‌سێ کاندیدى به‌هێز بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى ئێران ره‌تکرانه‌وه‌

ته‌نها حه‌وت کاندید بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆماریى ئێران په‌سندکران و ئه‌وه‌ش ناره‌زایه‌تى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
 وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئێران لیستى کاندیده‌کانى سیانزه‌یه‌مین خولى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆماریى ئێرانى راگه‌یاند که‌ حه‌وت که‌س مۆڵه‌تى ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى ده‌ستوورى ئێرانیان بۆ به‌شداریى هه‌ڵبژاردن له‌ مانگى داهاتوو وه‌رگرتووه‌ و سێ له‌کاندیده‌ به‌هێزه‌کان که‌ پێکهاتبوون له‌(عه‌لى لاریجانى، مه‌حمود ئه‌حمه‌د نه‌ژاند،ئیسحاق جهانگیرى) ره‌تکرانه‌وه‌.

به‌پێى راگه‌یێندراوى کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئێران که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌، ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى ده‌ستوور شیاوبوونى هه‌ریه‌ک له‌(ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌عید جه‌لیلی، موحسین ره‌زایی، عه‌لیڕه‌زا زاکانی، ئه‌میرحوسێن قازیزاده‌ هاشمی) له‌ محافزکاران و ( موحسین مێهرعه‌لیزاده‌، عه‌بدولناسر هیمه‌تى) ریفۆرمخوازانى په‌سندکردووه‌.

 ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى ده‌ستوورى ئێران شیابوونى ئیسحاق جه‌هانگیری، جێگرى ئێستاى سه‌رۆک کۆمارى ئێران که‌ یه‌کێکه‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌ ریفۆرمخوازه‌کان و هه‌روه‌ها عه‌لى لاریجانى که‌ ماوه‌ى 12 ساڵ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى ئێران بوو، له‌گه‌ڵ مه‌حمود ئه‌حمه‌د نه‌ژاد، سه‌رۆکى دوو خولى سه‌رۆک کۆمارى ئێرانى ره‌تکرده‌وه‌و ئه‌وه‌ش ناره‌زایه‌تى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.

 ‌سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى که‌ زیاتر له‌ 550 که‌س خۆیان کاندید کردبوو، به‌ڵام زیاتر ناوى 14 کاندید ده‌هات که‌ په‌سه‌ند ده‌کرێن بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌.

ئیبراهیم ره‌ئیسی، که‌سایه‌تى دیارى موحافزکاران سه‌رۆکى ده‌زگاى دادى ئێرانه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنى چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى به‌ حه‌سه‌ن رووحانى دۆڕاند و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌کێکه‌ له‌ کاندیده‌ به‌هێزه‌کانى موحافزکاران.
 هه‌روه‌ها عه‌بدولناسر هیمه‌تی، سه‌رۆکى بانکى ناوه‌ندیى ئێران، ریفۆرمخواز و مامۆستاى ئابوورى زانکۆى تارانه‌ و ریفۆرمخوازان ئومێیان پێدا هه‌ڵچنیه‌وه‌ دواى ره‌تکردانه‌وه‌ى ئیسحاق جهانگیرى.

بریاره‌ رۆژى 18ى مانگى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى ئێران به‌رێوه‌ بچێت و چاوه‌روان ده‌کرێت به‌هۆى دۆخى خراپى دارایى هاوڵاتیان و گه‌مارۆى ئابوورى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ رێژه‌ى به‌شداریکردن زۆر که‌مبێت و به‌پێى راپرسییه‌کان له‌نێوان له‌سه‌دا 25% بۆ له‌سه‌دا 39% ده‌نگده‌ران به‌شدارى تێدا ده‌که‌ن.
هاوکات، به‌پێى به‌دواداچونێکى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، که‌ له‌ ژماره‌ 1920 دوێنێ دووشه‌ممه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ حزبه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان بانگه‌شه‌ى بایکۆتیان ده‌ستپێکردووه‌ که‌ هاوڵاتیانى کورد به‌شدارى تێدا ناکه‌ن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار