خوێندەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە

ئازاد جۆلا- هەولێر

4 ساڵ لەمەوپێش



ئازاد جۆلا- هەولێر

زۆرجار بەر لەهەڵبژاردن رێکخراوەکان یان دەزگاو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بەجۆرێک لەڕاپرسی و خستنەڕووی پێشبینی خۆیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراو، دیارە راپرسی و ئەنجامەکانیش بەپێی کۆمەڵگاکان و بارودۆخی سیاسی وڵاتەکە دەگۆڕێ، لە هەرێمی کوردستان چەندین جار هەڵبژاردن کراوەو بۆ ئەم مەبەستەش زۆر جار راپرسی پێشوەختە ئەنجام دراوە، بەڵام زۆرجار راپرسی و دەرئەنجامەکان وەک پێویست نەبوون یان رەتکراونەتەوەو بەبێ لایەن و پاک و بێگەرد نەناسێدراوە،

من بۆ خۆم هەڵنەستاوم بەئەنجامدانی هیچ راپرسییەک بەڵام خوێندنەوەو بۆچوونی تایبەتی خۆم هەیە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای تازەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپی یاسا تازەکە هەرێمی کوردستان بە سێ پارێزگا دیاریکراوە، هەولێر چوار بازنە و (١٥) کورسی + 1 کورسی کۆتا بۆ کریستیانەکان، سلێمانی پێنج بازنەو  (١٨) کورسی، دهۆک سێ بازنە و (11) کورسی + 1 کورسی کۆتا بۆ کریستیانەکان.

واتە کۆی گشتی ئێستای هەرێم جیا لەناوچەجێ ناکۆکەکان دەکاتە (44) کورسی گشتی و دوو کورسی کۆتای کریستیانەکان،

ئەگەر بەپێی واقعی هەرێم و دۆخی لایەنەکانی هەرێم هەڵسەنگاندنێکی راست و کردەیی و دوور لەسۆزو حەزو ئینتیمای سیاسی بۆ لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامەکانی پێشبینیکراو بکەین رەنگە ئەنجام شتێک بێ و ویست شتێکی تر،

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان کەدابەشکراوە بۆ فرەبازنەو لەهەر بازنەیەکیش چەند کورسیەکی دیاریکراو، لێرەدا لەهەر بازنەیەک ئەو کاندیدانە سەردەکەون کەدەنگەکانیان لەڕیزبەندی پێشەوەیە بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکان لەهەر بازنەیەکدا کەواتە زۆر گرنگە لایەنەکان بتوانن دەنگەکانی خۆیان (چڕبکەنەوە و دابەشی بکەن)،

بەشێوەیەکی گشتی لەهەرێمی کوردستان چوار لایەنی سەرەکی بوون و کاریگەرییان هەیە ئەوانیش:

1 - پارتی دیموکراتی کوردستان

2 - یەکێتی نیشتمانی کوردستان

3 - ئیسلامییەکان بەگشتی

4 - لیبڕاڵ دیموکراتەکان

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان کەدابەشکراوە بۆ فرەبازنەو لەهەر بازنەیەکیش چەند کورسیەکی دیاریکراو، لێرەدا لەهەر بازنەیەک ئەو کاندیدانە سەردەکەون کەدەنگەکانیان لەڕیزبەندی پێشەوەیە بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکان لەهەر بازنەیەکدا کەواتە زۆر گرنگە لایەنەکان بتوانن دەنگەکانی خۆیان (چڕبکەنەوە و دابەشی بکەن)، دیارە بۆ کارێکی لەم شێوەیەش ئەو لایەنە قازانج دەکات و سەردەکەوێ کە بتوانێ زۆرترین دەنگدەری خۆی بنێرێتە سەر سندوقی دەنگدان و پەیامی ئاڕاستەکراوی حزبەکەی جێبەجێ بکات، لێرەدا پێویستە خوێدنەوەیەکی وەکو خۆی بۆ دۆخ و پێکهاتەو شێوازی کارو مامەڵەی لایەنەکان بخەینەڕوو

1- پارتی

لەبەرئەوەی پارتی حزبێکی شموولی و بەدیسپلین و مەرکەزییەو لەهەمان کاتدا خاوەنی خەڵکێکی سوودمەندو گوێڕایەڵ و جێبەجێکارێکی باشە رەنگە لەهەموو لایەنەکان زیاتر بتوانێت ئەم چڕبوونەوەو دابەشکارییە) ئەنجامبدات و ئەم ئەنجامە بەدەستبێنێ کە پلانی بۆ داناوە، چونکە پارتی توانیویەتی خەڵکی خۆی یان دەنگدەری خۆی لەڕێگای پاراستن و گرێدانی بەرژەوەندییەوە بەخۆیەوە ببەستێتەوە، ئەمەش لەدوو ێگاوە، یەکەم / لەڕێگای پێدانی پلەو پۆستی حکومی و کارئاسانی بۆ خەڵک و جەماوەری خۆی و سودمەندبوونی ماددی و مەعنەوی و هەستکردن بە دڵنیایی و شیرینی دەسەڵات لەژێر سایەی پارتی، بێگومان ئەمەیان بۆ سنووری زۆنی زەرد راستەو هەموو کەس هەستی پێدەکات، دووەم / لەڕێگای حزبەوە  ئەویش بەگرنگیدانی پارتی بەکادیرو ئەندام و لایەنگرانی خۆی لەڕووی ماددی و مەعنەوی و سوومەندبوونی خەڵکی خۆیان لەحزب، هەروەها ئاشتکردنەوەی تۆراوان (ئەگەر هەبێ) دیارە ئەم رێگایەیان زیاتر لەزۆنی سەوز پیادە دەکرێ، چونکە لەوێ دەسەڵاتی کارگێڕی کەمتر بەدەست پارتییە، هەروەکو بینیمان سەرۆکی پارتی پێشوازی لەکادرێکی خۆیان کرد کە لەسەیدسادق لەسەر پارتی بوون و لەبارەگای پارتی پەلاماردرابوو هەروەها هاتنە دەنگ و هەڕەشکردن بۆ ئازادکردنی سێ گیراوەکەی ئەم دواییە کە لەسەر بابەتی لێدانی ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق دەستگیرکرابوون، ئەوانەو دەیان نموونەی تر ئەم راستییە دەسەلمێنێ کە پارتی تا چ ئەندازەیەک ئامادەیە بەرگری لەکادرو ئەندامانی خۆی بکات و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێ، ئەمەش متمانەو پەیوەندی و وابەستەیی خەڵک و کادرو ئەندامانی پارتی بەهێزتر دەکات، هەر بۆیەش زۆر بەدەگمەن ڕوودەدات کادرو ئەندامانی پارتی ریزی حزبەکەیان جێبهێڵن و بچنە ریزی لایەنێکی تر، ئەوەش روونە لەناو کورددا بەگشتی هێندەی بەرژەوەندی ئامانجەو بوونی هەیە بابەتی فیکرو ئایدیا بیری لێناکرێتەوە، لەدۆخێکی ئاواشدا بێگومان هیچ کەسێک دژی بەرژەوەندی خۆی ناوەستی و ناخوازێ لێی تێکبچێ، بۆیە پێشبینی دەکرێ پارتی نەک لەهەولێر و دهۆک بەڵکو لەسلێمانیش بەتایبەت دوای رووداوەکانی ئەم دواییەو فرە لایەنی و کوێخایەتی لە زۆنی سەوز پارتی بتوانێ چەند کاندیدێک سەربخات...

2- یەکێتی

لەگەڵ ئەوەی یەکێتی وەک کاریگەرترین و بەهێزترین لایەنی سەر گۆڕەپانەکە دەرکەوت هەر لەگەڵ دامەزراندنیەوە تاشۆڕشی نوێ و دواتریش راپەڕین، بەڵام چونکە پێکهاتەکەی و شێوازی بڕیارو رێکخستنەکانی فرەدەنگ و فرەڕەنگ بوو رێک پێچەوانەی پێکهاتەو شێوازی کاری رێکخراوەیی پارتی بوو، هەربۆیە دەبینین هەمیشە لەناو ریزەکانی یەکێتی مەرکەزییەت و دیسپلینی حزبی زۆر کەم و لاوازە، ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی نەتوانێ بەئاسانی بڕیار بدات و نێوماڵی خۆی توندوتۆڵ و رێکبخات، لەگەڵ ئەمەشدا بۆچوونی جیاواز و تائەندازەیەک ئازادی رادەربڕین و باوەڕبوون بەڕەخنەگرتن وایکردووە هێندەی ببێتە هۆی جۆرێک لەپاشاگەردانی و پەرتەوازەیی هێندە نەبۆتە خاڵی بەهێزی یەکێتی و پتەوکردنی نێوان خەڵک و کادرو ئەندامان لەگەڵ ئۆرگانەکانی یەکێتی، لەلایەکی تریشەوە لەبەرئەوەی یەکێتی هێزی یەکەم نیە لەبڕیار و دەسەڵات نەیتوانیوە لەڕێگای حکومەتەوە بەرژەوەندی زۆربەی کادرو ئەندامانی بەخۆیەوە ببەستێتەوە جگە لەنووخبەیەکی کەم نەبێ، ئەوانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و تێکنەچوون لێیان نەیانتوانیوە داکۆکیکاری خانووە قوڕەکان و هێزی بازووی رەنجدران بن، هەروەها لەڕووی حزبییەوە لەناو یەکێتی تائەوپەڕی پەرتەوازەیی و نیگەرانی و بێئومێدی باڵی کێشاوە بەسەر سەدان کادرو ئەندام و پیشەرگەی کۆن و زیندانی و کەمئەندامی یەکێتی کەئێستا لەماڵەکانیان دانیشتوون و پەراوێزخراون و کەسێک لێان ناپرسێتەوەو پشتگوێ خراون، کاتێک کە دەوروبەری ئەم کادرو تێکۆشەرانەی دوێنێ بەفەرامۆشکراوی دەبیندرێن و نیگەرانن چۆن خزم و کەس و دەوروبەریان پابەند یان شەڕ لەسەر یەکێتی دەکەن؟ یان کادرو تێکۆشەرە دیارەکانی دڵشکاو چۆن بتوانێ خزم و کەس و نزیکەکانی خۆی و خەڵکی تریش هان بدات بۆ سەر سندوقی دەنگدان و کاندیدی یەکێتی؟

ئەمە جگە لەوەی چەندین گرووپ و لایەن و کەسایەتی و باڵ لەیەکێتی جیابۆتەوەو حزب و رێکخراوی تری لێ دروستبووەو بەگشتی دەنگی یەکێتییان بردووە یان پەرتکردووە، بۆیە لەدۆخێکی ئاوادا کارێکی ئاسان نیە بۆ یەکێتی بتوانێ لەزۆربەی بازنەکان دەنگەکانی کۆبکاتەوەو ئاڕاستەیان بکات، بەتایبەت کەخەڵک لەوپەڕی بێئومێدیدایە هەم لەسیستەمی حوکمڕانی، هەم لەشێوازو کاری رێکخراوەیی ناوخۆو هەڵویست و کاریگەری ئێستای یەکێتی، بۆیە پێویستە یەکێتی بەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردن نێوانی خۆی و ئەندام و کادرو لایەنگرانی رێکبخاتەوەو کەمێک یەکدەنگی و مەرکەزییەت بۆ نێوخۆی یەکێتی بگێڕێتەوە،

3- ئیسلامییەکان

لەوەتەی ئیسلامییەکان وەک هێزی سیاسی و رێکخراوەیی لەکوردستان بوونیان هەیە، هیچ کات هێندە بەهێزو باڵا نەبوون ببێتە هۆی نزیکبوونەوەش لەوەرگرتنی دەسەڵات، بەگشتی ئیسلامییەکان لەکوردستان لەباشترین حاڵەتداو هەمووشیان بەیەکەوە هاوکارو هاوپەیمان بن هێشتا لە 17% تێپەڕناکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کەئەوانیش یەکڕیزنین و پەرتەوازەن نەیانتوایوە ببنە شوێنگرەوەی حزبە عەلمانی و دیموکرات و نەتەوەییەکان، ئیسلامییەکان جیا لەپارتی لەلایەکانی تر بە دیسپلین و پابەندترن، ئەمەش بۆ پەروەردەو باوەڕە بەهێزە ئایدۆلۆژەکەیان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئیسلامییەکان بەم حاڵ و شێوازی کارکردن و پەرتەوازەییەی نێوانیان پێشبینی ناکرێ لەچەند بازنەیەکی کەم زیاتر بتوانن کاندیدەکانیان سەربخەن و دەنگی پێویست بەدەستبهێنن،

4- لیبڕاڵ دیموکراتەکان

هەموو ئەم هێزانە دەگرێتەوە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان بوونیان هەیەو بەشدارن لەپروسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەم هێزانە بەجۆرێک پەرتەوازەو رووخاوو لەخەڵک دوورن تەنانەت ناتوانن کۆبوونەوەی ئاسایی رێکخراوەیی خۆشیان ئەنجامبدەن، ئەوان نەک هەر لەپرۆسەی سیاسی سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو رووحی ئۆپۆزسیۆن و متمانەی خەڵکیشیان بەگۆڕانکاری لەناوبرد،

ئەوان هێندە پەش و بڵاوو بێمتمانەبوون، رەنگە بەئاسانی نەتوانن کاندیدیان هەبێ بۆ سەرجەم کورسی بازنەکان نەک دەرچوون، رەنگە ئەم لایەنانە بتوانن سوود لەیاسای هەڵبژاردنەکان وەربگرن بەکاندیدکردنی کەسایەتی دیارو بێلایەنی ناسراوو بەهێز نەک وەک کاندیدو کادیری دیاری حزبەکانیان، بۆیە ئەگەر هەیە لەم رێگایەوە بتوانن لەچەند بازنەیەکی دیاریکراو چەند کاندیدێک سەربخەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار