پەرلەمانتارێكی گۆڕان: بەفەرمی زیاتر لە 825 ملیار دیناری مانگانە دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم

سەرەڕای فشارەكان؛ حكومەت ئەم مانگەش مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەهەرێمی كورستان ژمارەو داتای جیاواز لەبارەی داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ ئاشكرا دەكەن، ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان كە وەزیری دارایی سەر بەبزوتنەوەكەیەتی ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەفەرمی 825 ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەرێم.

سەرەڕای ئەوەی فشارەكان بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە لەپەرلەمان بەردەوامەو هاووڵاتیان و فەرمانبەران لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رەخنەی توند لەحكومەت دەگرن، بەڵام بۆ ئەم مانگەش بڕیاردراوە كە لێبڕینی موچە هاوشێوەی شەش مانگی پێشوو بەڕێژەی لەسەدا 21% بۆ فەرمانبەران و لەسەدا 50%ی موچەی پلە باڵاكان ببڕدرێت.

هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ نوێنەرو بەرپرسانی كونسوڵخانەو یوئێن باسی لەوەكرد كە بڕیارە ئەم هەفتەیە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، بەڵام تائێستا بەفەرمی كاتی سەردانەكە یەكلانەكراوەتەوە.

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن  لەپەرلەمانی كوردستان جەخت لەزیادبوونی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەكەنەوەو بەداتا دەیخەنەڕوو كە مانگانە داهاتی نەوتی و نانەوتی گەیشتووەتە ترلیۆنێك و 170 ملیار دینار.

عومەر گوڵپی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» تەنها ئەو راپۆرتانەی دیلۆیت بۆ فرۆشتنی نەوت كەخۆی گومانی لەسەرە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت (10) دۆلار كەمتر بكات لەنەوتی برێنت و ئەگەر لەسەدا 47%ی داهاتی نەوتیش بۆ خەرجییەكانی بڕوات، داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم دەگاتە (600) بۆ (650) ملیار دینار».

ناوبراو باسی لەداهاتەكانی ناوخۆ كرد كەتەنها داهاتی خاڵە گومرگییەكان دەگاتە (300) ملیار دینارو داهاتی مانگانەی باج دەگاتە (90) ملیارو داهاتی رسومات دەگاتە سەد ملیار دینار، واتا بەكۆی گشتی (500) ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی هەیە لەگەڵ (30) ملیار دیناری مانگانەی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ:داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەداهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار، كە زیاتر لە(200) ملیار دیناری زیاترە لەخەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم كەحكومەت باسی (890) ملیار دینار دەكات.

عومەر گوڵپی وتیشی:» بڕوامان بە حكومەت نییە كەدەڵێن داهاتی گومرگەكان مانگانە (110) ملیار دینارە بەڵكو (300) ملیار دیناری مانگانەیەو باسی ناكەن».

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری كەپارتێكی ئۆپۆزسیۆنە جەختی لەوەكردەوە كە ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان (16) كورسی هەیەو ناتوانن بێجگە لە رێكاری مەدەنی لەپەرلەمان شتی دیكە بكەن، وتیشی:» هەر كارو هەنگاوێكی مەدەنی لەهەر شوێنێك بێت بۆ كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچە پشتیوانی لێدەكەین».

ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە»شاگردی» حكومەت وەسف دەكات و دەڵێت:» ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان».

مژدە مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی نەوی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەپێی ئەو داتایانەی حكومەتی هەرێم خۆی بڵاویدەكاتەوە لەفرۆشتنی نەوتدا كەپێشتر بەشی خۆیان بردووە، لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ بەزیادەوە بەشی موچە دەكات».

هەروەها باسی لەوەشكرد لەپەرلەمانی عێراق رێگە نەدرا بڕێك لەموچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكرێت یان لێی ببڕدرێت، وتیشی:» پەرلەمانی كوردستان نوستووە، ئەوە حەوت مانگە موچە بەلێبڕینەوە دابەش دەكرێت دەنگ ناكەن، ئەگەر فراكسیۆنەكانی دەسەڵات لەگەڵ لێبڕینی موچەدا نین فەرموون وەرن بەیەك دەنگ دانیشتنێكی پەرلەمانی بۆ تەرخان دەكەین، بەڵام رێگە نادرێت لەكاتی دانیشتنەكانیشدا باسی بكەین».

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی تۆمەتبار كرد كە بوونەتە»شاگردی» حكومەتی هەرێم، وتیشی:»ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان».

«چارەسەری لێبڕین تەنها فشاركردنە لەپەرلەمان یان ئەوەتا شەقام لەحكومەت بگرین و فشارەكان فراوانتر بكەین»، مژدە مەحمود وای وت.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2019 لەمانگی حەوتدا دەستبەكار بووە كەنزیكبوونەتەوە لەدوو ساڵی كاركردنیان كە لەلایەن پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهێندراوە و رووی رەخنەكان زیاتر ئاراستەی ئەو سێ لایەنە دەكرێت كەپێكهێنەری حكومەتن.

ئەندامێكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەفرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆو هاوپەیمانان و داهاتی پاڵاوگەكان زیاتر لە (825) ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە باسی چاكسازیمان كردووە كەحكومەت خۆی نەخاتە بەردەم پاشەكەوت و لێبڕینەوە، بەداخەوە یاسای چاكسازی راپۆرتی یەكەم و دووەمی بەو پێیە بڕوات بەدوو كابینەی دیكەی حكومەت جێبەجێ ناكرێت، ئەوەی گەڕاوەتەوە كاریگەری زۆری لەسەر داهات نەكردووە».

ناوبراو باسی لەوەشكرد بۆ زیادكردنی داهات و پەنا نەبرێت بۆ بڕینی قوتی خەڵك باسی كۆمەڵێك پرسیان كردووە كە قاچاغچێتی خاڵە سنورییەكان و گرێبەست و مەلەفی نەوت و بەهەدەردان و گەندەڵی و پرسی كۆمپانیا سێبەرەكانی حزب كە لەژێر سایەی ئەوانەوە خەریكی پارە كۆكردنەوەن كەهیچیان نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

وتیشی:» ئەو رێككەوتنەكەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە لەسەرەتاوە زۆر باس كرا، بەڵام ئێستا بێدەنگی لێكراوەو دەبێت بەغداو هەولێر بەیەك بگەیەنرێت كە بزانرێت ئیمكانی جێبەجێكردنی هەیە یان بە مەقاسە وەك ساڵانی رابردوو بڕێك پارە رەوانە دەكرێت، هێشتا ئەوە یەكلانەكراوەتەوە».

هاوكات پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی هەیە تەنها مانگانە (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەگەڵ سەروو (300) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەگاتە وەزارەتی دارایی لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و هەندێ داهاتی پاڵاوتنی نەوت، وتیشی:» ئەو داهاتانە وەك داهاتی فعلی دەچێتە خەزێنەی دارایی، بەڵام ئەوە داهاتی فعلی نییە، چونكە داهاتی ناوخۆ ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێت دەگاتە (500) ملیار دیناری مانگانە».

بەپێی وتەكانی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان داهاتی نەوت ئەگەر تەنها (300) ملیۆن دۆلار بۆ هەر سەد دۆلارێك لە (148) هەزار دینار بشكێنینەوە دەگاتە (445) ملیار دینارو لەگەڵ (30) ملیار دیناری هاوپەیمانان و (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەگاتە (825) ملیار دینار.

دابان محەمەد پێشیوابوو ئەو گەندەڵییەی لەكابینەكانی رابردوو هەبووە ئێستا بەردەوامە، تەنها جیاوازییەكە ئەوەیە لە رابردوودا بەزەقی قسەی لەسەركراوەو ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنی كارا هەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە.

ماوەی حەوت مانگە بەهۆكاری قەیرانی دارایی، لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچەی فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكکەوتنی لەسەر یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق كردووە كە لەبەرانبەر داهاتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیلی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق لەگەڵ لەسەدا 50%ی داهاتە فیدڕاڵییەكان تەسلیمی بەغدا بكرێت، لەبەرانبەردا لەسەدا (12.67) بودجە رەوانە دەكرێت.

بودجەی ئەمساڵی عێراق لە31ی ئازاری 2021 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكراوەو هێشتا ئاسۆی رێككەوتنەكە لەنێوانیاندا یەكلانەكراوەتەوە كەبڕیارە وەفدێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 11ی بودجەی عێراق كە تایبەتە بەپشكی هەرێم.

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە  بۆ حكومەتی هەرێم ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت

هەریەكە لەسەرۆكی هەرێم و حكومەت لەبەرپرسانی پارتی پێكهاتوون و لەپەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی (45) كورسی پەرلەمانن و پارتی تۆمەتبار دەكرێت وەك لایەنێكی دەسەڵات كە دەتوانێت بەداهاتەكان لێبڕینی موچە نەهێڵێت.

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» ئەگەر تەنها كۆی گشتی داهاتەكانی ناوخۆی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەتی هەرێم، حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات».

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆبووینەوە تەفاسیلی داهاتی نەوتمان پێبدات، ئەمە خەمی تەنها ئۆپۆزسیۆن نییە خەمی ئێمەو حكومەتیشە، دوو رۆژی دیكە هەڵبژاردنی لەبەردەمدایە ئەی نایەوێت دەنگ بەدەستبهێنێت كەئەوەش رەزامەندی خەڵكی دەوێت، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە لێبڕینی موچە هەیە».

دەربارەی ئەوەی تا كەی لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت كە هاووڵاتیان ناڕازین، وتەبێژی فراكسیۆنی  پارتی دەڵێت ئێستاش چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی هەرێم و عێراقن كە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەكان لەگەڵیدابوون» بۆ خۆم لەسەرەتاوە ئەوەم وتووە كە لەناوخۆی هەرێم چارەسەری دۆخی دارایی بكەین، هەتا ئێستا پارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە  بۆ حكومەتی هەرێم، مانگی رابردوو (80) ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە كە زۆر زۆر زیاترە، ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت».

پێشەوا هەورامی جەختی لەوەشكردەوە كە:» تەنها لەسەدا 30% باج و خاڵە گومرگییەكان گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و لەسەدا 70%ی داهاتەكانی سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە».

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و سەرجەم داهاتەكانی زۆنی زەرد دەگاتەوە حكومەتی هەرێم.

هاوكات پێشەوا هەورامی پێشیوابوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ خاڵە سنورییەكانی زۆنی زەرد ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاربوو دروستبكرێت و رێگری لەقاچاغچێتی بكەن بینێرێت.

لەبەرانبەر قسەكانی وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی:» بەداخەوە كە وادەڵێم لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز قاچاغچێتی و گەندەڵی هەیە لەخاڵە سنورییەكان و فرتوفێڵی گومرگی هەیە، بۆ نموونە مەوادێك داخڵ دەكرێت بەناوی مەوادێكی تر گومرگی بۆ دەكرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار