حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ژینگەش دەبات
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ هاوڵاتی: داهاتی ژینگە بۆ دەستەكەمان ناگەڕێتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
وتەبێژی دەستەی ژینگەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەدات چەندینجار نووسراویان ئاراستەی حكومەت كردووە، بەڵام داهاتی ژینگە لەسەدا (20) بۆ وەزارەتی ناوخۆیەو ئەوی دیكەی بۆ حكومەتی هەرێمە نەك بۆ دەستەكەیان.
ئەحمەد محەممەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەئێستادا هەرسێ رەگەزەكەی ژینگە بە ئاوو هەواو خاكەوە مەترسی پیسبوونی لەسەرە، بەڵام بەپلەی یەكەم هەوایە كەمەترسییەكە لەسەری گەورەترەو زۆربەی بوارەكانی ژیان وادەكات كوالێتی هەوای هەرێم پیس ببێت كە ئەمەش خراپترین جۆری پیس بوونە، پیسبوونی هەوا ئەستەمە و مەترسی دیكەی بەدواوەیە».
وتەبێژی دەستەی ژینگە ئەوەشی روونكردەوە وتیشی:»ئەو بڕە پارەیەی بەناوی ژینەگەوە لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت لەكاتی نوێكردنەوەوی ساڵانەی ئوتۆمبێلدا لەسەدا (20) بۆ وەزارەتی ناوخۆ خەرج دەكرێت و لەسەدا (80)ی دەچێتەوە خەزێنەی دەوڵەت، بەداخەوە هیچ بڕە پارەیەك كەپەیوەندی بەناوی ژینگەوە وەردەگیرێت نایەتەوە لای ئێمە، بۆیە داوامان كردووە ئەو پارانە لەخزمەتی ژینگە خۆیدا خەرج بكرێتەوە».
هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كەچەندین جار نووسراویان كردووە بۆ حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بڕێكی بگەڕێتەوە بۆ ژینگە، وتیشی:»ناكرێت بەناوی ژینگە پارە وەربگیرێت و لەخۆشیدا خەرج نەكرێت، لەكاتێكدا هەزارەها گرفتمان هەیە بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانین ئامێرێكی پێوانەی هەوا یان چالاكییەكان پەرەپێبدەین كە نەبوونی بودجەو پارەی پێویست لەسەدا سەد رێگری پاراستنی ژینگە بووە».
هاوكات وتەبێژەكەی دەستەی ژینگە ئەوەشی روونكردەوە كەسندوقێكیان هەیە ئەو پارانەی خۆیان لەسەرپێچیكردنی شوێنە گەشتیارەكان و مۆلیدەو ئەوانەی دێنەوە دەستیان وەریدەگرن و دەیكەنە ئەو سندوقەوە و لەخزمەتگوزاری ژینگەییدا خەرجی دەكەنەوە.
هەرێمی كوردستان لەسەدا (12.4) سەوزاییەو بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستە لەسەدا 15% بۆ لەسەدا 30% بێت، بەرپرسەكەی دەستەی ژینگە وتی:»بەداخەوە تائێستا رێژەی سەوزایی نەگەیشتۆتە ئاستی كەمترین ستانداری جیهانی كەدانراوە».
ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دەڵێت پێویستە پارەی ژینگە بۆ خزمەتی ژینگە خەرج بكرێت نەك بۆ شتی دیكە.
عەبدولناسر ئەحمەد، ئەندامی لیژنەوی ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »ئەم پارەیە هەر لەبنەڕەتدا كەوەردەگیرێت بۆ بابەتی ژینگەو رێگاوبانە، بۆیە پێویستە هەر لەو بوارەشدا سودی لێوەربگریت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانەكانەوە، هەموو ئەو پارانە و پارەكانی تریش لەوەزارەتی ناوخۆوە راستەوخۆ دەچنەوە خەزێنەی دەوڵەتەوە».
ئەندامەكەی لیژنەی ناوخۆ ، ئەوەشی روونكردەوە لەئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی پێشهاتە كتوپڕەكانەوە هەموو ئەو پارانە لەخزمەتی موچەدا خەرجدەكرێت، بۆیە حكومەتی عێراقی موچەو بودجەی پێویست بنێرێت، ئەوا دەتوانرێت هەریەك لەو باجانەی لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت لەبوارەكەی خۆیدا خەرج بكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی دووپاتكردەوە وەك كاری خۆیان بەدواداچوونی بۆ دەكەن و هاوڕاین لەگەڵ دەستەی ژینگەو پێویستە لەپێناو ژینگەی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.