى پایته‌خت، گروپێکى چه‌کدارى له‌ژێر ناوى "ربع الله" نمایشێکى چه‌کداریان ئه‌نجامدا و هه‌ڕه‌شه‌ى  بنبڕکردنى سیخوڕه‌کانى ئه‌مریکا و سعودیه‌یان کرد و راشیانگه‌یاند:"ئه‌گه‌ر پشکى هه‌رێمى کوردستان له‌پرۆژه‌یاساى بودجه‌ تێپه‌ڕێندرێت، "هه‌ردو گوێى مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ده‌بڕن".

ئه‌و گروپه‌ چه‌کداریه‌ داواشیکرد، هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ عێراق  بکشێنه‌وه‌ و ئاگربه‌ستى عێراقیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و نرخى 100 دۆلارى ئه‌مریکیش به‌رامبه‌ر بکرێت به‌ 120 هه‌زار دینار.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار