ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی تورکیای دژی کورد بڵاوکردەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی وێنەی سێ گەریلای شەهیدی بڵاو کردووەتەوە وەک بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی تورکیا دژی کورد كەلە بۆردومانەكانی ئەم دواییەدا بەكاریهێناوە.

 ڕۆژی 16ئایاری 2021  ڕۆژنامەی ‘مۆڕنینگ ستار’ی بێریتانی وێنەی سێ گەریلای شەهیدی بڵاو کردووەتەوە، کە لە ئاڤاشین بە چەکی کیمیاوی شەهید بوون و ڕایگەیاندووە، کە ئەمە چەندین جارە تورکیا لە دژی کوردان چەکی کیمیاوی بەکار دێنێت و دونیا بێدەنگە.

ڕۆژنامەکە چەند وێنە و دیمەنێکی گەریلای شەهیدی لە ئاڤاشین پیشانداوە، کە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە (ئایار) شەهید بوون و وەک باسی کردووە، هیچ ئاسەوارێکی برینداربوون لە سەر تەرمی گەریلاکان نابینرێت و پشتڕاستی دەکاتەوە، کە سوپای تورک چەکی کیمیایی لەدژی گەریلاکان بەکار هێناوە و بەوشێوازە شەهیدیی کردوون.

هەروەها ڕۆژنامەکە دەستنیشانیکردووە، کە سەربازانی تورکیا تەرمی ژنە گەریلایەک کە وادیارە لە تونێلێکی ژێر زەومینیدا شەهید بووە دێننە دەرەوە و لە قسەکانیاندا بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی گەریلاکانی کوردستان لە یەکتر پیرۆز دەکەن.

مۆڕنینگ ستار بەبیریهێناوەتەوە، کە بەڕێوبەرانی کەجەکە و پەکەکە چەندینجار هۆشداریان داوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، کە پێچەوانەی پەیمانی ١٩٩٧ی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە کە تورکیاش واژۆی لەسەر کردووە.

ڕۆژنامەی مۆڕنینگ ستار هاوکات سەرنجی ڕاکێشاوەتەسەر ئەوەی، کە ئەمە جاری یەکەم نییە کە دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، بەڵکو لە دژی شەنگال و کامپی پەنابەرانی مەخموریش بەکاریهێناوە، هەروەها  ساڵی ٢٠١٩ لە سەرێکانی دەوڵەتی تورکیا چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕی لە دژی کوردان بەکارهێنابوو، بەڵام لەدژی ئەم پێشلکاریی و تاوانەی دەوڵەتی تورک تا ئێستا ڕای نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار