جەنگی ئاو دژ بەهەرێمو عێراق دەستیپێکرد
حامد محەمەد عەلی
4 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
بەپێی زانیارییە جوگرافییەکان، بەدرێژایی سنووری نێوان ئێران و عێراق، (٤٠) ڕووباری هاوبەش هەیە ، هەر لە (زێی بچووک و سیروان)ەوە بیگرە ، تادەگاتە رووباری (کارون) لەباشوری عێراق..
ئێران چەند ساڵێکە بەردەوام کار لەسەر گۆڕینی رێڕەوو هەروەها گرتنەوەو کەمکردنەوەی ئاوی ئەو رووبارانە دەکات.
ئەویش بەمەبەستی بەهێزکردنی ئابوری خۆی لەڕێگەی گۆڕینی (٢٠٠) ملێون هکتار زەوی کشتوکاڵی لەدێمەکاڵەوە بۆ بەراو.
یەکێک لەو رووبارانە کە بەر ئەم پلانەی ئێران کەوتووە، رووباری (سیروان)ە کە ٧٠٪ی سەرچاوەی ئاوەکەی لەناو ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ەوە دێت و زانیارییەکان پێمان دەڵێن کەئێستا ئێران بەتەواوی ئەو رێژەیەی گرتۆتەوەو بۆ پڕکردنی حەوزەکانی بەنداوی (داریان) لەنزیک شاری (پاوە) و ئاوەدانکردنەوەی رووبەرێکی فراوان لەزەوی ناوچەکە بەکاریدەهێنێت..
پەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئاوی ئەو رووبارە هاوبەشانە بەپێی درێژیی بوونیان لەهەر وڵاتێک، دابەشدەکرێن.. واتە رووباری سیروان کە ٦٠٪ی درێژییەکەی لەهەرێمی کوردستان و عێراقدایە، پێویستە رێژەی ٦٠٪ ی ئاوەکەی بۆ ئێرە بەربدرێتەوە.
بەڵام ئێران لاوازی و قەیرانەکانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی قۆستۆتەوەو بۆ بەهێزکردنی ئابوری کشتوکاڵی خۆی، دەستی بەسەر سەرچاوەکانی ئاوی رووبارە هاوبەشەکاندا گرتووەو رەنگە بەئاسانی و بەبێ مەرجی قورس ، گوێ بۆ داخوازییەکانی عێراق نەگرێ و دەستبەرداری ئەو ئاوانە نەبێت. بەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و کۆی ژیانی هاووڵاتیان دروست دەبێت.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تەنها لەپارێزگای دیالە بەگرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و وشکبوونی، (دوو ملێون دۆنم) زەوی کشتوکاڵی و باخ و بێستان و دارستان، کەوتۆتە ژێر مەترسی لەناوچوونەوە.
زۆر بەداخەوە نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە(٣٠) ساڵی تەمەنیداو نە دەوڵەتی عێراقیش لە (١٨) ساڵی رابردوودا ، بەپلانێکی ستراتیجی - زانستی ئاوڕێکی جددیان بەلای ئەم پرسە گرنگەدا نەداوەتەوە، بۆیە ئەمساڵ هاوشان لەگەڵ وشکەساڵی و کەمی باراندا، گوشارێکی گەورەی کەمئاوی لەسەر هەردولا دروستبووەو زیاتریش دروست دەبێت.
لێرەدا پێویستە هەردوو حکومەت پێکەوەو بەجیاش، خەمی ئەم کێشەیە هەڵگرن و لەسەر دوو ئاست و بەپەلە بێنەسەر هێڵ.
ئاستی یەکەم / دانوستانی جددی و بەپەلە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران دەستپێبکەن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بەشێک لەپشکی هەرێم و عێراق لەئاوی ئەو رووبارانە بەربداتەوە.
ئاستی دووەمیش / بریتی بێت لەپلانێکی مامناوەندو دوورمەودا، بەتەرخانکردنی بووجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی سەر رووباری سیروان و رووبارەکانی دیکە، کە بەنیوەچڵی ماونەتەوەو دانانی بەردی بناغە بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێکی دیکە لەسەر رووبارەکانی (زێی گەورە - کە تائێستا هیچ بەنداوێکی لەسەر نیە)و (زێی بچووک و سیروان)یش، بەئامانجی کۆکردنەوەو پاراستنی ئەو هەموو ئاوەی کوردستان، کە بەپێی زانیاری خەڵکانی پسپۆر، تائێستا ٩٢٪ی بەفیڕۆدەچێ و تەنها سوود لە ٨٪ ی وەردەگیرێت.