نه‌ژاد نهێنیى هێرشێکى ئیسرائیل بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ى ئاشکرا ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

مه‌حمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد، سه‌رۆککۆمارى پێشووى ئێران رایگه‌یاند به‌مزووانه‌ زانیارى له‌باره‌ى گرووپێک بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌ دزه‌یان کردووه‌ته‌ نێو ئیتڵاعاته‌وه‌ و نهێنییه‌که‌ى هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنکه‌ى ئه‌تۆمى ته‌نز ئاشکرا ده‌کات.
ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى ده‌ستوورى ئێران شیاوێتى مه‌حمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژادى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆککۆماریى په‌سند نه‌کرد، دوا به‌دواى ئه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى میدیاکانى ئێرانه‌وه‌ زانیارى ئاشکرا ده‌کات.

مه‌حمود ئه‌حمه‌د نه‌ژاد رایگه‌یاند:"هه‌واڵگریى ئێران، ناسراو به‌ ئیتڵاعات، چه‌ند ساڵێکه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ بیانییه‌کانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ره‌ و تاوه‌کو ئێستا چه‌ندجارێک زانیارییه‌ گرنگه‌کانى حکومه‌تى ئێرانیش دزراون".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ئیسرائیل له‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ى ساڵى رابردووى بنکه‌ى ئه‌تۆمیى نه‌ته‌نز 10 ملیار دۆلار زیانى به‌ ئێران گه‌یاندووه‌ و له‌ چه‌ند قۆناغێکى دیکه‌شدا زانیاریى گرنگى مووشه‌کى و به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمیى وڵاته‌که‌مانى بردووه‌".
 هه‌واڵگریى ئێران مه‌حموود ئه‌حمه‌دى نه‌ژادى به‌ تێکدانى ئاسایشى نیشتمانى تۆمه‌تبارکرد و رایگه‌یاندووه‌ که‌ وه‌زاره‌تى ئیتڵاعات له‌کاتى گونجاودا رووبه‌ڕووى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد ده‌بێته‌وه‌ و ناهێڵێت چیدیکه‌ به‌ بیروبۆچوونى یارى به‌ کۆمه‌ڵگه‌ى ئێران بکات.
 
مه‌حموود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد له‌ راگه‌یێندراوێکدا وتی:" تیمێکى گه‌نده‌ڵ دزه‌ى کردووه‌ته‌ نێو سیسته‌مى هه‌واڵگریى ئێرانه‌وه‌ که‌ زیانێکى گه‌وره‌ى ئابووری، کولتوورى و سیاسى به‌ وڵات ده‌گه‌یێنێت و به‌ زووترین کات لایه‌نه‌کانى نێو ئه‌و گه‌نده‌ڵى و سیخوڕییه‌ له‌نێو هێزه‌کانى هه‌واڵگریدا ئاشکرا ده‌که‌م".

نه‌ژاد له‌ راگه‌یێندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌" هێزه‌کانى ئیتڵاعات هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردووه‌". 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار