هەولێر و هەرێم بەجنێو ناپارێزرێ

عەبدولرەزاق شەریف

4 ساڵ لەمەوپێش



عەبدولرەزاق شەریف

٭ من نازانم پیاوانی ئاسایش و هەواڵگری هەرێم شەوی کەوتنی درۆنەکەی فرۆکەخانەی هەولێر چۆن و چەندیان ئاگادار و چەن لە خەمی هەولێر و هەرێمەکەدا بون، بەڵام رۆژانی دواتر دەرکەوت کە هەمویان کەمتەرخەم و خەمساردن، وەک هەر روداوێکی تیرۆر یان تەقینەوەی ئاسایی وەریانگرت و وێڵیانکرد، حکومەت و حیزب و پەرلەمانیش بە چەند وتار و بەیاننامەیەکی سەرکۆنەکردن تفی خۆیان کرد و رۆیشتن، هەمو ئەوانەش کە لە بەرژەوەندیان بو بە بکەرەکانیشەوە بە کەریمی تێپەڕین . ئێمە چیمان خوێندەوە !؟ دوای ئەو روداوە چیتر !؟

- هیچ کەس و دەزگا و شوێنێک لە هەرێم ئەمین نیە و ناتوانرێ لە هێرشی درۆنی دوژمنەکانمان بپارێزرێ . - ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکانی هەرێم نەیانتوانیوە و ناتوانن لە مەحکەمترین شوێنی هەولێر کە فرۆکەخانەیە، رێگری لە کاری گروپەکانی هاوکار و پشتیوانی دوژمن بگرن، بە کەماڵی ئیسراحەت لە چەندین شوێنی جیاوازەوە، لە ئان و ساتی تەقینەوەکەدا ( وێنەی ڤیدیۆیی ) یان گرتوە و بڵاوکردۆتەوە . - سەروەری و خاوەندارێتی هەرێمی کوردستان بەدەست هەر دەوڵەتێکەوەیە کە بیەوێت، کورد خۆی نەبێت . - سیستەمی خۆپارێزی لە موشەکی زەمینی و ئاسمانی لە هیچ شوێنێکی هەرێمدا نیە .

- بیانییەکان، خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک سەرزەمینی خۆیان و مەیدانی شەڕی دوژمنەکانی خۆیان ئەبینن و پێناسە ئەکەن .! هاوزەمان هیچ بیر و پرۆژەیەکیان بۆ پاراستنی کورد و زامنکردنی مافەکانی کورد لە عێراقدا نیە . - حەشدی شەعبی و چەکدار و بێ چەکی حیزب و لایەنە عێراقیەکان، لە جەنگ و شەڕی سەرزەمینی کوردستان چ دژی کورد بیکەن یان دژی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەشدار و ئاسودە و خۆشحاڵ ئەبن . - کۆماری ئیسلامی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە پلەیەکی باڵا و دەستی هەڕەشەی بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەستی گفتوگۆی توندتر و بەهێزتر کردوە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەیان ئەمەی بە ئاشکرا رایگەیاندوە . دەزگا دەوڵەتییەکانیتریشیان هەرێمی کوردستانیان لە سەرزەمینی برادەر و دۆستەکانیانەوە گۆڕیوە بۆ سەرزەمینی دوژمنەکانیان . - تورکیە، جگە لەو روبەرەی هێزەکانی خۆیان تیایدا، بە ئازادی جموجۆڵ ئەکەن، هەمو ناوچەکانیتری هەرێمی کوردستان بە مۆڵگەی تیرۆریستان پێناسە دەکات . - هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، بیر لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان لەسەر خاکی عێراق و کوردستان ئەکەنەوە، نەخشەی خۆپارێزی و تەسفیەی نەیارەکانیان، سەرلەبەر گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هەرگیز وەک هەفتەی پێش درۆنە ئاگراوییەکە نابن . هەمو ئەوانە و چیتر ...؟ - ئەبێت دڕدۆنگی و ئاگاداری و هەتا هەڕەشەکانی هەرێم لەمڕۆوە روو لە حوکمدارانی بەغدا بێت، نەک پەیوەندی و نامە گۆڕینەوەی موجامەلە و هاوسۆزی و پێکەوەیی ...

- بە ئاشکرا و راشکاوی لەگەڵ گشت هێزە بێگانەکان، هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، لەسەر پاراستنی ماف و ژیانی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان قسە بکرێت و پەیامی رون و ئاشکرایان پێ بگەیەندرێ و دڵنیایی دەستەبەربکرێ، گەر نا .! داوایان لێبکرێت ئۆردوی سەربازی و هەواڵگریان بپێچنەوە و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن . نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش لەم پەیامە ئاگادار بکەنەوە .

- پرۆژەی نەخشە و پاراستنی سەربازی ئەم نیوە هەرێمەی کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە کوردستانیەکاندا ماوە، بدرێتە دەست ئەفسەرەکانی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و بە پەلە دور لە دەستی حیزبەکان جێبەجێی بکەن . - بە یاداشتێک تەواوی ماف و داواکارییەکانی کورد لەعێراقدا، بە دیاریکردنی سەقفێکی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنیان، لە رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بدرێت بە حکومەتی عێراق .

- تەواوی وەزیر و کاربەدەستەکانی نوێنەرایەتی هەرێم لە عێراقدا بکشێنەوە تا جێبەجێکردنی ئەو یاداشتەی پێشکەشی بەغدا ئەکرێت .

- لە ناوخۆماندا، حوکمڕانی هەرێم لە دەستی گروپێکی گەمژە و نەزاندایە، لەسەریاندراوە و ئەژنۆیان لە گەچ ئەگرن..! بێ ئاگان تەنانەت لە روداوەکانی ناوخۆی کوردستانیش، کە بە ئاگایان ئەهێنیتەوە، لەجیاتی سوپاس، جنێو بارانت ئەکەن ..!! وەک ساڵانی پێشو، وەک دوێنێ و وەک ئەمڕۆش بە قسە و راوێژی چەند دەڵاڵێکی بازاڕی نەوت و هەواڵگری نێونەتەوەیی و بەرژەوەندیخوازی ناوخۆ ئەکەن .! كاردانەوەی ئەم کارە بەوان ناکرێ، شەڕ لەبەر دەرگایە و گەر بەو تاس و حەمامەی پێشو بەردەوامبن، دیسان وەک بەڵاکانی پێشتر و وەک شانزەی ئۆکتۆبەر لە ناوخۆدا، ئەکەونە جنێودان و پەلاماردانی یەکتری و دواجار ئەبێ بڵێین ( بەڵا لەخۆتان ) .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار