کازمى بۆ عامرى: ده‌ستله‌کارده‌کێشمه‌وه
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ڕۆژنامه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى چاپى له‌نده‌ن بڵاویکرده‌وه، مسته‌فا کازمى سه‌رۆکى حکومه‌تى عيراق، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یکردووه له هادى عامرى سه‌رۆکى به‌در ئه‌گه‌ر چه‌کداره‌کانى حه‌شد نه‌چنه ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى سه‌وز، له‌وتارێکى ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئۆباڵى هه‌ره‌سى ده‌وڵه‌تیش ده‌خاته ئه‌ستۆى هێزه شیعه‌کان.
رۆژنامه‌که له ڕاپۆرتێکدا که ئه‌مڕۆ 28 ئایارى 2021 بڵاویکردووه‌ته‌وه ستایشى ئازایه‌تى مسته‌فا کازمى ده‌کات له ده‌ستبردن بۆ ده‌ستگیرکردنى فه‌رمانده‌یه‌کى حه‌شد و به"گۆڕ‌انى په‌یوه‌ندى حکومه‌ت له‌گه‌ڵ حه‌شد" ده‌داته قه‌ڵه‌م.
ئه‌لعه‌ره‌ب له‌زارى سه‌رچاوه‌کانییه‌وه ئه‌وه‌شى ئاشکراکردووه، به‌پێى سه‌رچاوه‌کانى ئه‌لعه‌ره‌ب عامرى توشى شۆک بووه له پێداگریى زۆرى کازمى و پێیوا نه‌بووه ده‌ست بۆ فه‌رمانده‌یه‌کى باڵاى حه‌شد ببات له‌چه‌شنى (قاسم موسڵیح) هه‌روه‌ها بڕواى نه‌کردووه له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى له‌زیندان ئه‌وه‌نده‌ش به‌رگرى فشاره‌کان بکات.
هادى عامرى که سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تحى حه‌شدى شه‌عبى ده‌کات له پاش هه‌ڵکوتانه سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز و بڵاوه‌کردنى چه‌کداره‌کان، له لێدوانێکدا جه‌ختیکرده‌وه، "ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت شکۆى حه‌شدى شه‌عبى بشکێنیت، ئه‌وه‌یه که ده‌یه‌وێت شکۆى ده‌وڵه‌ت بشکێنێت، چونکه به خوێنى خۆى شکۆى ده‌وڵه‌تى بونیات ناوه".
هاوکات، ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌تى چاپى له‌نده‌ن بڵاویکرده‌وه فشاره سه‌ربازییه‌کانى سه‌ر مسته‌فا کازمى سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه بۆ ئازادکردنى تۆمه‌تباره‌که‌ى حه‌شد یان لانیکه‌م راده‌ستکردنى به ده‌زگاى ئاسایشى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبی، چونکه قاسم موسڵیح هه‌ر له زیندان ماوه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌ند تۆمه‌ته‌کانى قاسم موسڵیح، تیرۆره، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه دزه‌پێکراوه‌کان ناوبراو تۆمه‌تباره به هێرشکردنه سه‌ر بنکه‌ى (عین الاسه‌د) ئه‌مه‌ریکییه‌کان و تیرۆرکردنى چالاکوانانى خۆپیشاندانى تشرین له‌وانه‌ش ئیهاب وه‌زنى که له (9 ئایار) له سه‌نته‌رى که‌ربه‌لا کوژرا.
رۆژى چوارشه‌ممه 26 ئایارى 2021، ده‌ستگیرکردنى قاسم موسڵح فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى ئه‌نبارى حه‌شدى شه‌عبی، گروپه میلیشیاکانى سه‌ربه حه‌شدى شه‌عبى توڕه کرد و هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا، پاش ئه‌وه‌ش هێزێکى زۆرى ئه‌منى له ده‌روازه‌کانى ناوچه‌ى سه‌وز بڵاوه‌یان پێکرا و له‌شه‌قامه‌کانى به‌غداش گرژى دروست بوو.
دوێنێ پێنجشه‌ممه چوار سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عێراق(سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رۆکى په‌رله‌مان، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق) کۆبونه‌وه‌و له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئه‌وه‌یان دووپاتکرده‌وه که پێویسته هه‌موو لایه‌ک رێز له سه‌روه‌رى یاسا‌و ده‌ستور بگرێت.