لەچین ڤایرۆسێكی نوێ سەریهەڵدا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

لەچین جۆرە ڤایرۆسێكی نوێ سەریهەڵدا و لە باڵندەوە بۆ مرۆڤ گوازرایەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند " " تاوەکو ئێستا سەرچاوەی ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە و، هیچ توشبووێکی دیکەیش تۆمارنەکراوە. هەروەها تاوەکو ئێستا دیار نییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە".

ئەو پیاوە چینییە تەمەنی 41 ساڵە و لە 28ـی نیسانەوە لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای ژیانگسو خەوێنراوە، دوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری نەخۆشکەوتنی دەرکەوت کە تووشی جۆرێکی نوێی ئەنفلوەنزا بووە، بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتمانی چین ئەوە یەکەمجارە کە ڤایرۆسی H10N3 بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 و 2017 ئەنفلوەنزایەکی دیکەی باڵندە بەناوی H7N9 زیاتر لە هەزار و 500 کەسی لە چین تووش کرد کە لە مریشکەوە بۆ مرۆڤ گوازرابووەوە. بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی چین زۆر تووشی سەرسوڕمان نەبوون بە دەرکەوتنی جۆرە نوێیەکانی ئەنفلوەنزای باڵندە.

لە 28-05-2021 دەرکەوتووە کە پیاوە چینییەکە تووشی جۆرێکی نوێی ئەنفلوەنزا بووە، بەڵام دوای پێنج رۆژ هەواڵەکەی لە میدیاکان بڵاوبووەوە، تەندروستیی نیشتمانیی چین دەڵێت، "دۆخی تەندروستیی تووشبووەکە ئێستا جێگیرە و، بەزوویی رەوانەی ماڵەوەی دەکرێت".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی ڤایرۆسەکە دەڵێت، " تاوەکو ئێستا سەرچاوەی ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە و، هیچ تووشبووێکی دیکەیش تۆمارنەکراوە. هەروەها تاوەکو ئێستا دیار نییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە".

فیلیپ کلایس، پسپۆرێکی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاژەڵان دەڵێت، "ئەو جۆرە ئەنفلوەنزایە زۆر باو نییە"، لە ماوەی 40 ساڵدا نزیکەی 160 جۆری ڤایرۆسی گوازراوە بۆ مرۆڤ تۆمارکراوە کە زۆربەیان لە باڵندەوە بوون.

لە تشرینی دووەمی 2020 جۆرێکی دیکەی ئەنفلوەنزا سەری هەڵدا لە ئەوروپا کە بووە هۆی لەنێوبردنی هەزاران باڵندە، یەکەم تووشبووی ئەنفلوەنزا نوێیەکە -H5N8- لە شوباتی ئەمساڵ لە رووسیا تۆمارکرا. دواتر حەوت کەسی دیکە تووشی هەمان جۆری ئەنفلوەنزا بوون کە پاش ماوەیەک چاکبوونەوە.

نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەوە، دوای ماوەیەکی کەم بووە پەتایەکی جیهانی. جیاوازیی نێوان ئەو دوو ڤایرۆسە ئەوەیە کە لایەنە تەندروستییە جیهانییەکان باشتر ئامادەی رێگری لە ئەنفلوەنزان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار