ئەو داهاتانەی نایەنە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێم وردەكارییەكەی لای وەزیری داراییە

سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سەرچین ساڵح

ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:» بێگومان هەمان بۆچوونی پەرلەمانتارەكانی گۆڕانمان هەیە كە داهات بەشی موچە دەكات، بەڵام ئەو داهاتانەی نایەتەوە ناو خەزێنەی حكومەت تەفاسیلەكەی لای وەزیری داراییە».

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاروباری فراكسیۆنەكان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا هیچ پەیوەندییەكیان بەبزوتنەوەكەوە نەماوەو لەڕاستیدا ئەوان داوایان دەكرد لەحكومەت بكشێینەوە، ئەو قسەیەمان لێ قبوڵ نەكردن».

هاوڵاتی: دۆخی سیاسی كوردستان بەگشتی چۆن دەبینن؟

سەفین مەلاقەرە: ئەمن باشی نابینم پێموایە بەرنامەی نەتەوەیی زۆر كەمە پاش كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، بەرنامەی حزبی هەیەو زیاتر ئەجێندای حزبی جێبەجێدەكرێت، هەریەكەو دەیەوێت حزبەكەی خۆی بەهێزبكات، ئەجێندای نەتەوەیی و نیشتمانی كەمتر ئیشی لەسەر دەكرێت چی لەبەغداو چی لەهەرێمی كوردستان.

هاوڵاتی: رێكخەری كاروباری فراكسیۆنەكانن بەڕێزتان؟ پرسی فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا بەچی گەیشت دوای دوو نامەی كاك عومەر سەید عەلی بۆیان و وەڵامدانەوەیان؟ ئایا پەیوەندیان بەبزوتنەوەكەوە ماوە؟

سەفین مەلاقەرە: نەخێر هیچ پەیوەندییەكیان بەبزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.

فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا داوایەكیان كشانەوە بوو لەحكومەت ئێمە لێمان قبوڵ نەكردن

 

 

هاوڵاتی: دەوترێت فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا سێ مەرجیان هەبووە، یەكیان بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، دووەمیان كشانەوەی گۆڕان لەكابینەی نۆیەمی حكومەت، سێیەم ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانی گۆڕان و دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن؟ ئەو مەرجانەیان هەبووە یان داوای چیان دەكرد؟

سەفین مەلاقەرە: لەڕاستیدا ئەوان داوایان دەكردلەحكومەت بكشێینەوەو هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان بكەین، ئەم قسەیەمان لێ قبوڵنەكردن، چونكە گوتمان پرسی كشانەوە لەحكومەت یان هەر بڕیارێكی دیكە دەبێت جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لەسەر بدات، پێمان وتن ئێوە دەتانتوانی لەناو جڤاتی نیشتمانی هەروەك چۆن پێشتر بەزۆرینە بڕیاری لەسەر دراوە بەشداری حكومەت بین، هەرواش بەزۆرینە دەتوانین لەحكومەت بكشێینەوە، دەتوانن قەناعەت بەجڤات بكەن كە باشتروایە لە حكومەت بكشێینەوە، هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان نەك مەرجی ئەوان بێت، ئێمە خۆمان بڕیارمان لەسەر داوەو بەم زووانە دەكرێت.

ئەوان ئەجێندایەكی تریان هەبوو، نازانم ئەجێنداكەیان چی بوو بەقسەی گۆڕانیان نەكرد، كە ئێمە نامەكەمان بۆ ناردن دەبوایە ئەوان ئیشیان بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان پێداون بكردایە، ئەو ئەركەی پێیان سپێردرابوو جێبەجێی بكەن، بۆیە ئێمە بڕیارمان داوە قسەیان لەسەر نەكەین.

هاوڵاتی: هەرچەندە دەزانین ماوەیەكی كەمە بوونەتە ئەندامی خانەی راپەراندن، بەڵام حاڵی فراكسیۆنی گۆڕانیش لەپەرلەمانی كوردستان باش نییەو دوو بەشن، شەشیان پەیوەندییان بەبزوتنەوەكەوە نەماوە؟بۆچی؟

سەفین مەلاقەرە: لەڕاستیدا فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانمان تەقریبەن كێشەیان نەماوە، بەڵام ئەندام پەرلەمانەكانمان ئازادن و زەبت و رەبتی حزبی بەسەر ئۆرگانەكانی خۆماندا ناسەپێنین، فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەرپرسە لەوەی وێنای بزوتنەوەی گۆڕان بكات لەبڕیارەكان و ئیشكردن بۆ ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵك دراوە.

هاوڵاتی: چۆن بوو بڕیارتاندا هاوپەیمانێتییەكەتان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ یەكێتی ئەنجام بدەن؟ تاچەند داواكاری جەماوەری گۆڕانی لەگەڵ بوو؟

سەفین مەلاقەرە: ئێمە ویستمان لەم هەڵبژاردنە كە فرەبازنەییە كورد بەیەك لیست دابەزێت بەتایبەت لەناوچە دابڕێنراوەكان، بۆئەوەی دەنگی كورد بەخەسار نەچێت، ئینجا ئەوە پەرلەمانی عێراقەو ئێمە پێمانوایە چی ئەندام پەرلەمانێكی گۆڕان یان یەكێتی یان پارتی بچێتە بەغدا، بەشەرتێك داكۆكی لەئامانجە نەتەوەییەكان بكات زۆر جیاوازی نییە، ویستمان كەشوهەوایەكی وا بگونجێنین خەڵك بچێت بۆ دەنگدان و بەئارامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بڕوات و بەبێ ململانێی توند، یەكێتیش قایلبوو بۆیە پێمان شتێكی زۆر باشبوو بەتایبەت لەناوچە دابڕێنراوەكان.

هاوڵاتی: پێتوایە جەماوەری گۆڕان پێشوازی لەم هاوپەیمانێتییە بكات؟

سەفین مەلاقەرە: بێگومان بیرو بۆچوونی جیاوازی لەسەر هەیە، بەڵام زۆرینە پێی باشە، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە زۆرینەی لەگەڵ ئەوەدابوو كەبكرێت، بێگومان جەماوەری گۆڕانیش زۆری پێباشە و هەمیشە تێبینی هەیە.

هاوڵاتی: لەتیمی گۆڕان لەحكومەت رازین لەكاتێكدا داهاتەكان زیادی كردووە، بەڵام حكومەت موچە بەلێبڕینەوە دابەش دەكات، پەرلەمانتارانی خۆتان دەڵێن داهاتەكانی ناوخۆو فرۆشی نەوت بەزیادەوە بەشی موچە دەكات؟

سەفین مەلاقەرە: ئێمە لەتیمەكەی خۆمان لەحكومەت رازین، بەڵام ناڕەزاییەتییەكمان لێیان هەیە كەقسە ناكەن و ئەو ئیشانەی كردویانە بۆ رایگشتی روون ناكەنەوە، مادام بەشدارین لەحكومەت و هیچ بەرنامەو پلانێكی ترمان نییەو تەنها بەشداریمانە لەحكومەت و چاكسازییە لەحكومەتدا،  هەرچەندە ئەوەی هەیە دەكرا زۆر باشتر بێت، ئێستاش ویلایەتە یەكگرتووكان و هاوپەیمانان جەخت لەئەنجامدانی چاكسازی و فەراهەمكردنی ئازادییەكان دەكەنەوە، هێزی پێشمەرگە بەنیشتمانی بكرێت و لەدەستی حزبدا نەمێنێت، بێگومان تیمی ئێمە لەحكومەت سەركەوتوو بوون لەو ئەركانە.

هاوڵاتی : یانی تیمی گۆڕان لەحكومەت ئیشی باشی كردووە بەڵام باسی ناكەن؟

سەفین مەلاقەرە: بەڵێ ئیشی باشیان كردووە، خۆی بارودۆخەكە روو لەچاكسازییە و دەسەڵات فشاری زۆری لەسەرە كە چاكسازی بكات، نەك تیمەكەی ئێمە رایگشتی و هاوپەیمانان بەو ئاراستەیەدا فشار دەكەن كەچاكسازی بكرێت.

هاوڵاتی: پێتانوایە گۆڕان لەسەر بەرنامەی رەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا ماوە؟

سەفین مەلاقەرە: نا ئەو قسانە هیچ بنەمایەكی راستی نییە، كاك نەوشیروان بۆ دوای خۆی ئیشی باشی كردووە كە ئەو دامودەزگایەی دامەزراندن بۆ دوای خۆی بەهاوكاری هەموو هاوڕێكانی، درێژەدان بەو رێبازەو كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرێنراوە، بۆیە گۆڕان لەسەر شاڕێی ئەساسی خۆیەتی، ئامانجەكانی دێنێتە دی، ئینجا درەنگ بێت یان زوو بەخێرایی یان لەسەرخۆ، ئەوە دەمێنێتەوە سەر فاكتەری دیكەو پەیوەندی بەگۆڕانەوە نییە.

هاوڵاتی: پێتانوایە جەماوەری گۆڕان بۆچی لێتان زویرن؟ ئایا هەڵوێستی گۆڕان هەڵوێستێكی نەرمە یان راشكاوانە نییە؟

سەفین مەلاقەرە: پێمانوایە ئەوانە هەمووی تێكۆشەرو هەڵسوڕاوی ماندوی رێگای چاكسازین و  زۆر ماندوو بوون لەگەڵمان، بە هەموو جۆرێك رەخنەكانیشیان قبوڵە، بەڵام پێمانوایە رەخنەكان زیاتر لەناو ئۆرگانەكانی گۆڕانەوە بگیرێت زیاتر كاریگەری دەبێت نەك لەسەر فەیسبوك، بەڵام دیسان رێزمان بۆ رەئییەكانیان هەیەو رەخنەكانیشیانمان قبوڵە، دەكرا لەوە باشتر بكرێت، بەڵام مادام هەوڵی ئەوانیش ئەجێندایەكی لەپشتەوە نییە هەر بەلای چاكسازیدا دەڕوات و خزمەتی پرۆسەی گۆڕانكاری دەكات.

هاوڵاتی: جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی و سەرۆكی دەستەی داهاتە نەوتییەكان یەكلانەكراونەتەوە، گۆڕان چاوەرێی چی لەپارتی دەكات كەڕێكەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە؟

سەفین مەلاقەرە: رێككەوتنەكە زۆر شتی ماوە جێبەجێبكرێت، هەوڵمانداوە دانیشتنێكی سێ قۆڵی لەنێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕاندا بكرێت بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو كێشانەی لەسەر پۆستەكان هەیە، كێشە لەنێوان پارتی و یەكێتیش لەسەر پۆستەكان هەیە تەنها ئێمە نین،  جگە لەو پۆستانە ژمارەیەك پۆستی تریش ماون لەبەڕێوەبەری گشتی، ئەوەی جێبەجێكراوە چوار وەزیرو چوار جێگر وەزیر و ژمارەیەك پۆستی ترە، نیوە زیاتری جێبەجێكراوە، بەڵام هێشتا زۆریش لەو پۆستانە ماون كە وەریبگرین.

هاوڵاتی: گۆڕان چ قازانجێكی كردووە چووەتە حكومەتی هەرێم، تەنها وەرگرتنی چوار وەزیر؟

سەفین مەلاقەرە: مادام ئێمە بەرنامەی بەشداریمان لەحكومەت و چاكسازی هەیەو زەمینەیەكیش دەبینین بۆ چاكسازیكردن لەحكومەت، بێگومانیش چاكسازی پرۆسەیەكی زەحمەتە، ئەگەر هەموو لایەنەكان هاوڕابین و ئیرادەشمان هەبێ هێشتا زەحمەتەو ئاسان نییە، چونكە ئەم حكومەت و ئیدارەیە زۆر باندو مافیای تێكەڵ بووەو دەرەقەت هاتنیان زەحمەتە.

هاوڵاتی : پەشیمانن لەبەشداریكردنتان لەحكومەت؟

سەفین مەلاقەرە: نەخێر، پەشیمان نین، گۆڕان ئیشێكی باشی كردووە بەشداری لەحكومەت كردووە، مادام بەرنامەی ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرنامەی تر نییە، بۆیە هەیەو نییە ئەو حكومەت و قەوارەیەیە، پێویست نییە بیڕوخێنن و پێویستە چاكی بكەین، بۆ چاككردنیشی هەموو توانایەك خەرجدەكەین، مادام مەجالی تێدایە پێمانوایە چاكسازی دەكرێت و مومكینە چاكسازی بەدڵی ئێمە نەبێت، بەڵام زۆر فاكتەر هەیە، بۆیە نەخێر پەشیمان نین.

هاوڵاتی: دروشم و قسەی گۆڕان شەفافییەت بووە لەسەرەتاوە تائێستاش، بەڵام بۆچی بەوەزیری داراییتان وتووە كە قسەی زۆر لەسەر دۆخی دارایی نەكات؟ بۆ جارێك كۆنگرەیەكی نەبەست و راستی داهات و خەرجییەكانی باس نەكردووە بۆ رای گشتی؟ كەواتە دروشمی شەفافییەت تەنها لای پەرلەمانتارانتان باس دەكرێت؟

سەفین مەلاقەرە: ئێستاش پێ لەسەر ئەوە دادەگرین كەشەفافیەت لەداهات و خەرجی و نەوت و هەموو سێكتەرەكاندا هەبێت، بەڵام میهنەكەی وا پێویست دەكات، زۆر قسەشی كردووە و زۆر شتی ئاشكرا كردووە ئەوەی پێویست بووبێت، بەڵام ئایا پێگەكەی رێگەدەدات هەموو شتێك باس بكات؟ دەنا پێموانیە شتێكی شاردبێتەوە كە پێویست بووبێت ئاشكرای بكات.

هاوڵاتی: وەزیری دارایی ئەوەندە بەرچاوڕوونی پێداون كەداهاتی هەرێم چەندەو چۆن خەرجدەكرێت؟

سەفین مەلاقەرە: ئەوەی دێتە وەزارەتی دارایی روونەو ئەوەیشی روونكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی لەدەرەوەی ئەو شتانەوەیەو نایەتە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێمو وەزارەتی دارایی ئەوە من نازانم تەفاسیلەكەی و ئەو دەیزانێت، واتا وەزیری دارایی.

هاوڵاتی: تۆیش لەگەڵ قسەی ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕانیت كەدەڵێن داهات هەیەو بەشی موچە دەكات؟

سەفین مەلاقەرە: بەڵێ بێگومان، بەڵام ئەو داهاتانە نایەتە ناو خەزێنەی حكومەت، ئەوەی دێتە ناو خەزێنەی حكومەت و بەردەستی وەزارەتی دارایی بەئاشكرا بۆ موچە خەرجدەكرێت و شێوازی خەرجكردنی دیارە، بەڵام ئەوەی نایەتە ناو وەزارەتی دارایی شتێكی ترە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار