قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ له‌عێراق هه‌ڵگیرا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى ‌

لیژنه‌ باڵاى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى عێراق بڕیاریدا به‌ هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى گشتى هاتووچۆ له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکانى عێراق و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى ڕێژه‌یى.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى ئایارى 2021 لیژنه‌ى باڵاى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ى گشتى هاتووچۆ له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکان هه‌ڵده‌گیردرێت و قه‌ده‌غه‌ى ڕێژه‌یى ده‌سه‌پێده‌کاته‌وه‌، له‌ کاتژمێر 9ى ئێواره‌وه‌ بۆ 5ى به‌یانى به‌ درێژایى ڕۆژانى هه‌فته‌ قه‌ده‌غه‌ى ڕێژه‌یى جێبه‌جێ ده‌کرێت.  

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه‌، داخستنى مۆڵه‌کان، ڕۆستۆرانته‌کان، کافتریا و خاوه‌کانه‌کان ته‌نها بۆ ڕۆژانى جه‌ژن به‌داخراویى ده‌مێننه‌وه‌، له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌وه‌ ڕێگه‌ به‌ کردنه‌وه‌یان ده‌درێت و ڕێگه‌ نادرێت نێرگه‌له‌ به‌کاربهێنرێت، هه‌ر شوێنێک سه‌رپێچى بکات 90 ڕۆژ داده‌خرێت.  

له‌ به‌شێکى ترى بڕیاره‌کانى لیژنه‌ى باڵاى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تیدا هاتووه‌، پێویسته‌ ڕێوشوێنه‌کانى خۆپاراستن جێبه‌جێ بکرێت و سه‌رپێچیکار سزاى دارایى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌ گه‌شتى به‌ کۆمه‌ڵى نێوان پارێزگاکان نادرێت.  
هاوکات جه‌ختله‌وه‌کراوه‌ته‌وه‌، ده‌وامى فه‌رمى سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌کان له‌ ڕۆژى 17ى ئایاره‌وه‌ تا 20 ئایار ده‌وه‌ستێندرێت و ڕێگه‌ به‌ هیچ کارمه‌ند و هاوڵاتییه‌ک نادرێت به‌بێ به‌ستنى ماسک بچێته‌ ناو فه‌رمانگه‌کانه‌وه‌.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار