ئەوروپاو براندە جیهانییەكان بایكۆتی چین دەكەن بەهۆی پێشێلكردنی مافی موسوڵمانانی ئیگۆرەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەندێك لەبراندە جیهانییە ناودارەكان بایكۆتی چین دەكەن بەهۆی پێشێلكرنی مافەكانی موسوڵمانانی هەرێمی ئیگۆرەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات وڵاتانی ئەندام لەیەكێتیی ئەوروپا رەزامەندییان دەربڕیوە بەسەپاندنی سزا بەسەر چیندا.
یەكێتیی ئەوروپا لەبەرامبەر چەوساندنەوەی موسوڵمانانی ئیگۆر سەركۆنەی چینی كرد. هەفتەی رابردووش، بەریتانیا سزای بەسەر چوار بەرپرسی پەكیندا سەپاند، لەبەرامبەریشدا پەكین سزای بەسەر (10) سیاسەتوان و لێكۆلینەوان و چوار دامەزراوەی ئەوروپیدا سەپاند.
هەریەكە لەبراندی بەناوبانگی H&M براندەكانی NIKE، adidas، uniqlo، چوونە پاڵ ئەو براندە چیهانییانەی رووبەڕووی هەڵمەتێكی توندی چین بوونەتەوە بەهۆی بایكۆتكردنی ئەو لۆكەیەوە كە لەهەرێمیی شینگیانگ بەرهەمدەهێندرێت، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەدا كە (كاری زۆرەملێ) بەسەر موسوڵمانەكانی ئیگۆردا سەپێندراوە.
هەرێمی شینگیانگ لەباكوری رۆژئاوای چین، ئامانجێكی هەمیشەیی هێرشكردنەسەر ئەو مەدەنییانە بووە لەلایەن حكومەتی پەكینەوە، كەدەوترێت پەیوەندییان بەجوداخوازەكان یان موسوڵمانە توندڕەوەكانی ئیگۆرەوە هەیەو چەند لێكۆڵینەوەیەك كەچەند پەیمانگایەكی ئەمریكی و ئوستورالی بڵاویانكردەوە دەریانخستووە، كە بەلایەنی كەمەوە ملیۆنێك كەس لەموسوڵمانە ئیگۆرییەكان خراونەتە سەربازگەكانەوەو هەندێكیان (كاری زۆرەملێ) یان بەسەردا سەپێندراوە، بەتایبەتی لەكێڵگەكانی لۆكەدا.
ئەگەرچی وڵاتی چین دەڵێت «ئەو راپۆرتانە پڕن لەدرۆ» و جەختدەكاتەوە كە ئەو سەربازگانە بریتین لەسەنتەری راهێنانی پیشەیی كەئامانجی هاوكاریكردنی دانیشتوانی ناوچەكەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی كارو دوورخستنەوەیان لەتوندڕەوی، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێكۆڵینەوانە لەسەر (كاری زۆرەملێ) زۆرێك لەكۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ، لەوانە ئێچ ئەند ئێمی سویدی و نایكی ئەمریكی و یونیكلۆی یابانی، لەچەند بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند كە بایكۆتی ئەو لۆكەیە دەكەن كە لەشینگیانگ بەرهەمدێت.
ئەو ناوچەیەش نزیكەی یەك لەسەر پێنجی لۆكەی جیهان لەخۆدەگرێت و زۆرینەی گروپە گەورەكانی بەرهەمهێنانی جل لەوێی دەكڕن.
دەركەوتنەوەی داتاكانی ئەو كۆمپانیایانە، لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی (ویبۆ)ی چینییەوە بوو لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، كە دووبارە بووەوە هۆی مشتومڕ.
بەهۆی ئەوەشەوە كە یەكێتی ئەوروپاو بەریتانیاو ئەمریكاو كەنەدا سزایان بەسەر چیندا سەپاند بەهۆی مامەڵەی ئیگۆرەكانەوە، كێشەكە گەورەتربوو، پەكینیش بەسەپاندنی سزا بەسەر چەند كەسایەتی و كۆمپانیایەكی ئەوروپیدا وەڵامی دایەوە.
یەكەم كۆمپانیا كەچین كردیە ئامانج، كۆمپانیای ئێچ ئەند ئێم بوو، كاتێك چوارشەممەی رابردوو بەرهەمەكانی لەگەورەترین پێگە بازرگانییە ئەلكترۆنییە چینییەكان كێشایەوە، لەكاتێكدا هێشتا دوكانەكانی لەشارەكاندا كراوەن.
رۆژی پێنجشەممەش، مشتومڕەكان زیادیانكرد، كاتێك كۆمەڵێك هونەرمەند و ئەكتەری چینی رایانگەیاند كە پەیوەندییان بە (نایكی و ئەدیداس و یونیكلۆ و كۆفرنس و كاڵڤن ئەند كڵاین) ەوە دەپچڕێنن، بەمەرجێك پێشتر ئەو ئەكتەر و هونەرمەندانە، باڵیۆزی ئەو براندانە بوون.
لەنێویاندا خانمە هونەرمەندی بەناوبانگ تان سونگیون، كە پەیوەندییەكەی لەگەڵ نایكی پچڕاند و وتی كە بەرژەوەندیی وڵات لەسەروو هەموو شتێكەوەیەو دژایەتییەكی توندی هەموو ئەو هەنگاوانەشی كرد كە بەوتەی ئەو «هەوڵدەدات ناوبانگی چین بشێوێنێت».
یەكێتی لاوانی شیوعی سەر بەحزبی شیوعی دەسەڵاتداریش لەڕێگەی ویبۆوە هەڵمەتێكی دژی ئەو براندانە راگەیاند. ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دەستوەردانی حكومی لەهەڵمەتی دژی براندەكاندا.
بەڵام لەوەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی رۆڵی حكومەت، وەزارەتی دەرەوەی چین هەموو دەستوەردان و رۆڵێكی لەو هەڵمەتانەدا رەتكردەوەو هوا چونیینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: «بازاڕەكانی چین بەو جۆرەن كە دەیزانن، پێویستمان بەهەڵمەتی گەورەكردن نییە».
وتیشی: «ئەوەی دڵنیاین لێی ئەوەیە كە چینییەكان رێگا نادەن بێگانەكان سود لەخێر و خێراتی چین وەربگرن و لەهەمان كاتیشدا رەخنەی لێبگرن».
رۆژی چوارشەممە لقی چینی ئێچ ئەند ئێم رایگەیاند، كە ئەوان هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لەخۆناگرن و لەئێستاشدا ئەو بەیاننامەیەی ساڵی پار دەریانكرد، لەپێگە ئەلكترۆنییەكەیاندا لابراوە، وەك ئاماژەیەك بۆ كشاندنەوەی.
هاوكات كۆمپانیای نایكی وەڵامی داواكەی ئاژانسی فرانس پرێسی نەدایەوە لەسەر كۆمێنتی كۆمپانیاكە بۆ بارودۆخەكە.
رۆژی پێنجشەممەش لەڕێگای ویبۆوە ناوی هەندێك كۆمپانیای تر بڵاوبووەوە كە هەمان هەڵوێستیان لەسەر بابەتی لۆكەی شینگیانگ گرتووەتەبەر، لەوانە زاراو گاپ و نیو باڵانس و ڤێلا، كە لەوانەیە هەڵمەتەكەی چین رووبەڕووی ئەوانیش ببێتەوە.
ئیگۆرەكان زۆرینەیان موسوڵمانن و بەزمانێك دەدوێن كە سەر بەخێزانی زمانە توركییەكانەو نزیكەی نیوەی دانیشتوانی شینگیانگ كە (25) ملیۆن كەسن، لەئیگۆرەكانن.