کازمى: رێگه‌ به‌هیچ پێشێلکاریه‌کى ئه‌منى نادرێت 

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌میانه‌ى سه‌رپه‌رشتیکردنى کۆبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتمانیدا رایگه‌یاند، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى عێراقدا، رێگه‌ به‌هیچ پێشێلکاریه‌کى ئه‌منى نادرێت.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆکى حکومه‌ت، ئه‌مڕۆ مسته‌فا کازمى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌کداره‌کان سه‌رپه‌رشتى کۆبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتمانى کرد، له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ڕه‌وشى ئه‌منى وڵات و ژماره‌یه‌ک بابه‌ت تاوتوێکران. 

مسته‌فا کازمى ئاماژه‌ى به‌ گرنگى کارکردن بۆ چه‌سپاندنى بنه‌ماى دڵسۆزى بۆ نیشتمان له‌ نێوان ئه‌ندامانى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و به‌رزکردنه‌وه‌ى گیانى دیسپلینى باڵا له‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌رکه‌کاندا کرد و راشیگه‌یاند، یاسا تاکه‌ ڕێگایه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى پێگه‌ى ده‌وڵه‌ت و دڵسۆزى بۆی، سه‌ره‌ڕاى بونى که‌ڵه‌که‌بونى گه‌وره‌ و چه‌ندین هه‌ڵه‌ که‌ کاریگه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌رونى دروستکردوه‌.

هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک راسپارده‌ى بۆ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌کان دوپاتکرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى چڕکردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌کانیان، بۆ دابینکردنى ژینگه‌یه‌کى ئارام بۆ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و جه‌ختیشیکرده‌وه‌، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى عێراقدا، رێگه‌ به‌هیچ پێشێلکاریه‌کى ئه‌منى نادرێت.

هاوکات، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌کداره‌کان جه‌ختیشى له‌سه‌ر پێویستى گرنگیدانى زیاتر و دابینکردنى خۆراک بۆ هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى سوپاى عێراق کرده‌وه‌ و بڕیاریشدرا که‌ لیژنه‌ى هاوبه‌ش پێکبهێندرێت بۆ چاودێریکردنى جێبه‌جێکردنى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى پێشتر گیراونه‌ته‌به‌ر. 

هه‌ر له‌ دانیشتنه‌که‌دا وه‌زیرى ناوخۆ له‌باره‌ى سه‌ردانه‌کانى بۆ پارێزگاکانى به‌سره‌ و زیقار راپۆرتێکى وردى پێشکه‌ش کرد و چه‌ند ڕێوشوێنێکى بۆ به‌هێزکردنى سه‌قامگیریى پارێزگاى زیقار و دابینکردنى پێداویستیى هاوڵاتیانى ئه‌و پارێزگایه‌ خسته‌ڕو.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار