شەڕی پارتی‌و پەكەكە روودەدات‌و ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت‌و كورد تێیدا زەرەر دەكات

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، رووناكبیرو كەسایەتیی سیاسی بۆ ‌هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

محەمەد ئەمین پێنجوێنی رووناكبیرو كەسایەتیی سیاسی دەڵێت:»رووداوەكەی مەتینا زۆر ناخۆش بووەو تاكە رێگەچارەسەر دانیشتن و گفتوگۆی سەركردایەتی پەكەكەو پارتییە و سەرەڕای رووداوەكان  خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیەو لەسیاسەتدا هیچ شتێك موستەحیل نییە».

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، كەسایەتی سیاسی و رووناكبیر لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ ‌هاوڵاتى، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپیلانی بی توركیا شەڕی كوردو كوردەو دەشڵێت:» شەڕی پارتی و پەكەكە روودەدات و ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت و كورد تێیدا زەرەر دەكات».

هەروەها ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان پارتی و پەكەكەدا لەڕێگەی خێرخواو كەسایەتییەكان بوونی هەیە» ئەمە هەوڵ و جوهدو عەقڵی منەوەری دەوێت كەبتوانێت لەم تەنگانەیەدا هەوڵبدات رێگایەكی چارەسەری بدۆزنەوەو شەڕەكە روونەدات».

هاوكات ئەوەش ئاشكرادەكات كەپەكەكە لەخۆیەوە نەهاتووە بۆ باشووری كوردستان و قەندیل، «یەكێتی و پارتی خۆیان پەكەكەیان هێناوە بۆ ئەو ناوچانە بەڕێکكەوتن دوای شەڕی 1992، لەماڵی كەریم خانی برادۆست كە كەمال فوئاد نوێنەری یەكێتی و خوالێخۆشبوو دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس نوێنەری پارتی و نوێنەرانی پەكەكە ئامادەبوون و لەنزیكەوە ئاگاداربووین، كە پەكەكە لەخواكوڕكەوە بچنە زەڵێ و قەندیل و لەوێ ئیشوكاری خۆیان بكەن و بەڕەسمی هاتوون».

‌هاوڵاتى:رووداوەكەی مەتینا چۆن دەبینن؟ پێتانوایە سەر دەکێشێت بۆ رووداوی دیکە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو رووداوەی رۆژەی شەممە كە لەمەتینا روویدا شتێكی ناخۆش بوو، زۆر ناڕەحەتبووم بەو رووداوە، هەتا ئێستاش ئەو بۆچوونە هەیە كە بۆردومان كراون، چونكە یەكێك لەبریندارەكانی پێشمەرگە وتی:»ئێمە نازانین یان بۆمبای تەیارە بووە، یان موشەكێك لێی داوین»، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە بەگوللە نەكوژراون و بەسیلاحی گەورەتر كوژراون، بەهەرحاڵ ئەوە بووەهۆی ئەوەی ناكۆكی و تەوەترو ناڕەحەتی لەنێوان پەكەكەو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دروست ببێت و پارتی دیعایە دەكات كە پەكەكە كوشتوونی و پەكەكەش ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێت فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركی كوشتوونی.

ئەنجامی ئەوە بووە هۆی مومكینە شەڕی گەورە لەنێوان پەكەكەو پارتی دروست ببێت و زەرەرێكی زۆر لەقەزییەی كوردی بدات و دۆزی كورد چەندساڵی دیكە دوادەكەوێت، ئەگەر ئەو شەڕەش وەكو بیستوومە دوێنێ شەڕ روویداوەو هێزی پارتی لەو ناوچانە كۆبوونەتەوەو ئەسلیحەیان بردووە بەرانبەر بەهێزی پەكەكە وەستاون، ئەگەر ئەم شەڕە رووبدات شەڕێكە ماوەیەكی دوورودرێژ دەخایەنێت و زەرەری زۆر لەدۆزی كورد دەدات، قەزییەی كورد لەباشووری كوردستان زەرەری زۆر دەكات، چونكە لەناحیەی نێودەوڵەتی مەسەلەی كورد بێبایەخ و بێنرخ دەبێت، گرنگی پێنادەن، دەڵێن ئەوە كورد خەریكی شەڕن پێكەوە ئێمە چی بكەین و چۆن یارمەتی كورد بدەین بگەینە ئامانج و سەربەخۆیی خۆیان، بەڕاستی كارەساتێكی گەورەیەو رووی لە میللەتی كورد كردووەو هیوادارم نەبێت بەشەڕی كورد و كورد.

