دیلۆیت؛ بەهۆی تێوەگلانی لەگەندەڵییەوە 80 ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت

كۆمپانیای دیلۆیت ماوەی پێنج ساڵە وردبینی داهاتەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێسپێردراوە

4 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

كۆمپانیای دیلۆیت، كە ماوەی پێنج ساڵە وردبینی بۆ داهات و خەرجییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات لەلایەن وڵاتی مالیزیاوە بەهۆی تێوەگلان لەگەندەڵییەوە (80) ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سێی حوزەیرانی 2021 وەزارەتی دارایی مالیزیا لەماڵپەڕی فەرمی خۆیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:» كۆمپانیای دیلۆیت بڕی (80) ملیۆن دۆلاری رادەستی حكومەتی مالیزیا كرد»، كە پێشتر سزا درابوو بەهۆی»تێوەگلانی لەگەندەڵییەكانەوە»، پێدانی ئەو بڕە لەلایەن دیلۆیتەوە جارێكی تر لەناوەندەكانی میدیادا باسی گەندەڵییەكانی ئەو كۆمپانیایە دەكرێت كە لە 2016وە لەڕێگەی گرێبەستێكەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێم وردبینی بۆ داهات و خەرجییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ساڵی 2014 ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانی نەجیب رەزاق سەرۆك وەزیرانی مالیزیا، بووە دەنگۆی جیهان و پرسی سەرەكیی هەواڵ و راپۆرتەكانی دەزگاكانی راگەیاندن. گەندەڵییەكە لە سندوقی ( پێشخستنی مالیزیای سنوردار 1MDB) دا كرابوو.

 ئەو سندوقەی ساڵی 2009 رەزاق دایمەزراند بۆ وەبەرهێنان لەكەرتی وزەو كەرتی خانوبەرەی كوالالامپوری پایتەختدا. بەڵام لەساڵی 2014دا راپۆرتێكی دەزگای ساراواك Sarawak Report news portal ی مالیزی دەریخست، سندوقەكە (11) ملیار دۆلار قەرزدارەو لەوێوە پرسی گەندەڵییەكە بووە ناونیشان و سەردێڕی هەواڵەكان.

ساڵی 2015 وردەكارییەكان زیاتر ئاشكرا بوون و سەرنجی جیهانیان زیاتر راكێشا. بەتایبەتی كاتێك رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، چەند بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوەو سەلماندی بڕی (681) ملیۆن دۆلار خراوەتە سەر ئەژمارە بانكییەكەی نەجیب رەزاق.

دواتر وەزارەتی دادی ئەمریكا كەوتە لێكۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی كەگوایا پارەكانی 1MDB  لەڕێی سیستمی دارایی ئەمریكاوە سپی كراونەتەوەو رایگەیاند كە بایی ملیارێك و (800) ملیۆن دۆلار، كاڵاو پشك بە نەختینە كڕدراوە. وەزارەتەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە لەساڵانی 2009 بۆ 2015، زیاتر لە چوار ملیارو (500) ملیۆن دۆلار، لەلایەن بەرپرسانی باڵای مالیزیاوە لە 1MDB  دزراوە.

هەروەها بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییانەوە، نەجیب رەزاق هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی دۆڕاندو درایە دادگاو لەئەنجامی دادگاییكردنیدا سزای (12) ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

هەر لەسەرەتای ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی مالیزیا، پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی كۆمپانیاكانی (دیلۆیت) و ئەمبانك گروپ Ambank Group و كۆمپانیای KPMG كرد، بەوپێیەی ئەوان پرسی چاودێریكردن و پێداچوونەوە و وردبینیكردنی ئەژمارەكانی 1MDBیان لەئەستۆدا بووە، بۆیە ناكرێت ئەو بڕە زەبەلاحانەی پارە دیارنەمێنن و ئەوان ئاگادار نەبن.

لەو كاتەدا كەكۆمپانیای دیلۆیت رووبەڕووی ئەو تۆمەتانە ببووەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدابوو لەگەڵیداو ساڵی 2016 وردبینی داهاتی نەوتی هەرێمی پێسپێردرا، ئەوەش بووە مایەی سەرسوڕمانی چاودێرو شارەزایانی ئابوریی، كەچۆن كۆمپانیایەك لەژێر لێكۆڵینەوەدا بێت، وردبینی داهاتی سەرەكیی هەرێمی پێدەدرێت،  چونكە رووداوەكەی مالیزیا دوو مانای هەیە، یان ئەوەتا كۆمپانیاكە هاوبەش و بەشداربووە لەگەندەڵییەكەدا، یان ئەوەتا كۆمپانیایەكی سەركەوتوو نییە لەكارەكانیدا،  چۆن (681) ملیۆن دۆلار لەحسابی سندوقەكەوە، دەخرێتە سەر حسابی سەرۆك وەزیران و ئەو لەوردبینییەكاندا بۆی دەرناكەوێت؟ هاوكات چۆن چوار ملیارو (500) ملیۆن دۆلار لەپارەی سندوقەكە دیارنامێنێت و وردبینیكەری ئەژمارەكان پێی نازانن.

ئەو شارەزاو چاودێرە ئابورییانە دەڵین، هەركامێك لەوانە راستبن، نەدەبوایە حكومەتی هەرێم «ئەگەر مەبەستێكی لەپشتەوە نەبێت» وردبینیی داهاتی نەوتی بدایەتایە ئەو كۆمپانیایە.

لێكۆڵینەوەو دادگاییەكان بەردەوامبوون و حكومەتی نوێی مالیزیا بەسەرۆكایەتی مەهاتیر محەمەد كە بەدامەزرێنەری مالیزیای نوێ دادەندرێت و لەساڵی 1981ەوە تا 2003 سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكە بوو؛ تا لەو ساڵەدا خۆی خانەنشین كرد، بەڵام بەهۆی دەركەوتنی گەندەڵییەكانەوە ساڵی 2018 لەتەمەنی (93) ساڵیدا گەڕایەوە پۆستەكەی؛ كەوتنە گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی سندوقەكە. لەدەرئەنجامی گفتوگۆكاندا لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت، گەیشتنە رێككەوتنێك كەكۆمپانیاكە بڕی (80) ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو بداتەوە مالیزیاو بخرێتەوە سندوقەكە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردووش 3/6/2021 وەزارەتی دارایی مالیزیا لەماڵپەڕی فەرمی خۆیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:» كۆمپانیای دیلۆیت بڕی (80) ملیۆن دۆلارەكەی رادەستی حكومەتی مالیزیا كردووە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار