جەنگی 20 ساڵەی ئەمریكاو تاڵیبان كۆتایی هات

سەرەڕای بەهێزبوونی تاڵیبان، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەئەفغانستان دەستیپێكردو تاچوار مانگی دیكە هیچ سەربازێكی نامێنێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هەڵۆ سەربەست

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژی شەممەی رابردوو 1ی ئایار بەفەرمی دەستی كرد بەكشانەوەی هێزەكانی لەئەفغانستان، كۆتایی ئەو پرۆسەیەش دەبێتە كۆتایی جەنگێك، 20 ساڵی خایاند.
 دوای ئەوەی ساڵی 2001 بەدوای هێرشەكانی سێپتەمبەری سەر نیویۆرك و واشینگتۆندا، ئەمریكا ئەفغانستانی داگیركرد بۆ لە ناوبردنی قاعیدە و تاڵیبان، بەڵام چاودێران دەڵێن، لێرەوە ماوەیەكی پڕ گومان لەو وڵاتە دەستپێدەكات، چونكە رۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتی تاڵیبان بەرەو زیاتربوون دەچێت.
بەرپرسە ئەمریكییەكان دەڵێن پرۆسەی كشانەوەكە ماوەیەكە دەستی پێكردووە و دانانی بەرواری یەكی ئایار تەنیا بەروارێكی رەمزییە، چونكە ئەو بەروارە بۆ كۆتاییهاتنی پرۆسەكە دانرابوو كاتێك ئیدارەی پێشوی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی ترەمپ، لەشوباتی 2020دا لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر گەیشتنە رێككەوتن.
ساڵی 2001 ئەمریكا بەسەرۆكایەتی هاوپەیمانیەتییەك ئەفغانستانی داگیركرد، دیارترین وێستگەكانی ئەو جەنگە (20) ساڵەیە ئەمانەن:
جەنگ لەدژی تیرۆر
لە 7ی تشرینی یەكەمی 2001، دوای كەمتر لەمانگێك لەهێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی ئەمریكا، دوای ئەوەی رژێمی تاڵیبان رەتیكردەوە ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە رادەست بكات، ئۆپراسیۆنی «ئازادیی هەمیشەیی» لەئەفغانستان راگەیاند و لەچەند هەفتەیەكدا وڵاتەكەی داگیركرد.

دوای داگیركردنی عێراق لە 2003دا لەلایەن ئەمریكاوە، سەرنجەكان لەسەر ئەفغانستان نەمان و ئەوەش بووە دەرفەتێك تیایدا تاڵیبان و رێكخراوەكانی تر ریزەكانیان رێكبخەنەوە و پێگەكانیان لەباشورو رۆژهەڵاتی وڵاتەكە پتەوبكەن.

جەنگێكی لەیاد كراو
دوای داگیركردنی عێراق لە 2003دا لەلایەن ئەمریكاوە، سەرنجەكان لەسەر ئەفغانستان نەمان و ئەوەش بووە دەرفەتێك تیایدا تاڵیبان و رێكخراوەكانی تر ریزەكانیان رێكبخەنەوە و پێگەكانیان لەباشورو رۆژهەڵاتی وڵاتەكە پتەوبكەن.
100 هەزار سەرباز
كۆتاییەكانی 2009 بەچەند مانگێك دوای هەڵبژاردنی، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، وێڕای ئەوەی لەسەر ئەو بەڵێنە هەڵبژێردرابوو كە دەیوت كۆتایی بەجەنگی عێراق و ئەفغانستان دەهێنێت، بەڵام ژمارەی سەربازەكانی لە ئەفغانستان بۆ (68) هەزار بەرزكردەوە.
لەكانونی یەكەمی ئەو ساڵەشدا (30) هەزار سەربازی تری ناردو جەختیكردەوە كەدوای (18) مانگ دەستدەكات بە كشانەوە، بەڵام «زیاتركردنی سەربازەكان لەئێستادا بۆ ئەوەیە تا ئەوكاتە تاڵیبان بێ هێز بكرێت و دامەزراوەكانی حكومەت بەهێز بكرێت».
كوژرابی بن لادن
شەوی 1/2ی ئایاری 2011 ئوسامە بن لادن سەرۆكی قاعیدە، لەئۆپراسیۆنێكی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكادا كوژرا.
كۆتایی پرۆسە جەنگییەكان
لە 31ی كانونی یەكەمی 2014 هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) كۆتایی بەئەركە سەربازییەكانی هێنا لەئەفغانستاندا، بەڵام هێشتا (12) هەزار و (500) سەربازی بیانی لەوڵاتەكەدا بوون، كە نۆ هەزارو (800) یان ئەمریكی بوون و بەهۆی ئەو كەمبوونەوەیەوە دۆخی ئاسایش بەتەواوی داڕما، چونكە تاڵیبان بەهێز بوەوەو هاوكات رێكخراوی داعش دەستیكرد بەچالاكی.
پاڵپشتی ئەمریكی
لە 21ی ئابی 2017، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، هەڵوێستێكی پێچەوانەی لێدوانەكانی پێشوی راگەیاند. بەوەی جەختیكردەوە كەهێزەكانی ئەمریكا تاڕاگەیاندنێكی تر لەئەفغانستان دەمێننەوەو هەزارەها سەربازیشی بۆ پاڵپشتی ناردە ئەو وڵاتەو گەورەترین بۆمبی نا ناوەكیشی لەدژی پێگەكانی داعش بەكارهێنا، كە بە (دایكی بۆمبەكان) ناسراوە. ژمارەی سەربازەكانیشی بەرزكردەوە بۆ زیاتر لە (14) هەزار.
گفتوگۆ
هاوینی 2018 واشینگتۆن و نوێنەرەكانی تاڵیبان گفتوگۆی نهێنی و راستەوخۆیان لەدەوحەی پایتەختی قەتەر دەستپێكرد كە بزوتنەوەی تاڵیبان لەوێ نوسینگەیان هەیە. گفتوگۆكان بە سەرۆكایەتی نێردەی تایبەتی ئەمریكا (زاڵمای خەلیل زاد) بوو و پەیوەستبوو بەكەمكردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریكا لەئەفغانستان و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا داوای لە تاڵیبان كرد رێگربێت لەئەوەی وڵاتەكە ببێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ گروپە تیرۆریستییەكانی وەك قاعیدە و داعش.
چەند جارێك گفتۆكان راگیران و ئەمریكا كەوتەوە بۆردومانكردن.
رێككەوتنێكی مێژویی
لە 29ی شوباتی 2020 ئەمریكاو تاڵیبان رێككەوتنێكی مێژوییان لەدەوحە واژۆكرد. بەپێی ریككەوتنەكە تاوەكو ئایاری 2021 دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەكان لەئەفغانستان بكشێنەوە، لەبەرامبەر گەرەنتیی ئەمنی و بەڵێننامەی تاڵیباندا كە كردەوە توندوتیژییەكان كۆتایی پێبهێنێت و لەگەڵ حكومەتی كابول بكەوێتە گفتوگۆ.
لە 12ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، یەكەم گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان حكومەت و یاخیبووەكاندا، لەدەوحە دەستیپێكرد، بەڵام لەچەند مانگی رابردودا تیرۆركردنی رۆژنامەنوس و دادوەر و پزیشك و كەسانیتر لەچالاكوانە مەدەنییەكان زیادیكردو واشینگتۆن و كابول بەرپرسیارێتییەكەیان خستە ئەستۆی تاڵیبان و ئەویش رەتیكردوە.
كشانەوەی هێزەكان
لە 14ی نیسانی 2021دا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند تا 11ی سێپتەمبەرو ساڵیادی هێرشەكان، ئەو دوو هەزارو (500) سەربازە دەكشێنێتەوە كە لەئەفغانستاندا ماون و لە 29ی هەمان مانگدا ناتۆ كشانەوەیەكی هەمەئاهەنگی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی (پشتیوانیی حازم)ی دەستپێكرد كە بەكۆی گشتی نۆ هەزارو ( 600) سەرباز لە (36) وڵاتەوە بەشدارن تێیدا.
بەو شێوەیە، دوای (20) ساڵ جەنگ و هەزاران قوربانی و ملیارەها دۆلار خەرجیی و زیان، هێزەكانی ئەمریكا كە بۆ لەناوبردنی تاڵیبان چوونە ئەفغانستان، وڵاتەكە جێدەهێڵن، بەڵام هێشتا تاڵیبان ماوەو ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ نەمانی هێزە ئەمریكییەكاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار