یەكێتیو گۆران گرەنتی دیموكراسیو ئازادیی بیروڕاو كاری سیاسین لەهەرێم
عومەر شێخ موس كەسایەتی سیاسیو دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی بۆ هاوڵاتى:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
عومەر شێخ موس كەسایەتی سیاسی و دیاری كوردستان و یەكێك لەدامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:»داخوازی زۆر لەناو قەواعیدی یەكێتی و گۆڕان هەبوو بۆ تەبایی و هاوپەیمانێتی كردن، یەكێتی و گۆڕان گرەنتی دیموكراسی و ئازادی بیروڕاو ئازادی كاری سیاسین لەهەرێمی كوردستاندا، هەموو كەس ئەوە دەزانێت، چونكە پارتی بیری مۆنۆپۆڵی دەسەڵاتی هەیەو جیا لەخۆی وا مامەڵە دەكات كەكەسی دیكە نەبێت و خۆیان حاكم بن، بەڵام ئێستا یەكێتی و گۆڕان تەرازووەكەیان راگرتووە».
عومەر شێخ موس، یەكێك لەدامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» كە لاهور شێخ جەنگی دەبینم گەنجێتی مام جەلالم بیردێتەوە، هەوڵدان بۆ چوونە ناو خەڵك و خۆشەویستی بۆ خەڵك، لەڕووی قسەكردن و وتارو هەڵوێستەكانی كەپێگەی جەماوەری هەیەو جۆرە كاریزمایەكی هەیە خەڵك خۆشی دەوێت و دەتوانێت خەڵكیش بەلای خۆیدا رابكێشێت، بوونی شێخ لاهور بەسەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە كاریگەری دەبێت لەسەر زیادكردنی دەنگەكانی یەكێتی».
هاوكات ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی كورد بەرانبەر بەعێراق، توركیا، ئێران زۆر لاواز بووە» تاسیاسییەكان و حزبەكان چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان نەكەن لەپێناو یەكڕیزیدا ناتوانن پارێزگاری لەقەوارەی هەرێم بكەن ئەگەر هەر بەدوای بەرژەوەندیە حزبەكانیاندا بن».
سەرۆك و سەركردەكانی كورد لەوتارو قسەكانی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان باش تێدەگەن، ئەگەر بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیان و حزبەكانیان بكەون سەركەوتوو نابن، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی نەتەوایەتی لەپێش بەرژەوەندی حزبەكانیان دابنێن دەتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن
هاوڵاتی: دۆخی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە چۆن دەبینن؟
عومەر شێخ موس: بەگشتی ئەوەی بڵێم لەدوای 1991 هەتا ساڵی 2017و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، كورد بەرەو دۆخێكی باش هەنگاوی دەنا لەساڵی 1992 تادواتر ناوچەكانی كورد فراوان بوون وەك هەرێمێك كەسایەتی كوردو دەسەڵاتی كوردی گەشەی كردو كاریگەری هەبوو لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستانیش وەك رۆژئاڤا و باكوری كوردستان كەئومێد بەخش بوو بەهەموو كەموكوڕییەكانیەوە، بەرەو دەسەڵاتێكی بەهێز هەنگاوی نا كە لەعێراقیشدا پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێز بوو، زۆر بەداخەوە ریفراندۆم كرا لە 2017دا كاریگەری كردە سەر ناوبانگی كورد كوردی بەرەو پاشەكشە برد، بەرانبەر بەحكومەتی عێراق و توركیاو ئێران لاواز بووین.
رۆژی چوارشەممە 19ی ئایاری 2021، جنین بلاخارست، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق باسی كەموكوڕییەكان و ئەو مەترسیانەی كرد كە لەسەر قەوارەی هەرێم بوونی هەیە، كە وتی:»نابێت چیتر ناوچەو زۆنی سەوز و زەرد هەبێت و ئەم حوکمڕانییە گرەنتی نییە وەك خۆی بمێنێتەوە و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە»، جنین بەناوی خۆی قسەی كرد لە پانێڵی یەكڕیزی و دەستور نەك بەناوی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو هۆشیارییەی داوەو دەستی خستە سەر برینەكانی كورد، قسەكانی هەمووی باش بوون.
تا سیاسییەكان و حزبەكان بەدوای بەرژەوەندییەكانیانەوە بن ناتوانن پارێزگاری لەقەوارەی هەرێم بكەن، بەڵام ئەگەر بەخۆدابچنەوەو چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان بكەن لەپێناو یەكڕیزیدا دەتوانن پارێزگاری بكەن.
بەگشتی رەوشی هەرێمی كوردستان باش نییە، لاواز بووە بەرانبەر بەعێراق، ساڵی 2005 كەدەستور نووسرایەوە دەسەڵاتی زۆرمان هەبوو وەك هەرێمێكی فیدڕاڵ لەعێراقدا، لەسەدا 17%ی بودجەمان هەبوو داوای لەسەدا 20% و لەسەدا 21%ی بودجەمان دەكردو دەمانوت ژمارەی كورد لەعێراقدا لەسەدا (20) زیاترە، بەڵام پاش ریفراندۆم ئێستا پشكی هەرێم لەبودجەدا (12.67) دیاریكراوەو دەشپاڕێنەوە تاپشكی هەرێم بنێرن، بۆیە لەدەرئەنجامی ریفراندۆم كورد بەرەو لاوازی چووە، بۆیە پێویستە یەكگرتوو یەكهەڵوێستی لەناو حزبە سەرەكییەكانی كوردستان دروست ببێت تاژێر نەكەوین.
كە لاهور شێخ جەنگی دەبینم گەنجێتی مام جەلالم بیردێتەوە، هەوڵدان بۆ چوونە ناو خەڵك و خۆشەویستی بۆ خەڵك، لەڕووی قسەكردن و وتارو هەڵوێستەكانی كە پێگەی جەماوەریی هەیەو جۆرە كاریزمایەكی هەیە خەڵك خۆشی دەوێت و دەتوانێت خەڵكیش بەلای خۆیدا رابكێشێت، بوونی شێخ لاهور بەسەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە كاریگەری دەبێت لەسەر زیادكردنی دەنگەكانی یەكێتی
هاوڵاتی: پێتانوایە ئەو هۆشدارییەی جنین بلاخارست لەسەر مەترسی قەوارەی هەرێم وا بكات سەرۆك و حزبە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە لەپێناو بەرژەوەندی میللەت و پاراستنی هەرێم؟
عومەر شێخ موس: سەرۆك و سەركردەكانی كورد لەوتارو قسەكانی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان باش تێدەگەن، ئەگەر بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیان و حزبەكانیان بكەون سەركەوتوو نابن، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی نەتەوایەتی لەپێش بەرژەوەندی حزبەكانیان دابنێن دەتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، زۆر كەس و لایەن لەدیدارەكان و كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكاندا ئەو راستییەیان بەسەركردایەتی كوردو سەرۆكی حزبەكان وتووە، بەڵام هیچ كاتێك نەبووە لەشوێنێكی تایبەتی وەك پلاتفۆرمی یەكڕیزی و دەستورو كەسێكی بیانی وەك بلاخارست ئەو قسانە بدات بەگوێی بەرپرسانی كورددا، بۆیە قسەكانی كاریگەری و كاردانەوەی هەبووە.
ئێستا یەك لەسەر سێی خاكی باشووری كوردستان لەلایەن توركیاوە داگیركراوە، ئێران دەروازەكانی لەسەر هەرێم داخست لەكاتی ریفراندۆمدا، تەنها سووریا هیچی پێناكرێت بەرانبەر هەرێم و دەسەڵاتی كەمبووەتەوە ئەگەر نا ئەویش تەداخولی دەكرد، بۆیە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەرێمی كوردستاندا بكرێت.
هاوڵاتی: قسەی سەركردەكانت پێ چۆن بوو لەپلاتفۆرمی یەكڕیزی و دەستور؟
عومەر شێخ موس: قسەكانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەپانێڵەكە زۆر باش بوو وتی :»فەرموون ئەم شەش حزبە با ئێستا رێكبكەوین و بەیەكهەڵوێستی بچینە بەغدا»، كاك عومەر سەید عەلی باسی دۆخەكەی كرد قسەكانی باش بوو، كاك نێچیرڤان باسی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكانی كوردو زۆر باش بوو، هەروەها فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیش قسەكانی گرنگ و باش بوو، بەگشتی قسەی باش كرا، بەڵام گرنگ بەرجەستەكردنی ئەو قسانەیە بۆ یەكڕیزی نێوان لایەن و حزبە سیاسییەكان.
هاوڵاتی: یەكێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكیان راگەیاندووە، تاچەند هەنگاوێكی گرنگە بۆ یەكڕیزی و تەبایی لایەنەكان؟
عومەر شێخ موس: داخوازی زۆر لەناو قەواعیدی یەكێتی و گۆڕان و جەماوەرەكەیاندا هەبوو بۆ تەبایی و هاوپەیمانێتی كردن، یەكێتی و گۆڕان گرەنتی دیموكراسی و ئازادی بیروڕاو ئازادی كاری سیاسین لەهەرێمی كوردستاندا، هەموو كەس ئەوە دەزانێت، چونكە پارتی بیری مۆنۆپۆڵی دەسەڵاتی هەیەو جیا لەخۆی وا مامەڵە دەكات كە كەسی دیكە نەبێت و خۆیان حاكم بن، بەڵام ئێستا یەكێتی و گۆران تەرازووەكەیان راگرتووە.
خاڵی دووەمی ئەم هاوپەیمانێتییەیان لەئەنجامی لاوازی گۆڕان كە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان توشی بووەو كێشەی ناوخۆیی بۆ دروست بووە، یەكێتیش دوای كۆنگرەی چوار هێشتا كەسی ناڕازی و باڵ باڵێنی تێدا ماوە، پارتی زاڵ بووە بەسەر حكومەت و پەرلەماندا، زۆرجار پارتی هەنگاو دەنێت و بڕیار دەردەكات بەبێ راوێژكردن بەیەكێتی و گۆڕان.
باشی ئەم هاوپەیمانێتییەی یەكێتی و گۆڕان لەوەدایە كە بەهێز ببنەوەو بەرەو ئاراستەی یەكخستنی هێزەكانیان بێت، ئومێدەوارم دەنگی زۆر لەهەڵبژاردنەكان بهێنن حوکمڕانی هەرێم بكەنە سیستمێكی تەواو دیموكراسی.
هاوڵاتی: جۆرێك لەهەماهەنگی لەنێوان یەكێتی و كۆمەڵ دەبینرێت بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەم هەنگاوەش كارێكی ئیجابییە؟
عومەر شێخ موس: بۆخۆم باوەرم بەهێزی ئیسلامی نییە بەسەڕاحەت دەیڵێم، راستە لەناو كۆمەڵگا دین و ئاین قورسایی خۆیان هەیەو خەڵكی ئێمە دیندارن، بەڵام ئیسلامی سیاسی بوونی نەبوو.
هێزە ئیسلامییەكان لەئەنجامی ئەو بەناو سیكۆلارەكان كەخەریكی گەندەڵی بوون خەڵك روویان لەحزبە ئیسلامییەكان كردووە كە پشتگیری دەكرێن لەلایەن سعودیەو قەتەرو ئێران و توركیا.
بزوتنەوەی گۆڕان كە دروستبوو زۆر باش بوو خەڵكی ناڕازی لەخۆی كۆكردەوە ئەگەر ئەوە نەبوایە خەڵكە ناڕازییەكە رووی دەكردە هێزە ئیسلامییەكان.
بۆ ئەو پرسە لەگفتوگۆكانمدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و كاك نەوشیروان مستەفا و مام جەلال باسم كردووە كە پارتە كۆمۆنیستەكان تا رادەیەك گۆڕانكاریان بەسەر خۆیاندا هێناو لەساڵی 1970 قبوڵكران و ئێستا بەناوی پارتە سۆسیالیستەكانەوە كاردەكەن، هەندێك هێزی ئیسلامی بەرەو دیموكراسی هاتوون، بەڵام ئەوانەی سەر بەئیخوانن لەگەڵ ئیسلامی جیهادی دیموكراسیان قبوڵ نییەو دەیانەوێت شەریعەتی ئیسلامی و دەوڵەتی فەقیه دابمەزرێنن.
بۆ خۆم هەموو تەبایی و تەنسیقێكم پێ باشە لەنێوان لایەنەكانی كوردستاندا هەبێت ئەوەش گەمەیەكی سیاسییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.
هاوڵاتی: پێتانوایە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان كە لاهور شێخ جەنگییە رۆڵی دەبێت بۆ زیادكردنی دەنگەكانیان؟
عومەر شێخ موس: كە لاهور شێخ جەنگی دەبینم گەنجێتی مام جەلالم بیردێتەوە، هەوڵدان بۆ چوونە ناو خەڵك و خۆشەویستی بۆ خەڵك، لەڕووی قسەكردن و وتارو هەڵوێستەكانی كە پێگەی جەماوەریی هەیەو جۆرە كاریزمایەكی هەیە خەڵك خۆشی دەوێت و دەتوانێت خەڵكیش بەلای خۆیدا رابكێشێت، بوونی شێخ لاهور بەسەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە كاریگەری دەبێت لەسەر زیادكردنی دەنگەكانی یەكێتی، بەڵام ئەوەش گرنگە بۆ هەڵبژاردنەكان چاودێری باش دابنرێت تا رێگری لەساختەكاری بكرێت لەهەڵبژاردنەكاندا.