بەشیر حەداد: حكومەتی عێراق داكۆكی لەدابەزاندنی بەهای دینار دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی و حكومەتی عێراقی ئاشكراكرد و رایگەیاند:" حكومەت داكۆكی لە دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریكی دەكات".
كەمێك لەمەوبەر، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی و حكومەتدا، باس لە بەهای دۆلار كرا و زۆرینە بەوە رازی بون نرخی دۆلار وەك خۆی بمێنێتەوە و "حكومەتیش داكۆكی لەسەر ئەوە كرد، كە بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار جێگیردەكرێت و گۆڕانكاری تێدا ئەنجام نادرێت".
ناوبراو راشیگەیاند:"رێكەوتنی هەرێم و عێراق ئاساییە و هەموو دەستكاریكردنێكی دەقی رێكەوتنەكە رەتدەكەینەوە، لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆشدا باس لەو رێكەوتنە نەكرا، بەڵكو چاوەڕواندەكرێت سبەی یەكشەممە تەنها دەنگی لەسەر بدرێت، تا ئێستاش پشكی هەرێم كێشەی نییە و چەند كێشەیەكی دیكەی نێوان لایەنەكان بونەتە هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە".
حەداد ئەوەشی خستەروو ئەگەری هەیە ئەمڕۆ وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و تا جێگیركردنی تەواوەتی و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە لە بەغدا بمێنێتەوە.
هاوكات بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشكرد، دواخستنی زیاتر بودجە لە بایەخ و پێگەی پەرلەمان كەمدەكاتەوە، بۆیە هیوادارین سبەی یەكشەممە سەرجەم لایەنەكان كۆكبن لەسەرئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و چیتر دوانەكەوێت.