سه‌میر هه‌ورامى: به‌دڵنیاییه‌وه موچه‌ى ته‌واو دابه‌ش ده‌که‌ین
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى جێگیرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه به‌وه ده‌دات چاوه‌رێى جێبه‌جێکردنى یاساى بودجه‌ى عێراقن و راشیگه‌یاند:"مانگانه بۆ موچه پێویستمان به 895 ملیار دیناره، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى به‌غدا ده‌ینێرێت بگاته ئه‌و بڕه له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته ناوخۆییه‌ى ده‌مێنێته‌وه به‌ڵنیاییه‌وه موچه‌ى ته‌واو دابه‌ش ده‌که‌ین". سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران مانگانه پێویستمان به (895) ملیار دیناره، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى له‌به‌غداوه دێت گه‌یشته ئه‌و بڕه پاره‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته ناوخۆییانه‌ى بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه ئه‌وا "به‌دڵنیاییه‌وه مووچه‌ى ته‌واو ده‌درێته مووچه‌خۆران".
ناوبراو وتیشی:» چاوه‌ڕێین یاساى بودجه له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه رێنمایى پێ ده‌ربچێت و بخرێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌ستى حکومه‌تى هه‌رێمدا هه‌بێت موچه‌ى ته‌واو دابه‌ش ده‌که‌ین».
ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌کانى قوباد تاڵه‌بانی، سه‌میر هه‌ورامى وتی:» له‌ماوه‌ى رابردوو دابڕانێک هه‌بوو له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌کان و حکومه‌تى عێراق و کێشه‌ى دارایى هه‌بوو، ئه‌وه‌ى ئێستا به‌شێوه‌یه‌کى باش چاره‌سه‌ر کراوه بۆ ساڵى 2021 که ره‌نگه هه‌ر بۆ ساڵى 2022 به‌م یاسایه‌ى ئه‌مساڵ کاربکرێت».
وته‌بێژه‌که‌ى قوباد تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که له‌ناو یاساى بودجه‌دا مادده‌ى (11) تایبه‌ته به‌پشکى هه‌رێمى کوردستان و رێنمایى پێ ده‌درده‌چێت، وتیشی:"» کاک قوباد هه‌ر له‌به‌غدا پابه‌ندى حکومه‌تى هه‌رێمى دووپاتکرده‌وه بۆ جێبه‌جێکردنى یاساکه‌و داواى له‌حکومه‌تى عێراق و وه‌زیره‌کانى هه‌رێم کرد که پابه‌ندبن به‌یاساکه‌و په‌له بکرێت له‌جێبه‌جێکردنی".
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت ئه‌و داهاتانه‌ى له‌به‌رده‌ست حکومه‌تى هه‌رێمدایه به‌شى موچه ده‌کات.
دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و داهاتانه‌ى له‌به‌رده‌ستى حکومه‌تى هه‌رێمدایه به‌شى موچه‌ى موچه‌خۆران ده‌کات و مانگانه ده‌گاته زیاتر له تریلۆنێک دینارى مانگانه".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ئه‌و بڕه داهاته له‌کاتێکدایه که هێشتا چاکسازى له گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان و رێگرتن له قاچاغچێتى ده‌روازه‌کان نه‌کراوه‌و ناشه‌فافى له داهاته‌کاندا هه‌یه.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆران ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که بزوتنه‌وه‌ى گۆران جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که پێویسته حکومه‌تى هه‌رێم لێبرینى موچه کۆتایى پێبهێنێت، وتیشى:" رێکخه‌رى گشتى گۆران ئه‌وه‌ى باسکردوه که ده‌بێت حکومه‌ت موچه‌ى ته‌واو بداته موچه‌خۆران".