رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ کێشەکانو رێگاکانی چارەسەر
سیروان ڤیان
4 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
بەشی یەکەم
لەبەر زۆر هۆکار لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەکان قورسن. ئەوەش وایکردووە چارەسەرکردنیش زۆر قورس و دژوار بێت. تاوەکو مرۆڤ بەقوڵی هەڵوەستە لەسەر هۆکاری دروستبوونی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکات، چارەسەرکردنیشیان بەشێوەیەکی راستەقینە بەدی نایەت. بەتایبەتیش لەپێش هەموو کێشەکانەوە دیموکراسی و ئازادی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە مەرجن. سەرچاوەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویین و لەبەرئەوەش گەردوونی و جیهانین. کەواتە رێگاو رێبازەکانی چارەسەریش لەو چوارچێوەیەدا دەبێت، یان پێویستە لەو چوارچێوەیەدا بێت. لەبەر ئەوەش ئەوەندەی کێشەکان پەیوەندییان بەمێژووەوە هەیە، بەو رادەیەش پەیوەندییان بەکۆمەڵگەبوونەوە هەیە، کە واتای پێدەدەن و کاریگەریی لەسەر دروست دەکات. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت چارەسەری بەدی نایەت. هەر خۆی بەهۆی ئەو راستییانەوەیە، کە لەمێژووی نزیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری بەدی نەهاتووە.
بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکات، پێویستە مرۆڤ پێش هەموو شتێک خاوەنداری لەعەقڵییەت و ئامرازە راست و دروستەکان بکات. ئێمە بەو ئەزموونانەى لەقوڵایی مێژووەوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان تیایدا دەژین عەقڵییەتێک وەردەگرین، بەو ئەزموون و عەقڵییەتەوە هەوڵ دەدەین ئامرازەکانی چارەسەری پێشبخەین. ئەزموونە مێژووییەکان وەک کولتوری کۆمەڵگە دەچەسپن و زەقدەبنەوە و هەموو کات لەژیانی ئێمەدان و لەئاستێکی دیاریکراودا شکڵ و فۆرم بەعەقڵییەت و هۆشمەندیی ئێمە دەدەن. ئەوە تەنها لەکاتی نووسین و مێژووی نووسراودا پێکنەهاتووە. ئەوە بەشێکی زۆر بچووکە و لەڕووی کاتیشەوە کاتێکی زۆر کورتە. ئەگەر مرۆڤ سەرەتای مێژووی نووسراو بەمیزۆپۆتامیای کۆن و دێرین و شارستانیەتی میسر دەستپێبکات ئەوە دەکاتە مێژووییەکی (٥ بۆ ٦) هەزار ساڵ، بەڵام مێژووی بەکۆمەڵگەبوون ماوەیەکی زۆر دوورو درێژترەو ئەو قۆناغە مێژووییە دوورو درێژەش بەداستان، میتۆلۆژیا، ئایین، هونەرو نەریت پێکهاتووە و ژیان و هۆشمەندیی ئێمە دەهۆننەوە. ئەوانە بناغە و ریشەى کولتوری کۆمەڵگەیان دروستکردووە.
لەسەردەمی ئێمەدا لەخوێندنگەکاندا وێنە مێژووییەکان هەن و کاتێک باسی مێژوو دەکرێت داهێنانی نووسین بە بنەما وەردەگیرێت و دەڵێن، پێش مێژوو و دوای مێژوو. بەو شێوەیە ئەو بناغە مێژووییە، کە جەوهەر و عەقڵییەتی مرۆڤی شکڵداوە و دروستیکردووە بەنەبوو نیشاندەرێت. جیاکردنەوەیەکی لەو شێوەیە هەڵەیەو ئەوە بە ئەنقەست دەکرێت. بەو رێبازە ئەو بناغەیە، کە شکڵ و فۆرمی بەکۆمەڵگە داوەو عەقڵییەتی سروشتیی کۆمەڵگەى ئافراندووە بە نەبوو لێکدەدرێتەوە، یان وەک شتێکی بێسوود نیشان دەدرێت. لەئەنجامیشدا مێژووی کۆمەڵگە وەک ئەوەی بە شارستانیەتی چینایەتی دەستی پێکردبێت لێکدەدرێتەوەو بەهەموان نیشان دەدرێت. بەڕاستیش ئەوە وادەکات، زۆرێک کێشەی قورس و گرنگ لەکۆمەڵگەدا سەرهەڵبدەن. لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە یەکێکە لە لەمپەرو رێگرییەکانی بەردەم چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە. تەنانەت ئەوە نەک لەمپەرە، بەڵکو بۆخۆی یەکێکە لەسەرچاوەکانی دروستبوونی کێشەکان.
لەهەناوو ناوەرۆکی خۆیدا کولتوری کۆمەڵگەیی بوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەهێزو زیندووە. پۆتانسێل و ماتەوزەی پێشکەوتن و ئازادیش بەرزو بڵندە. لەو کۆمەڵگەیانەدا، کە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست تیایاندا پێشکەوتووە و راوبۆچوونی بەقوڵایی کۆمەڵگە و عەقڵییەت و کولتوریی کۆمەڵگەدا رۆکردووە و کۆمەڵگەى تێکداوە، دۆخەکە زۆر خراپترە. لەبەرئەوەش نەریتی شارستانی و کاولکارییەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر قوڵن. شارستانیەتی چینایەتی، عەقڵییەت و ئامڕازەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریانهەڵداوە. نەک تەنها لێرە پەیدابوون، بەڵکو لێرە چەسپاون و رەگیان داکوتاوە و تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتوون و بەجیهانیشدا بڵاوبوونەتەوەو وەرچەرخاون بۆ هەندێک شێوەو فۆرمی ترو خۆیان بڵاوکردووەتەوە. لەهەندێک شوێندا هەڵوەشاوەتەوەو بەشێوەی تر لەشوێنی دیکەدا بەردەوامیی بەخۆی داوە. ئەوانە بابەتی گرنگ و بەرفراوانن. بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت لەو بابەتانەدا باڵادەست بێت بەدڵنیاییەوە دەبێت خوێندنەوەى تایبەت و لێکۆڵینەوەى وردی لەسەربکرێت. هۆشیاربوون لەبارەی دروستبوونی شارستانیەتیی چینایەتی، دەوڵەت و سیستمی دەسەڵات، باڵادەستی و داگیرکەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییەکانی لەمێژوودا و بەربڵاوبوونی و خۆگەیاندنی تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان زۆر گرنگە. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت، کە ئەمە بەشی خۆی روونبووەتەوە و پێکهاتووە. ئێمە ئێستا تەنها ئەوەندە باسی لەسەر دەکەین.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بەسەر مرۆڤەکاندا زاڵە، کۆکردنەوەى مرۆڤەکان لە دەوری بیری راست و دروست و پێشخستنی تێکۆشان و بونیاتنانی سەرلەنوێی ژیانی کۆمەڵگە قورس بووە. مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست پشتبەستووە بەنەتەوە دەوڵەت، سەرمایەو پیشەسازی
لەبەرئەوەى لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بەسەر مرۆڤەکاندا زاڵە، کۆکردنەوەى مرۆڤەکان لە دەوری بیری راست و دروست و پێشخستنی تێکۆشان و بونیاتنانی سەرلەنوێی ژیانی کۆمەڵگە قورس بووە. مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست پشتبەستووە بەنەتەوە دەوڵەت، سەرمایەو پیشەسازی. هەرچەند لەبارەی سیستمی سیاسیی نەتەوە دەوڵەت گفتوگۆش هەبێت، بەڵام ئەو سێیانە شێوەو فۆرمە بنەڕەتییەکانی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستن. سیستمی مۆدێڕنتیەى کاپیتالیست زانست و ئامێرو کەرەستە تەکنیکییەکانی وەک ئامڕازی دەسەڵات بەکارهێناوەو داگیرکارترین سیستمی جیهانیی دروستکردووە. ئەمڕۆش دەوڵەتە هەژمونگەراکانی مۆدێرنیتەى کاپیتالیست هەموو شوێنێک تووشی کێشە و قەیران و داگیرکاری دەکەن. لەپێش هەموو شتێکەوە نەتەوە دەوڵەت، یان مرۆڤ کاتێک عەقڵییەت، یان ئامڕازەکانی مۆدێرنیتەى کاپیتالیستی بەبنەما زانی، ئیدی ناتوانێت هیچ یەک لەکێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکات، بۆیە لەمۆدێنیتەى کاپیتالیستدا هیچ جێگایەک بۆ چارەسەری نییە.
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەسیستمی نەتەوە دەوڵەت و بەعەقڵییەتی نەتەوەپەرستییەوە بەناوی گەلانی بندەست یان چینی ناوەڕاست و جیاجیاوە تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لەکێشەکان چارەسەر نەکراون. بەدامەزراندنی نەتەوە دەوڵەت و بەپیشەسازی و سەرمایەداریی چینایەتی داگیرکەران بەهێزتر بوون. لەدەرەوەی ئەوە هیچ پێشکەوتنێکی واتاردا بەدینەهاتووە. لەبەرئەوەش تاوەکو مرۆڤ بە تەواوی لەعەقڵییەت و ئامرازەکانی مۆدێرنیتەى کاپیتالیست رزگاری نەبێت، بەهەر ناوێکەوە بێت ناتوانێت کێشە بنەرەتییەکانی ئازادی و دیموکراسی بۆ کۆمەڵگە چارەسەر بکات. لەناو کۆمەڵگەى ئێمەی کوردیشدا بەناوی چینی ناوەڕاستەوە بیر و بۆچوونی لەو شێوەیە هەیە و سەیری دەورووبەری خۆیان دەکەن و دەیانەوێت وەک ئەوان بکەن و دەڵێن، گوایە بەوانە کێشەکان چارەسەر دەبێت و پێشکەوتن بەدی دێت. گەرچی مرۆڤ دەتوانێت لەهەندێک رووەوە لەو بۆچوونە تێبگات، بەڵام لەپێش هەمووانەوە کێشەى نەتەوەیی و ئینجا کێشەکانی تری کورد زۆرن و بەوانە چارەسەر نابێت، بۆیە ئەو بۆچوونە هەڵەیە. کوردستان لەژێر داگیرکەری و پاکتاوکاریدایە. ئەگەر بە ئەندازەی گەلی کوردیش نەبێت، گەلانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەى نەتەوەیی و کۆمەڵگەیان هەیە، کێشەکانی ئەوانیش چارەسەر نەبوون. دۆخی گەلی عەرەب، گەلانی تورکیا و بەگشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاوە. هۆکاری ئەو دۆخەش بۆ ئەو عەقڵیەت و بابەتە دەگەڕێتەوە، کەهەڵوێست و رەفتاری مۆدێرنیتەى کاپیتالیست و نەتەوەپەرستانەى هەیە.
بەکردەوە دۆخی باشووری کوردستان لەبەرچاوە. دەرەنجامی رەنج و قوربانییەکانی دەیان ساڵ دەبینرێت. بنەماڵەو کەسانی هاوکاریان لەسەر پشتی کۆمەڵگە دەوڵەمەند بوون. لەلایەکی ترەوە بەشێکی تری گەل لەژێر سایەی ژیانی مۆدێرنیتەى کاپیتالیستدا لەبرسێتی و هەژاریدا دەژین و تایبەتمەندیی کۆمەڵگەبوونی خۆیان لەدەستداوە و دۆخی داڕمان لەگۆڕێدایە. دەوترێت لەباشووری کوردستاندا هەموان بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن، کە بڕۆن بۆ ئەوروپا. تەنها باشوور وەها نییە، بەشەکانی تری کوردستان و وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەو جۆرەن.
باشە لەئەوروپا چی هەیەو بۆ دەیانەوێت بڕۆنە ئەوێ؟ بەو جۆرە بیر دەکرێتەوە، کە لەئەوروپا ژیانی تاکەکەسی و ماددیان باشتر دەسوڕێنن و لەبەرئەوە دەیانەوێت بڕۆن. لەتەرمی هەزارن کۆچبەر، کە لەوڵاتەکەى خۆیان هەڵهاتوون و دەریای سپیی ناوەڕاست بووەتە گۆڕیان دەرس و عەقڵ وەرناگرن!..
ئێستا دەیانەوێت ئەو حەزە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبخەن. لەبری ژیانی مۆدێرنیتەى دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەى کاپیتالیست و نەتەوە – دەوڵەت پێشدەخەن. ئەگەر وەها بکەن دەتوانن تیایدا سەرکەوتوو بن؟ ئەوە دیار نییە. ئەوە تێکۆشانێکە. ئێستا بەشێوەیەکی زۆر توند بەگژ ئەوانەدا دەچنەوە کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەو هێرشەیان گەیاندووەتە ئاستی داگیرکردنی باشوور. ئەوانەى لەبەرامبەر ئەو داگیرکەرییەدا دەوەستنەوە کوردە ئازادەکانن و نوێنەرایەتیی هێڵی ئازادی دەکەن. بۆ ئەوەش بە تایبەتی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و رۆشنبیران بەرامبەر بەداگیرکەری و گفتوگۆکردن لەبارەیەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست راست و دروست لەدژی داگیرکەری زۆر گرنگەو بۆ ئەوەش خەباتێک بەڕێوەدەچێت. ئەگەر ئەوە بەدی نەیەت ئاستی مەترسیی گەورەتر لەوەی، کەهەیە بۆ گەلی کورد دروست دەبێت.