ئێران شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنای راگەیاند

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی ئێران رایگەیاند، لەدوو ناوچەی وڵاتەكەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردووەو دەشڵێت:" توانای نیشتیمانیمان زۆرە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا".

ئەمڕۆ شەممە 3ی نیسانی 2021، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی نیشتیمانی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا رایگەیاند:" لەدوو ناوچەی وڵات شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەستیپێكردوە و ئەگەر پابەند نەبین بەرێكارەكان پێدەچێت ناوچەكانی دیكەش بگرێتەوە".

رۆحانی راشیگەیاند:" لەماوەی سێ ساڵی رابردودا ئێران دو روداوی بەخۆوە بینیوە كە پێشتر رویان نەداوە، ئەوانیش پرسی پەتای كۆرۆنا و شەڕی ئابورییە، لەماوەی 100 ساڵی رابردودا وێنەیان نەبووە".

سەرۆك كۆماری ئێران ئەوەشی دووپاتكردەوە كە توانای نیشتیمانییان زۆرە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا بەجۆرێك مایەی شانازییە، ئەو بابەتەش لەماوەی 14 مانگی رابردودا كاری لەپێشینەی حكومەت بووە.

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە حكومەت لەقۆناغەكانی داهاتودا چوار هەنگاو دەنێت ئەویش بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان و تەواوكردنی پرۆژە ئابورییەكانە.

تائێستا ئێران بەتۆماركردنی یەك ملیۆن و 920 هەزار و 394 حاڵەتی توشبون بەكۆرۆنا لەپلەی یەكەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و رۆژانە زیاتر لە 70 بۆ 80 كەس لەو وڵاتە بە ڤایرۆسەكە گیان لەدەست دەدەن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار