ئایا ئەوەی لەهیندستان روودەدات بۆی هەیە لەکوردستان دووبارە ببێتەوە؟
د.گۆران عبداللە
4 ساڵ لەمەوپێش
د.گۆران عبداللە
بەهۆی کۆرۆناوە هیندستان بەیەکێک لەگەورەترین تراژیدیاکانی مێژووی خۆیدا تیدەپەرێت. ژمارەی تووشبون بەکۆرۆنا لەیەک رۆژدا، (٤٠٠) هەزار کەسی تیپەڕاندوە. لەهەر رۆژیکیشدا، نزیکەی (٤٠٠٠) کەس بەکۆرۆنا گیانی لەدەستدەدات. سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی ئیفلیج بووەو لەتوانایدا نەماوە رووبەڕووی ئەو کارەساتە تەندروستییە ببێتەوە.
بەڵام ئایا هۆکارەکان چین؟ ئایا ئەمەی لەهیندستان روودەدات، بۆی هەیە لە کوردستانیش دووبارە ببێتەوە.
وەکو هەر کارەساتێکی گەورەی تر، تەنها یەک فاکتەر هۆکار نییە. لەڕاستیدا زیاد لەهۆکارێک بۆ ئەم بابەتە لەیەککاتدا یەکیانگرتووە. دەکرێ هۆکارەکان لەژێر سێ گروپی سەرەکی پۆلین بکەین:
فاکتەری بایولۆژی
تێکەڵابقون و قەرەباڵغی زۆر، ژینگەیەکی لەباری خوڵقاند بۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی تازەی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا. ئەم جۆرە گۆڕاوەی لەهیندستان سەریهەڵدا ناوی لێنراوە B1.
617. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم گۆڕاوە لەجۆرەکانی تری کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە.
فاکتەری سیاسی
وەکو ئەوانەی کوردستان، سیاسیەکانی هیندستان مەترسی کۆرۆنایان بەجیددی وەرنەگرت. لەڕاستیدا، سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم تراژیدیایەن کە بەسەر وڵاتەکەدا هاتووە. سیاسییەکانی هیندیستان لەم دواییانە ملێونان کەسیان بۆ کەمپینی هەڵبژاردن کۆکردەوە. لەپێش هەمویانەوە، سەرۆک وەزیران ناریندرا مۆدی ئەو کارەی کرد. مۆدی سەرۆکی حزبی بەهاراتیا جاناتای هیدۆسیی نەتەوەپەرستە. ئەو ملێونان کەسی بەبێ ماسک کۆکردەوە. لەوتارەکانیدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتون و ئیتر پێویست بەترس و خۆپاریزی ناکات. هاوکات لەئەنجامی سیاسەتەکانی مۆدی، هەزاران جوتیار رژانە نزیک دەلهی پایتەخت و ئەوەنەی تر ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خوڵقاند.
ئەم قەڕەباڵەغیە هەرچەندە لەقەبارەدا بەراورد بەوانەی کوردستان ناکرێ بەڵام لەڕووی چۆنایەتیەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ قەڕەباڵغی نەورۆز و هاتنی پاپای ڤاتیکان و رەمەزان و کۆنگرەی حزبەکان و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان نیە.
ڤاکسین و سیستمی تەندروستی
وەکو کوردستان، هیندیستانیش سیستمێکی تەندروستی خراپ و پچڕپچرو نایەکسان و نادادپەروەری هەیە. سیستمی تەندروستی رەنگدانەوەی سیستمی دواکەوتوی کاستە. لەهەندێ لەشوێنە دەوڵەمەنەکان، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها هەیە. بەڵام لەزۆربەی ناوچەکانی تر، سیستمێکی گشتی پشتگوێخراوو کوالێتی نزم بونی هەیە. ئەمە وای کردووە کارەساتی گەورەی وەکو نەمانی ئۆکسجین و سوتانی نەخۆشخانە رووبدات، رێک وەکو عێراق و کوردستان.
لەسەر ئاستی ڤاکسینیشیدا، پارادۆکسێکی گەورە لەهیندیستان روویدا. وڵاتەکە گەورەترین بەرهەمهێنەری ڤاکسینە. بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان متمانەیان بەڤاکسینەکە نیە و بوون بەنێچیر کۆمەڵێک قسە و قسەلۆکی بێبنەمای لەچەشنی ئەوانەی لەکوردستان لەبارەی ڤاکسینەکەوە بڵاوە.
بەکورتی، ئەو سێ فاکتەرە سەرەکییەی بوونە هۆی روودانی تراژیدیای کۆرۆنا لەهیندستان، لەکوردستانیش بوونیان هەیە. بۆیە تا کار لەکار نەترازاوە، پێویستە خەڵک و حکومەتیش خەمێک لەداهاتوو بخۆن.