هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتیان لەمانگی رەمەزاندا هەموو پێداویستییەكانیان بەیەكجار نەكڕن
«چەند بازاڕێك دەكرێتەوەو بەنرخی كۆ شمەك و پێداویستییەكان بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت»
4 ساڵ لەمەوپێش
لاڤین مەحمود
بەڕێوەبەری گشتیی لەوەزارەتی بازرگانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان كە لەمانگی رەمەزاندا هەموو پێداویستیەكانیان بەیەكجار نەكڕن و دەشڵێت:» چەند بازاڕێك دەكرێتەوەو بەنرخی كۆ شمەك و پێداویستییەكان بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت».
ساڵانە لەمانگی رەمەزاندا نرخی كاڵاو پێداویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، لەكاتێكدا لیژنەكانی قایمقامیەت بەردەوامن لەچاودێركردنی بازاڕ.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكیدا بەهاوڵاتی وت: « لەگەڵ هاتنەوەی هەر بۆنەیەكدا هاووڵاتیان روودەكەنە بازاڕ بۆ كڕینی شتومەك و پێداویستی خۆیان، بەڵام پێش هەموو شتێك پێش ئەوەی چاودێریی بازرگانی ئێمە بجوڵێندرێت پێویستە كە هۆشیاریان هەبێت كە بەكۆمەڵ نەڕۆنە ماركێتەكان و شت بكڕن، پێویستە هەفتانە بیكڕن».
ناوبراو ئەوەی دووپاتكردەوە كەبازرگانان سروشتێكی وایان هەیە كە زانیان خەڵك رووی تێدەكات كاڵاكانی بەنرخێكی گران دەفرۆشرێت، ئەگەر هاتوو ئەم هۆشیاریەی نەبوو بازرگانەكە كە زانی شمەكەكەی بۆ ساغ نابێتەوە نرخ بەرز ناكاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت ئاگاداری هەرسێ پارێزگاكەیان كردووە كە مەفرەزەكانیان چالاكتر بكەن و سەردانەكانیان بۆ بازاڕ زۆرتر بكەن و ئەو فرۆشیارانەی نرخەكان گران دەكەن لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن « سزای ئابووریمان هەیە بەپێی ئەو كاڵایەی گرانی دەكات لە (50) هەزار دینار تا ملیۆنێك دینار دەبێت».
نەوزاد كامیل، ئەوەشی روونكردەوە كۆگاكان خۆراكی زۆریان تێدایەو پڕن لە خۆراكی جۆراوجۆر، پێویست نیە بەكۆمەڵ بچن بۆ شت كڕین.
لەگەڵ نزیكبوونەوە لەمانگی ڕەمەزان دیاردەی بەرزكردنەوەی نرخی شمەك و خۆراك لەبازاڕەكان سەهەڵدەدات، راوێژكاری بازرگانی هەرێم هۆكارەكەی بۆ زۆربوونی خواستی هاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.
وەسفی خەلیل، راوێژكاری ژووری بازرگانی سلێمانی، بەهاوڵاتی وت: « پێشبینی دەكەین وەك كلتور لەمانگی رەمەزان هەڵپە دەكرێت لەسەر ئەو داواكاریانە، وا دەكات خواست زۆربێت لەسەر شمەكی بازاڕ، بەپێچەوانەشەوە خستنەڕوو كەمبێتەوە، ئەمە هۆكارێكە بۆ گرانبوونی شمەك».
ناوبراو پێشیوابوو ژووری بازرگانی نزیكەی (560) كۆگای دروستكردووە، ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك رووبدات لەبارودۆخی نێودەوڵەتی زۆرترین بڕی خۆراك كۆبكەنەوە.
وتەبێژی سەندیكای كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی دەڵێت:» نرخ لەمانگی رەزامەندا زیاد ناكەین».
عەتا محەمەد وتەبێژی سەندیكای كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی، لەلێدوانێكیدا بەهاوڵاتی وت: «باری دارایی خەڵك باش نیە، بازاڕیش ئێستا لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێگاكان تۆزێك ئاستەنگی بۆ بووە، لەو بڕوایەدا نیم هیچ بەرهەمێك نرخی بەرزببێتەوە».
هەروەها پێشیوابوو لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بەردەوام سەردانی عەلوەی سلێمانی دەكەن بۆ چاودێری كردنی بەرزبوونەوەی نرخ.
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە هەر كەسێك لەمانگی رەمەزاندا نرخی كاڵاكان بەرز بكاتەوە ئەو پارەیەی كە وەریدەگرێت «حەرامە».
حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « مانگی پیرۆزی رەمەزان مانگی سەبرو خۆڕاگری و خودنەویستی و بەخشین و چاكەكردن و یارمەتیدانی هەژارانە، كۆی ئەم واتایانەش پێویستی بە دووركەوتنەوەمانە لەچاوچنۆكی و هەڵپەكردن و وانەی بەرجەستەبوونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی چینایەتی».
ناوبراو وتیشی: « ئەگەر نرخەكانی بازاڕ كەمتر نەكرێتەوە ئەوا حەرامە نرخەكان بەرزبكرێنەوە یاخود كاڵاو خواردنە پێویستییەكان قۆرخ یان ئیحتیكار بكرێت».
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان، ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەركی سەرشانی موسڵمانانە ئاسانكاری بكەن، «لەبەر شەرافەتی ئەو مانگە كەخێركردن تیایدا چەندانەیە نرخەكان كەمبكەنەوەو زیاتر دەستگیرۆیی هەژاران بكەن».