‌هاوڵاتى: توركیا ئەمە بەمەبەست دەكات بۆ ئەوەی شەڕی كوردو كورد بكات، بەتایبەت كە لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆردومان و هێرشەكانی زیاد كردووەو پارتیش هێزی جووڵاندووە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەمە پیلانی دەوڵەتی توركە، خۆتان دەزانن بەشێكی  زۆری باشووری كوردستان داگیركراوە لەلایەن سوپای توركییەوە، زۆر شوێنی عەسكەری داگیركراوە، توركیا دەیەوێت بەهێزی سەربازیی نزیك ببێتەوە لەسەرچاوە ئاوییەكانی رووباری خاپوورو زێی زاب و زێی بادینان، ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی سەربازیی توركیادایە، توركیا دەیەوێت دەسەڵاتی لەڕووی سەربازیی و ئابووری و سیاسەتی باشووری كوردستاندا بكات، ئەمە پیلانی دەوڵەتی توركە، پیلانی ئەی داگیركاریی بووەو پیلانی بی دروستكردنی شەڕی كوردو كوردە، ئێستا تورك دەیەوێت ئەو رووداوەی مەتینا بكات بەشەڕی كوردو كورد، بێگومان ئەو شەڕەش كارەساتێكی گەورەیە بۆ میللەتی كورد.

‌هاوڵاتى: ئێوە بەردەوام هەوڵی نێوەندگیریتان هەبووە لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا ئەو رۆڵە دەبینن  لەدوای رووداوەكەی مەتینا بوونی هەیە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: خێرخواو هەوڵدان بۆ نێوەندگیری هەیە لەنێوان پەكەكەو پارتیدا، هەوڵدانی ئێمە تەنها لەسۆسیال میدیاو بەنووسین و چاوپێكەوتنەكانمانە، هاوار دەكەین كە تەفاهوم و تەوافوق بكەن، ئەو ناكۆكییەی كە هەیە لەنێوان پەكەكەو  پارتی نەمێنێت، پارتی دەڵێت پەكەكە میوانەو داوایان لێدەكەن میوانێكی عاقڵ بن لەشوێنێكدا دابنیشن وەكو كوردەكانی رۆژهەڵات چۆن بێدەنگن و میوانن، پەكەكەش دەڵێت ئێمە (30 بۆ 40) ساڵە لەو ناوچانەداین و لێرەوە كاری خۆمان دەكەین، مانای ئەوە نییە كەخاڵی هاوبەش لەنێوان پارتی و پەكەكە نییەو دابنیشن كێشەكانیان بەدیالۆگ چارەسەر بكەن، ئێمە هەر لەهەوڵداین و زۆر كەسی كەی خێرخواش لەهەوڵدایە بۆ نێوەندگیری لەنێوان پەكەكەو پارتیدا، بەڵام مەسەلەكە لەوە دەرچووەو توركیا دەیەوێت ئەم شەڕە دروستبكات و هەموو هێزو قوەتی خۆی سەربازیی و سیاسی و ئابووری ئاگری شەڕەكە دروست دەكات و شەڕەكەش دروست دەبێت.

‌هاوڵاتى: وەفدی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەباشووری كوردستانن، هیچ هەوڵێكی ئەوان هەیە بۆ نێوەنگیری نێوان پارتی و پەكەكە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: كەسایەتی و ئەم رێكخراوە سڤیلانە تەنها قسەی خێر دەكەن، دانیشتنی تەفاهومی پارتی و پەكەكە گرنگە ئەگەر ئەوە ببێت دەتوانن تا سنورێك دابنێن بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات، ئەمانە تەنها واجبێكی نیشتمانی و كوردی و نەتەوەیی و ئینسانییە كەكۆنگرەی نەتەوەیی دەیكات لەگەڵ كەسایەتییەكاندا شتێكی باشەو پشتگیرییان دەكەین، ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەگەڵ كۆنگرەی نەتەوەیی كردو بۆچوونی خۆمان پێ راگەیاندن، هیوادارین سەركەوتوو بن، تەنها چارەسەر گفتوگۆو دانیشتنی پەكەكەو پارتییە.

‌هاوڵاتى: ئێوە لەكاتی كێشەكاندا گفتوگۆتان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەكرد، ئێستا بۆ ئەم رووداوانە تەماس و گفتوگۆتان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمە یان سەرۆكی پارتییە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئێستا ئەو كەناڵانە گۆڕاوەو ئێستا تەنها سەركردایەتی پەكەكەو توركیا دەتوانن رێگای چارەسەر بدۆزنەوە.

‌هاوڵاتى: بەردەوام هۆشداری دەدرێت بەپارتی كە خۆی تووشی ئەم شەڕە نەكات، پێتانوایە پارتی ئەو بۆچوونانەو قسەی خێر بەهەند وەربگرێت؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی:هیچ شتێك لەسیاسەتدا موستەحیل نییەو بڵێیت ناكرێت، بەڵام ئەمە هەوڵ و جوهدو عەقڵی منەوەری دەوێت كەبتوانێت لەم تەنگانەیەدا هەوڵبدات رێگایەكی چارەسەری بدۆزنەوەو شەڕەكە روونەدات، بەڵام بەباوەڕی بەندە شەڕی پەكەكەو پارتی روودەدات، پێش ماوەیەك فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی:»شەڕی پەكەكەو پارتی روودەدات»، كەواتە زانیارییان هەیەو بڕیارێك هەیە كەشەڕ روودەدات.

‌هاوڵاتى: پێتانوایە توركیا یان هەر لایەنێك بیەوێت دەتوانێت پەكەكە لەناو ببات و لەقەندیل دووریانبخاتەوە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: پەكەكە بەهیچ هێزێك لەناو ناچێت، واقعێك هەیە ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، پەكەكە لەخۆیەوە نەهاتووە بۆ باشووری كوردستان و قەندیل، یەكێتی و پارتی خۆیان پەكەكەیان هێناوە بۆ ئەو ناوچانە بەڕێكەوتن دوای شەڕی 1992، لەماڵی كەریم خانی برادۆست كە كەمال فوئاد نوێنەری یەكێتی و خوالێخۆشبوو دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس نوێنەری پارتی ئامادەبوون و نوێنەرانی پەكەكە ئامادەبوون و لەنزیكەوە ئاگاداربووین، كە پەكەكە لەخواكوڕكەوە بچنە زەلێ و قەندیل و لەوێ ئیشوكاری خۆیان بكەن و بەڕەسمی هاتوون، لەزەمانی حكومەتی بەعسەوە لەو چیایانەدابوون و چل ساڵە لەوێدان، ئەو چیایانەی كە حكومەتی بەعس نەیدەتوانی داگیری بكات، لەسنوری توركیاو ئێران، دوای ئەوە پەكەكە لەشوێنێك نییە وەك هێزی تامیل كە حەرەكەی تامیل لەمێژوودا هەیە وا دووریان بخەنەوە.

‌هاوڵاتى: زانیارییەكمان بەدەست گەیشتووە كە پارتی داوایان كردووە پەكەكە لەشەنگالدا نەمێنێت و دووربكەوێتەوە هەروەها لەگوندەكانی بادینان و ئەو سنورانە نەمێنێت، ئامادەن هاوكارییان بكەن؟ پێتوایە پەكەكە ئەم مەرجانە قبوڵ دەكات؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەوانەی لەشەنگالن خەڵكی شەنگالن و ئێزیدین و كوردی عێراقین، ئەوانە هێزێكی چەکدارن لەگەڵ هێزی عێراقی هەماهەنگییان هەیە، بۆ كوێ ماڵی خۆیان چۆڵ بكەن، ئەوانە خۆ كوردی توركیاو سوریا نین، ئەوانە كوردی ئێزیدی و شەنگالین، ئەو داوایەی پارتی داوایەكی فاشیل و داوای توركیایە و یەبەشە بۆ هیچ شوێنێكیش ناچن.

گەریلا هەرێمی كوردستانیان پاراست لەدەستی داعش، گەریلا (200) هەزار ئێزیدی گواستەوە بۆ رۆژئاڤای كوردستان لەوێ كەمپیان بۆ دروستكردن، خەڵكی ئێزدی بۆچی گەریلاو یەبەشەیان خۆشدەوێت، چونكە شەرەف و كەرامەتی ئەوانیان پاراست.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار