زیاتر لەشەش مانگە بەدەل بەرواری لەزیندانەو دادگایی نەكراوە

كەسوكاری بەدەل بەرواری داوای ئازادكردنی دەكەن‌و دەڵێن هیچ «تاوانێكی» نییە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى . دهۆك

زیاتر لەشەش مانگە بەدەل بەرواری دەستگیركراوەو تائێستا دادگایی نەكراوەو  پەڕاوی لێكۆڵینەوەی لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە جارێكی دیكە ڕەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر كراوە تا رۆژی دادگایی كردنی بۆ دیاری بكرێت.

رێڤینگ یاسین، پارێزەری بەدەل بەرواری لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»ناردنی پەڕاوەكەی بۆ دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر راستە، لە رێكەوتی 24ی مانگی رابردوو رەوانە كراوەو تەنیا ئەوە ماوە رۆژی دادگاییكردنەكەی دیاری بكرێت».

ناوبراو جەختی لەوەكردەوە كە پەڕاوەكە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە. «تۆمەتەكە هەر ئەوەیە كە مامۆستا بەدەل ویستوویەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدات».

رێڤینگ یاسین وتیشی:» ئێمە كۆمەڵێك داواكاریمان پێشكەشی دادگا كردووە، لەوانە داخستنی دۆسیەكەی مامۆستا بەدەل، چونكە نابێت كەسێك دووجار لەسەر كەیسێك دادگایی بكرێت».

 پێشتر بەدەل بەرواری لەدهۆك تاوانبار كرابوو بەیاسای خراب بەكارهێنانی مۆبایل، لەسەر ئەم دۆسەیە ماوەی (27) رۆژ لەزیندان راگیرابوو بڕی دوو ملیۆن دینار غەرامە كرا.

«تۆمەتەكەی ئێستاش هەمان شتە لەڕووی ناوەڕۆكەوە، مامۆستا بەدەل تائێستا هیچ دانپێدانانێكی نییە، دانی بەو تۆمەتەدا نەناوە كە درواتە پاڵی و رەتیكردووەتەوە»، پارێزەرەكەی بەرواری وا دەڵێت.

كوڕێكی بەدەل بەرواری ئاماژە بەوە دەدات تائێستاش چارەنووسی دیارنیە كەئایا ئازاد دەكرێت یا وەكو ئەو رۆژنامەنووسانەی دیكە دادگایی دەكرێت.

ئاری بەدەل ، كوڕی مامۆستا بەدەل بەرواری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»هەر لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 باوكم لەهەولێر زیندانیكراوەو لەهەمووی ناخۆشتر نازانین باوكم لەسەر چ تاوانێک دەستگیركراوەو بۆچی ئەوەندە مانگە راگیراوە».

كوڕەكەی ئەوەی خستەڕوو لەم ماوەیەدا سەردانی هەموو بەرپرسانی ئەمنی و حزبییان لەسنوری پارێزگای دهۆك كردووە كەهەوڵ بۆ ئازادكردنی باوكی بدرێت.

 ئاری ئەوەی روونكردەوە كە هەر دوو هەفتە جارێك قسە لەگەڵ باوكی دەكات « كاتێك قسەی لەگەڵ دەكەین گلەیی لەشوێنی خۆیان دەكات و دەڵێت شوێنمان تەنگە، دۆخی تەندروستی ئەوەندە خراپ نیە وەك ئەوەی هەندێك میدیا باسی لێوە دەكەن، زەعیف بووە ، دەڵێت دكتۆر هەیە لەو شوێنەیە، بەڵام خۆی حەب ناخوات».

هاوكات داوای لەهەموو لایەنە سیاسییەكان و بەرپرسان كرد باوكی بۆ ئازادبكەن «زۆر بیری باوكم دەكەم دەمانەوێت پێش جەژنی رەمەزان بێتەوە بۆ ماڵ و هەموومان دڵخۆش بكات».

رۆژی 15-2-2021 دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر یەكەم دانیشتنی سەبارەت بەدۆسیەی حەوت چالاكوان و رۆژنامەوانی دەستگیركراوی بادینان ئەنجامدا، تێیدا پێنج كەسیان بەتۆمەتی «سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان» یەكی بەشەش ساڵ زیندانیكردن سزادا.

ئەوكات دۆسیەكانی هەریەك لەبەدەل بەرواری و ئومێد حاجی لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە بۆ ئاسایشی گشتی و دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، چونكە  وەك باسكرا دۆسیەكانیان كەموكوڕیی لێكۆڵینەوەی هەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار