مامەڵە لەگەڵ یەبەشەدا دەكەین

‌داود جوندی، بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەكێتی لەشەنگال بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



 سازدانی : پ. دهۆك

 

بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەكێتی لەشەنگال ئاماژە بەوەدەدات كەدۆخی شنگال زۆر ئارامەو هەموو ئاوارەكان دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەشڵێت:» وەك یەكێتی مامەڵە لەگەڵ مەكتەبی گشتی پادێ و یەبەشەدا دەكات».

داود جوندی، بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەكێتی لە شەنگال لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، دەشڵێت:» پەكەكە وەك كەجەكە یان وەك هەپەگە لەشەنگال نیە واتە كەجەكە وەك حزبی پەكەكەو هەپەگە وەك گەریلا لەشەنگال نیە، تەنیا ئەو هەڤاڵانەی پادێ لەشنگالن، پادێ حزبێكی فەرمییە لەعێراق و مۆڵەتی فەرمی خۆی هەیە، مەكتەبی گشتی پادێ و ئەندامەكانی ئێزیدین و خەڵكی شنگالن، یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال ( یەبەشە ) ئەمانەش هەر خەڵكی شنگال و رەگەزنامەی عیراقییان هەیە».

هاوڵاتى: دۆخی شەنگال ئێستا چۆنە بەتایبەت دوای نەمانی چەكدارانی داعش لەشارەكەدا؟ 

داود جوندی: دوای رزگاركردنی شنگال لەڕووی ئەمنییەوە زۆر ئارامە بەتایبەت دوای پاشەكێشی دووەم و سێیەمی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو دەزگایانەی ئەمنی لێرە نەمان، ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەمنی لەناوچەكە نیەو ئەم شتە بە شەهادەتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوا و فەرماندەی پۆلیسی موسڵ و هەموو دەزگاكانی ئەمنی لەشنگال راپۆرتی خۆیان دیاریكردووە كە دۆخەكە زۆر ئارام و بێ كێشەیە.

لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لەعێراق بەگشتی خزمەتگوزاری كەمە ، بەڵام لەشەنگال بەحوكمی ئەوەی شەنگال لەژێر دەستی داعش بۆ ژێرخانی وەكو پرۆژەكانی ئاوو كارەباو فەرمانگەكانی حكومی یان وێران كردووە، پرۆژەكانی خزمەتگوزاری بەرامبەر ئەو  وێرانەیەی بەسەر شەنگالدا هاتووە كەمە، بەڵام بەو واتایە نایەت كە هیچ خزمەتگوزاری نەكراوە، لە بودجەی 2019 لەكاتی ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بووین وەكو نوێنەری خەڵكی شەنگال و فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەن هەوڵێكی زۆر باشماندا، لەوكاتە ژمارەیەك پرۆژەی باش لەبواری قیرتاوكردنی شەقامەكان، نۆژەنكردنەوەی خوێندنگاكان، لەڕووی تەندروستییەوە ئێستا دۆخەكە زۆر باشە.

هاوڵاتى: زۆرجار پەكەكە تۆمەتباردەكرێت بەوەی كە هێزەكانی لەشەنگالدا ماون؟

داود جوندی: ئەو دەزگایانەی سەر بەپارتی توزێك ئاژاوەی گەورە لەسەر شەنگال دروستدەكەن و دەڵێن پەكەكە لەشەنگالدا ماوە ، پەكەكە وەك كەجەكە یان وەك هەپەگە لەشەنگال نیە، واتە كەجەكە وەك حزبی پەكەكەو هەپەگە وەك گەریلا لەشەنگال نیە، تەنیا ئەو هەڤاڵانەی پادێ لەشەنگالن ، پادێ حزبێكی فەرمییە لە عێراق و مۆڵەتی فەرمی خۆی هەیە، مەكتەبی گشتی پادێ و ئەندامەكانی ئێزیدین و خەڵكی شەنگالن ، یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال ( یەبەشە )، ئەمانەش هەر خەڵكی شەنگال و رەگەزنامەی عیراقییان هەیە و ئەمانە گرێدراون سەر بەحەشدی شەعبی .

ئیدارەی سەربەخۆی شەنگال لەڕووی یاسای عێراقەوە قبوڵی نیە بەحوكمی ئەوەی لەدەستوری عێراق ئەم شتە نیە، لەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانیش رێگا بەوە نەدراوە ئیدارەی سەربەخۆ لەقەزایەك یان لەناحیەیەك دروستبكرێن، ئەمەی كراوە لەشەنگال بیرۆكەی هەڤاڵانی گرێدراوە سەر بە ئایدۆلۆژیای پەكەكە بوو، حكومەتی عێراق بەتەواوی كۆنتروڵی لەسەر شەنگال نەكردوە و ناتوانن كێشەی ئیداری شەنگال چارەسەربكەن،  بۆیە ئەم ئیدارەیە دامەزرا، تاڕادەیەكی باش خزمەتگوزاری ئەنجامدەدەن و لەناو خەڵكیشدا هاوكاری خەڵك دەكەن .

خەڵكی شەنگال كێشەیان لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبی نییە

هاوڵاتى: باس لەوە دەكرێت لەناو ئێزدییەكان چەند میرێكیان هەیە یان دوو قایمقام و دوو ئیدارە ، ئەمە تاكەی بەردەوام دەبێت، چارەسەرچیە؟

داود جوندی: ئێمە وەكو یەكێتی بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردان لەكاروباری میری ئێزدییان و هەموو دەزگاكانی تری ئایینی و پێكهاتەكان وەكو كاكەیی و پێكهاتەكانی تر ناكەین، ئەمە پرسێكی تایبەتە بەخۆیان ، ئێمە تەنها قسەی خێرو باش بەوانە دەڵێین چی باشە بۆ مللەتی خۆیان بیكەن ، یەكێتی لەدانان و گوڕینی میر دەستتێوەردان ناكات، ئێمە تەنها لەگەل بۆچوونی خەڵكداین، كاتێك خەڵك میر قبوڵ ناكات، میر چی دەگەیەنێت، میر ئەوەیە خەڵك پێی ڕزی بێت و قبوڵی بكەن، هەركاتێك خەڵك و سەرۆك هۆزەكان و رۆشنبیرانی ئێزیدی كەسێكیان وەكو میر قبوڵ یان كرد ئێمەش وەك یەكێتی رێز لەبۆچوونی ئەوان دەگرین ، بەڵام كاتێك پارتی بێت كەسێك هەڵدەبژێریت وەكو میرو لەدەرەوەی رای خەڵك ئێمە ئەوكات لەبەرەی خەڵك دەمێنینەوە .

ئیدارەی شەنگال لە 2003 تائێستا لەدەستی پارتیدایە ، زۆربەی خەڵك دەتوانم بڵێم 75%ی ئێزیدییەكان دەڵێن ئێمە هیچ خێرو سوودمان لەو ئیدارانە وەرنەگرتووە، دوای ئەوەی لە 2014 ئەو ئیدارەیە پاشەكشەیان كرد لەشەنگال، بۆشاییەك دروست بوو، ئەو هەڤاڵەی چەند ساڵێكە بووە قایمقام كە بەشێوەی خۆبەخش، بەشێك لەكاروباری خەڵك و كارگێڕی ناوچەكە بەڕێوەدەبات، ئێمە ناڵێین پشتگیری فڵان كەس دەكەین یان دژی فلان كەسین ، وەك یەكێتی لەگەڵ یاساداین كاتێك ئەو یاسایە لەخزمەتی خەڵكی شەنگالدا بێت.

قسەی مەحما خەلیل زۆر دوورە لەڕاستی، بەهیچ شێوەیەك شەنگال لەلایەن یەبەشەوە كونتروڵ نەكراوە

هاوڵاتى: دەوترێت هێزێكی زۆر لە شەنگال هەیە، ئایا شەنگال پێویستی بەو هەموو هێزەیە هەیە، پێتان وانیە دەبێت گۆڕانكاری بكرێت و ژمارەی چەكدارەكان كەمبكرێنەوە؟

داود جوندی: ئەو هێزە زۆرەی لەشەنگال هەیە ئێمە حەزدەكەین تەسنیف بكرێتەوە، ئەگەر كەمیش بكرێتەوە لەوانەیە باشتریش بێت ، ئەوانەی لە شەنگالن سوپای عێراقە كەئەویش فیرقەی (20) لەگەڵ بەشێك لەفیرقەی (15) كە ئەمانە ئەركیان پاراستنی سنوورە.

پۆلیسی ناوخۆو فیدراڵیمان هەیە ئەوەش لەهەموو شوێنێك ئەركیان پاراستنی ناو شارە، حەشدی شەعبی ژمارەیان ئەوەندە زۆر نیە كە لەهەندێك شوێن باس دەكرێت، ئەركێكی ئەوتۆیان نیە لەهەندێك بازگەو چەند شوێنێكدان، هێزەكانی یەبەشە شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە و هەماهەنگی باشیان لەگەڵ سوپا هەیە، ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر رێككەوتنێكی باشیان هەباو هێزێكی هاوبەشیان پێكهێنابا ئەوكات زۆر باش دەبوو.

هاوڵاتى: مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شەنگال دەڵێت یەبەشە شەنگالی كونتروڵ كردووە ئەمە راستە؟

داود جوندی: ئەم قسەی مەحما خەلیل زۆر دوورە لەڕاستی، بەهیچ شێوەیەك شەنگال لەلایەن یەبەشەوە كونتروڵ نەكراوە، ئەمنی نیشتیمانی و پۆلیس و دەزگاكانی تری ئەمنی لەناو شەنگالدان، ئاسایشی ئێزدیخانیش بارەگایان هەیە لەناوەندی شنگال،  بەڵام كۆنترۆڵكردنی شارو هەموو جموجۆڵەكانی سەربازیی لەدەست یەبەشەدا نین.

هاوڵاتى: حەشدی شەعبی چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵكی شەنگال دەكات، خەڵك نیگەرانە لەمامەڵەی حەشدی شەعبی؟

داود جوندی: دەزگا راگەیاندنەكانی زەرد  شت وا بڵاودەكەنەوە كەخەڵكی شەنگال زۆر كێشەیان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، ئەمە هیچ راست نیە، هیچ كەسێك لە شەنگال كێشەی لەگەڵ حەشدی شەعبی نیە ، بەپێچەوانەوە خەڵك لە 2015و ئەو سەردەمە حەشدی شەعبییان خۆشدەویست چونكە چەكداری باشبوون لەكاتی كونتروڵكردنەوەی شەنگال.

سێ فەوجیان هەیە لە شەنگال و هیچ پەیوەندییان بەخەڵكەوە نیە، هەندێك خەڵك پەیوەندییان پێوە دەكات، ئەوانیش مانگانە موچەیەكیان پێدەدەن، حەشدی شەعبی هیچ روڵێكیان نیە لەئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە، لەهەمانكاتیشدا هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ خەڵكدا نیە.

هاوڵاتى: شەش مانگ تێپەڕبووە بەسەر رێككەوتنی بەغداو هەولێر، بەڵام هیچ خاڵێك جێبەجێ نەكراوە ، لەگەڵ دەستكاریكردنی رێككەوتنی بەغدا و هەولێرن؟

داود جوندی: ئەگەر دەستكاری بكرێت باشترە، هەندێك خاڵی ئەو رێككەوتنە باشن، بۆ نموونە گەڕانەوەی ئاوارەكان، یان ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە ، بۆ گۆڕانكاری لەئیدارەی شەنگال دەبێت رای خەڵكیش وەربگریت، یەكێك لەخاڵەكان دەڵێت پەكەكە كۆنتروڵی شەنگالی كردووە باشترە وشەی پەكەكە لاببرێت .

هاوڵاتى: وەكو یەكێتی چ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ شنگال و خەڵكی قەزاكە؟

داود جوندی: ئێمە وەكو یەكێتی لەڕووی مەعنەوییەوە بۆ یەك چركەیەکیش شەنگالمان چۆڵنەكردووە، ئێمە شنگالین و بەردەوام پشتگیری لەخەڵكی خۆمان دەكەین، شەنگال بۆ هیچ كەس و لایەنێك چوڵناكەین و بەردەوام خەباتی تێدا دەكەین.

لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لەڕێگای تیمەكەمان لەحكومەتی عێراق، بەردەوام هەوڵ بۆ گەیاندنی خزمەت و پرۆژەكان دەكەین، فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش هەوڵێكی گەورە دەدەن تا یاسای باش بۆ ناوچەكە دەربكەن و داواكارییەكانی خەڵك لە یاساكانی خۆیان بچەسپێنن، باشترین نموونەش كۆتا یاسا لەئەنجومەنی نوێنەران دەرچوو، یاسای رزگاربووانی دەستی داعش بوو كە تیمەكەمان لە رێگای سەرۆك كۆماری عێراق هەوڵێكی زۆریاندا تا یاساكە دەربچێت كەئەوەش شتێكی زۆر گرنگ بوو.

 هاوڵاتى: دەوترێت یەكێتی لە شەنگال مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی و یەبەشە دەكات، هەندێكجار پارتی و چەند لایەنێكی تر یەكێتی تۆمەتبار دەكەن كە پەیوەندی باشتان هەیە لەگەڵ ئەو هێزانە، مامەڵەتان چۆنە؟

داود جوندی: ئێمە وەكو یەكێتی بەردەوام دەبینە قوربانی، لە شەنگال و هەموو ناوچە كوردستانیەكان لەگەڵ ئارامی ناوچەكەداین، كاتی ئەو هەڤاڵانەی گرێدراون بە ئایدۆلۆژیای پەكەكە كەهەر خەڵكی شەنگالن و ئێمە كێشە و گیروگرفت لەگەڵیان دروستبكەین، دواتر كێشە لە شەنگال دروست ببێت ، پەكەكە رێزی لێدەگرین، حەشدی شەعبی هێزێكی سەرەكی عێراقە و ئەوانەی لە شەنگالن هەر ئێزیدین و خەڵكی ناوچەكەن، ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین تا  ببێتە نامەیەك بۆ هەموو ئەو ئاوارانەی لەهەرێمی كوردستانن بۆ ئەوەی بزانن دۆخی شەنگال باشەو ئارامە و هیچ كێشەی تێدانیە، هەموو ئەو لایەنانەی ئێستا لەشەنگالن هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە كەپێكەوە یەكدەست و یەكگرتوو بین تائاوارەكان بگەڕێنەوە، لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ هەموو هێزو لایەنێك دەكەین لەپێناو یەكگرتوویی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار