شەنگال هەڵوێستو خەباتی گەریلاكانی پەكەكە لەبیرناكات
سێ ساڵ بەسەر كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لەشەنگال تێدەپەڕێت
4 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز-دهۆک
هێزەكانی سەر بەئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال سوپاسی هەڵویست و كاری گەریلاكانی پەكەكە دەكات كەشارەكەیان لەداعش رزگار كردو دەڵێت:»هەرگیز لەیادیان ناكەین»، سەرۆكی عەشیرەتی قیرانیش دەڵێت:» خزمەت و هەڵویستی پەكەكە چووە ناو مێژوو و هیچ كەسێك ناتوانیت ئەو راستییە بشێوێنێت».
گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لەیەكی نیسانی 2018دا بەفەرمی لەپاش رزگاركردنی شەنگال لەدەستی چەكدارانی داعش هێزەكانی خۆیان لەشنگال كشاندەوە.
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە 3ی ئابی 2014 دەرگایان لەئێزیدیەكان كردەوەو رووەو رۆژئاڤای كوردستان رۆیشتن تا ئێزیدییەكان نەبنە قوربانی دەستی چەكدارانی داعش.
پەكەكە سەرەڕای ئەوەی چەك و پێداویستی سنوردار بووە، بەڵام شەنگالی لەدەستی داعش رزگار كردو بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات (311) گەریلا بۆ پاراستن و رزگاركردنی شەنگال بوونەتە قوربانی.
دەخیل موراد، سەرۆكی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لەناوچەی خانەسووری سەر بەقەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت:»هێزەكانی پەكەكە لەدوای3ی ئابی 2014 بەهانای خەڵكی شەنگال هاتن، كەئەوكات ئێزیدییەكان لەناخۆشترین بارودۆخدابوون ،رێگای رۆژئاڤایان كردەوە بۆ خەڵكی شەنگال، كردنەوەی ئەو رێگایە وەك كردنەوەی دەرگای بەهەشت بوو بۆ ئێزیدییەكان، چونكە لەو رێگایەوە هەزاران ئێزیدی خۆیان گەیاندە رۆژئاڤای كوردستان و لەژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگاربوون».
دەخیل موراد ئاماژەی بەوەشكرد لەسەر سنوری رۆژئاڤای كوردستان و عێراق هێزەكانی پەكەكە بەگەرمی پێشوازییان لەخەڵكی شەنگال كرد ، ئاوو خواردن و هەموو شتێکی پێویستیان بەسەردا دابەشكردن، «هەڵویست و خەباتی ئەوان بۆ ئێزیدییەكان هەرگیز لەیاد ناكەین، بەدڵ و گیان سوپاسیان دەكەین كە بێ بەرامبەر هاوكاریی ئێمەیان كرد، كردنەوەی ئەو رێگایە ئێزیدییەكانی لەگەورەترین مەترسی و كارەساتی مرۆیی پاراست، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ژمارەی قوربانیانی ئێزیدی بۆ دوو ئەوەندە زیاد دەبوون».
سەرۆكی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات، ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەشەڕی داعش و رزگاركردنی شەنگال لەگەڵ هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە پەكەكە روڵێكی یەكجار بەرز یان گێڕاو توانیان زۆر شوێن لەژێر دەستی داعش رزگاربكەن، (311) گەریلا شەهیدبوون و گیانی خۆیان كردە قوربانی بۆ پاراستنی ئێزیدییەكان و رزگاركردنی شەنگال.
«زۆر جار هەندێك لایەن دەڵێن هێشتا هێزەكانی پەكەكە لەشەنگال ماون، بەڵام ئەم قسەیە دوورە لەڕاستی، هێزەكانی پەكەكە لە 2018 بەفەرمی كشاونەتەوە ، ئەوانەی ئێستا لەگەڵ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگالدان هەموویان ئێزیدین و خەڵكی شەنگالن « دەخیل موراد وای وت.
سەرۆكی عەشیرەتی قیران لەناحیەی سنونی سەر بەقەزای شەنگال دەڵێت:» هاتنی پەكەكە هیوایەكی گەورە بوو بۆ ئێزیدییان، خزمەت و هەڵویستی ئەوان تازە چووە ناو مێژوو و هیچ كەسێك ناتوانیت ئەو راستییە بشێوێنێت».
خدر میرزا ، سەرۆكی عەشیرەتی قیران لەناحیەی سنونی سەر بەقەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: «لەكاتێكدا پەكەكە گەیشتنە شەنگال كەئێزیدییەكان لەسەر لێواری مەرگ بوون، لەڕۆژانی 3ی ئابی 2014 و بەدواوە ئێزیدییەكان هاواری خۆیان گەیاندە تەواوی جیهان، هێزەكانی پەكەكە هەرزوو هاتنە شەنگال و هیوایەكی گەورە بوو، ئینجا دوای ئەوە دەرگایەكیان لەسەر سنوری سوریاو عێراق كردەوە، كەئەوە گەورەترین شت بوو كە بۆ ئێزیدییەكان كرا».
ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەنیسانی 2018 پەكەكە لەشەنگال كشانەوە، تەنها هەندێك راهێنەری ئەوان مانەوە، ئەوەش بۆ راهێنانی كوڕو كچانی ئێزیدی كەچوون لەكاتی شەڕدا بەرگریی لەخۆیان دەكەن، كەئەوانیش ژمارەیان (15 تا 20) كەسێك بوو، وتیشی:» خزمەت و هەڵوێستی ئەوان تازە چووە ناو مێژوو و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو راستییە بشێوێنێت، تا لەژیاندا ماوین قەرزاری پێشمەرگەو پەكەكە و خەڵكی كوردستانین، هەموویان جێگای رێزن».
بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر سەر بەقەزای شەنگال، جەخت لەوەدەكاتەوە ئەگەر هاوكاریی پەكەكە نەبوایە بەشی زۆری دانیشتوانی ئێزیدی رزگاریان نەدەبوو.
جەلال خەلەف، بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر سەر بەقەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: «لەهەر سەردەمێكدا هێزێك یاخود لایەنێك بەهانای ئێش و ئازاری ئێزیدییەكان رۆیشتووەو خەڵكیان رزگاركردووە لەكارەسات، باوكی من و تەواوی خێزانەكەم لەو دەرگایە رزگاربوون كە پەكەكە بۆ خەڵكی ناوچەكەیان كردبووەوە، ئەگەر بەهاوكاری ئەوان نەبا بەشی زۆری دانیشتووانی ئێزیدی رزگاریان نەدەبوو».
« لەساڵی 2014 جێگری قایمقامی شەنگال و ئەندامی لیژنەی ئەمنی شەنگال بووم، لەنیسانی 2018 پەكەكە لەشەنگال كشاونەتەوە، كشانەوەی پەكەكەش هەر لەپێناو دروستنەبوونی كێشەو گرژیی لەنێوان هێزەكانی سوپای عێراق كشاونەتەوە»، جەلال خەڵەف وای وت.
بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر سەر بەقەزای شەنگال ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەو هێز و لایەنانەی ئێستا لەشەنگالن «پەكەكە» نین، وتیشی:»رۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەشەڕی دژی داعش هەر بەگەورەیی دەمێنێتەوەو خۆمان بەقەرزاریان دەزانین و هەمیشە جێگای رێزن».