مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شەڕی كـــوردو كورد نینو پەكەكەش كوردە
بابەكر زێباری، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لەدهۆك بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: عەمار عەزیز
بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لەپارێزگای دهۆك دەڵێت:» توركیا تەنها 11 كیلۆمەتر هاتووەتە ناوخاكی هەرێم، هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و توركیادا نیە».
بابەكر زێباری، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لەدهۆك و سوپاسالاری پێشووی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شەڕی كورد لەگەڵ كورد نین و پەكەكەش كوردە».
مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شەڕی كورد لەگەڵ كورد نین و پەكەكەش كوردە
هەروەها زێباری ئەوەش دەخاتەڕوو كە:» حەقە ئەو شتانەی توركیا دەیكات یوئێن و وڵاتە ئەوروپیەكان و ئەمریكا بێنەسەرخەت، سنورێك بۆ توركیا دابنێن، بەبڕوای من ئەو شتانەی توركیا دەیكات رەواو دروست نیە، هەر مرۆڤێك پێویستە لەناو وڵاتەكەی خۆی خزمەت بكات. ئەو هەنگاوانەی دەرەوەو ئۆپراسیۆنەكانی دەرەوە بەبڕوای من قازانجی توركیای تێدا نیە».
هاوكات بابەكر زێباری وتیشی:» پەكەكە نایەوێت دارەكان ببڕێن چونكە لەپشت دارەكان خۆیان دەشارنەوە، پەكەكە دارەكان دەپارێزێت ئەمە راستییە، پێدەچێت توركیا ئەم كارەی كردبێت».
هاوڵاتى: سەرەتا با لەوە دەستپێبكەین، بەڕێزتان بۆ ماوەیەك سوپاسالاری عێراق بوون، ئەوكاتە كورد لەسوپادا رێژەی چەندی هەبوو؟
بابەكر زێباری: ئەوكاتەی من سوپاسالاری عێراق بووم رێژەی كورد لەسوپای عێراق لەسەدا 20% بووەو لەسەدا 25 % سوننەو لەسەدا 45% شیعەو لەسەدا 10% كەمەنەتەوەییەكان بوو.
ئێمە ئەوكات رێككەوتنمان كردبوو لەگەڵ ئەمریكییەكان و لەسەر ئەم رێژەیەی كە من باسمكرد رێككەوتبووین .
ئێستا باوەڕناكەم رێژەی كورد لەناو سوپای عێراق بگاتە لەسەدا یەك، چونكە بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر كەمبووەتەوە، دایبنێن 1% ، واتە 19% كەمبووتەوە بەراورد بەوكاتەی كە من سوپاسالاری عێراق بووم، لەبەغدا بێ خاوەنییە هیچ كەسێك نیە بەرگری لەم پرسە بكات
هاوڵاتى: ئەوەندەی ئاگاداربن كورد لەسوپای عێرقدا ئێستا رێژەكەی كەمبووەتەوەو گەیشتووەتە چەند، لەسەدا 1% باسدەكرێت؟ كێ لێی بەرپرسە ؟
بابەكر زێباری: ئێستا باوەڕناكەم رێژەی كورد لەناو سوپای عێراق بگاتە لەسەدا یەك، چونكە بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر كەمبووەتەوە، دایبنێن 1% ، واتە 19% كەمبووتەوە بەراورد بەوكاتەی كە من سوپاسالاری عێراق بووم، لەبەغدا بێ خاوەنییە هیچ كەسێك نیە بەرگری لەم پرسە بكات، بەرپرسانی كورد لەوێ نەمان، پۆست لەكورد وەردەگرن و خەڵكی خۆیان لەشوێنی كورد دادەنێن بەتایبەت دوای شەڕی داعش و كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك كاریگەری زۆر خراپی كردووەتەسەر میللەتی كورد بەشێوەیەكی گشتی.
بێگومان ئەوە پلانەو كەسانی ناحەز هەن لەنێو عێراقدا، ئەگەر لەسەرەتای رزگاربوونی عێراق یەك كەسی عاقڵ بهاتایەتە سەرحوكم ئێستا عێراق دەبوو بەبەهەشت، وادەزانن ئەگەر هەندێك پۆست بدرێتە كورد یان سوننە ئەوا دەستەڵاتیان لاواز دەبێت .
هاوڵاتى: زۆرجار نوێنەرانی كورد لەبەغدا گلەییان كردووە كەكورد ئامادە نییە بچێتە ناو سوپای عێراقەوە، ئەمە تاچەند راستە، ئایا پارتی و یەكێتی كە حزبی سەرەكین كەمتەرخەمییان لەو پرسەدا هەبووە؟
بابەكر زێباری: ئەمە دووڕووییەو هیچ راست نیە، كورد ئامادەیە بچێتە ناو سوپای عێراق، بەیانی حكومەتی عێراق دەرگای دامەزراندن لەناو سوپا بكاتەوە هەزاران گەنجی كورد ناوی خۆیان دەنووسن و دەچنە ناو سوپای عێراق، كەمی كورد لەسوپای عێراق خەتای پارتی و یەكێتی نیە ، بەڵكو خەتای حكومەتی عێراقە، هاوكاری ئەوان باش نیە تاگەیشتە ئەم ئاستە.
هاوڵاتى: ئێستا باسی گەرمی میدیا لەهەرێم پرسی لەشكركێشی توركیاو ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و پەكەكەیە ، بۆچوونتان لەو بارەیەوە چیە ؟
بابەكر زێباری: هەموو دەوروبەری ئێمە، كەس كەیفی بەئێمە نایات، ئێمە فشار ناكەین كە ببین بەدەوڵەت یان سەربەخۆ بین، بەنموونە ئەگەر لەتوركیا جودا بین توركیا لاواز دەبێت، یان لەعێراق جودا بین عێراق لاواز دەبێت، بەهەمان شێوە ئێران و سوریاش، هەموویان تەماعیان لەخاكی كوردو موڵك و داهاتی كورد هەیە، ئەم چوار دەوڵەتە پێكەوە هەوڵدەدەن قەبارەو سەنگی كورد لاواز بكەن، بۆ نموونە لەكەركوك دوای ئەو موئامەرەیە كەركوك و ناوچەكانی تر داگیركران ، ئەم چوار دەوڵەتە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لول پێچ بكەن.
پەكەكەش بەبڕوای دارودەستی توركیا نیوەی پەكەكە زیاتر میتی توركیان، هەر شتێك توركیا بەپەكەكە بڵێت دەیكات، ئەوان هۆكاری سەرەكین كەتوركیا رابكێشن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
دەبوایە پەكەكە بەرگری لەهەرێمی كوردستان بكردایە، چونكە تەنها ئێمە خاوەن حكومەت و پەرلەمانین لەپارچەكانی تر نیە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی بەرگریكردن لەهەرێمی كوردستان هەوڵی تێكدانی دەدەن .
هاوڵاتى: پێتانوانییە دەبێت هەوڵی نێوەندگیری و گفتۆگۆ بدرێت لەنێوان پارتی و پەكەكە لەجیاتی ئاڵۆزكردنی دۆخەكە؟
بابەكر زێباری: پەكەكە بۆ ئەوە دروستبووە كە دۆخی كورد تێكبدات، ئەم شەڕە شەڕی پەكەكەو پارتی نیە ، بەڵكو شەڕی پەكەكە لەگەڵ هەموو كوردستانە، ئۆجەلان لەسێ كۆنگرەدا دەڵێت من لەگەڵ میتی تورك پلانمان داڕشتووەو هەموو پارتەكانی كورد لەباكور لەناوبران، دەڵێت ئەو شتە بۆ من باشبوو، هەروەها بۆ توركیاش باشبوو، بەخۆیان دەڵێن ئازادی گەلان، باشە ئەمانە كامە گەل ئازاد دەكەن، گەلی فارس یاخود گەلی عەرەب؟ ، شەڕەكە لەگەڵ قەوارەی كوردستانە.
سوێند بەخوا فەرقی پارتی و یەكێتی و هەموو حزبەكان لای پەكەكە یەك حسابە، هیچ كەسێك لای ئەوان بەفلسێك ناهێنێت، هەركەسێكیش ئەمە بەهەڵە دابنێت ئەوە كەیفی خۆیەتی، پەكەكە هیچ زمانێك نازانێت جگە لەزمانی هێز نەبێت، هەر شوێنێك بۆی بچێت دەبێت خۆی حاكم بێت، ئەوەش ناكرێت، ئێمە فیدراڵی خۆمان وەرگرتووە، لەوانەیە پارچەكانی تر وەكو باكور یان رۆژهەڵات داوای شتێكی تر بكەن .
نە پەكەكە هی ئەوەیە گفتۆگۆی لەگەڵ بكرێت و توركیاش لێی رازی نیە، بەقسەی پارتی ناكەن چەند جارێك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وتوویەتی شەڕی كورد لەگەڵ كورد نابێت بكرێت، ئێستاش باوی ئەمە نەماوە میللەتێك بەشەڕو چەك مافی خۆی وەربگرێت، دەبێت بەڕێگای دیالۆگ و سیاسەت بێت، چەند جارێك پارتی لەگەڵ پەكەكە قسەی كردووە تاگرژی و ئاڵۆزی نەمێنن، بەڵام بێسوود بووە، پەكەكە بەقسەی پارتی ناكات، مێشكی پەكەكە هی ئەوە نیە لەگەڵی گفتۆگۆ بكەی .
هاوڵاتى: پەكەكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەوان نەبوون ئەو پێشمەرگانەیان لەمەتینا شەهید كردووەو رەتیدەكەنەوە، پێتوانیە دەبێت لێكوڵینەوەی لەسەر بكرێت ئەوكات بڕیار بدرێت كە چ لایەنێك بووە؟
بابەكر زێباری: من خۆم چوومە شوێنی رووداوەكە، ئارپێچی و قەناس و بیكەیسی ئەوان، باشە ئەو سێ كەسەی ئەوان كوژراون لەكوێ بوون، سێ تەرمی ئەوان لەوێ بوون، كەدەڵێن ئێمە نەبووین درۆیە، یەكەمجار وتیان ناوچەی ئێمەیە قبوڵ ناكەین هیچ كەسێك بێتە شوێنی ئێمە، دواتر وتیان بەفرۆكەی توركیا ئەو پێشمەرگانە شەهیدكراون، فرۆكەی توركیا لەكوێن، ئەوان لەكوێن، مەتێن لەكوێ تورك لەكوێ، 100% ئەو پێشمەرگانە بەدەستی پەكەكە شەهیدكراون و من بەرپرسم لەقسەكانی خۆم.
هاوڵاتى: دەوترێت هەوڵێكی گفتوگۆ هەبووە لەنێوان پەكەكەو پارتی لەو شوێنەی پێشمەرگەكان شەهید بوون، هەردوولاش رازی بوون ، بەڵام ئەم رووداوە رایگرت ، پێتوانییە توركیا حەزدەكات پێشمەرگە پەلكێش بكات بۆ شەڕی كوردو و كورد؟
بابەكر زێباری: ئەم قسانە لەبنەڕەتەوە هیچ راست نیە، هیچ پەیوەندی پارتی بەپەكەكەوە نیە، بۆ توركیا بەرژەوەندی ئەوان چی بێت دەیكەن، دەوڵەتێكی سەربەخۆن، هیچ پەیوەندیمان بەتوركیاوە نیە كە ئەوان چییان دەوێت ئەوان بڕیاری خۆیان دەدەن كەچ شتێك لەبەرژەوەندی ئەواندایە، ئەگەر پەكەكە نەبووایە توركیا بەهیچ شێوەیەك نەدەهاتە كوردستان، بیانووی توركیا بوونی پەكەكەیە، توركیاش دەڵێت ناچارین بەرگری لەخۆمان بكەن، حكومەتی عێراق و یوئێن چی بەتوركیا بڵێن .
هاوڵاتى: بۆخۆتان وەك بابەكر زێباری، لەگەڵ شەری پەكەكە و پارتین یان دانوستاندن و گفتوگۆ و رێككەوتن و رێگری لەشەڕ؟ ئایا لەسەر ئەو پرسە گفتۆگۆتان لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كردووە ، ئەوان بۆچوونیان چییە؟
بابەكر زێباری: هەر كەسێك عاقڵ بێت و خۆی بەكورد بزانێت لەگەڵ ئەوەدانیە یەك دڵۆپی خوێن لەجەستەی كەسێكی كورد بڕژێت، بەڵام كاتێك ناچاركراین هیچ رێگایەك نیە دەبێت بەرگری لەخۆمان بكەین.
كاتێك بێت خەڵكی كورد بكۆژێت یان كەمینی بۆ دابنێت ، خانووەكانمان وێران و خراپ بكات، لەناوەندی دێرەلۆك كەسێكیان رەمی كرد، دواتر وتیان وامانزانی ئەو كەسە میت بووە، لەبەرئەوە رەمیمان كرد.
لەچەمانكێ كەمینیان دانا بۆ سێ پێشمەرگەو شەهیدیان كرد، لەزاخۆ بەهەمان شێوە، ئەگەر پارتی نیازی شەڕی هەبووایە لەگەڵ پەكەكە ئەوا زۆر لەمێژە شەڕی لەگەڵ دەكرد، بەڵام سەبری پارتی تاكەی درێژ بێت.
بۆچوونی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دیارە، خۆ هەزار جار دووبارەی ناكەین لەگەڵ شەڕی كورد لەگەڵ كورد نین، پەكەكە هەر كوردە، بەڵام راناوەستن، ئەو گەنجانەی لەناو ریزەكانی پەكەكەدان لەوانەیە نیەتان باش بێت، بەڵام سەركردایەتییەكی موجریمیان هەیە.
هاوڵاتى: پێتانوانییە دەبێت لایەنەكان میساقێك واژۆ بكەن كە شەڕی كوردو كورد حەرام بكرێت ، خۆتان دەزانن شەڕ ماڵوێرانی بەدوادادێت و ئەزموونی هەرێمیش لەكەدار دەكات؟
بابەكر زێباری: لەگەڵ كێ میساق واژۆ بكەین، لەگەڵ پەكەكە هیچ سودێكی نیە، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ پەكەكە هەیە، میساق و رێككەوتن هیچ سوودی نیە، بەهیچ شتێك نایەنە ژێر بار، هەرشوێنێك بۆی بچن دەبێت لەوێ دەسەڵات بن و خۆیان فەرز دەكەن كەئەوان حاكمی ناوچەكەن و هیچ حسابێك بۆ حكومەتی هەرێم ناكەن.
هاوڵاتى: راپۆرتێكمان لەدەڤەری كانی ماسی و گوندی هرور ئەنجامدا، یان دەڵێن داربڕینەوە لەلایەن توركیاوە نوێیەو بەردەوامیشە، ئەی لەمەیاندا كێ تاوانبارە، ئەوەش هەر پەكەكە یان توركیا؟
بابەكر زێباری: پەكەكە نایەوێت دارەكان ببڕێن، چونكە لەپشت دارەكان خۆیان دەشارنەوە، پەكەكە دارەكان دەپارێزێت ئەمە راستییە، پێدەچێت توركیا ئەم كارەی كردبێت بەڵام 100% پشتڕاست نیم كەئەم كارە توركیا كردوویەتی.
هاوڵاتى: كاك بابەكر دەوترێت پارتی داوا دەكات (یەبەشە) لەشەنگال بكشێتەوە كەزۆربەی ئێزیدین و پەكەکەش چالاكییەكانی دژی توركیا رابگرێت؟ ئەم داواكارییە فەرمییە لەلایەن پارتییەوە ئەوەندی زانیاریتان هەبێت ؟
بابەكر زێباری: نەخێر راست نیە، حكومەتی هەرێم داوای لەعێراق كردووە كە پەكەكە لەشەنگال نەمێنێت، ئەوەش لەڕێگای ئەو رێككەوتنەی كە بەم دواییە لەنێوان بەغداو هەرێم واژۆكراوە، بەڵام حەشدی شەعبی رێگری لەمە كردو رێگای نەدا رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، توركیاش داوا دەكات كەپەكەكە لەشەنگال نەمێنێت و دەڵێت ئەگەر ئێوە پەكەكە دەرناكەن من بەخۆم پەكەكە لەشەنگال دەردەكەم.
هاوڵاتى: توركیا نزیكەی 40 كیلۆمەتر خاكی هەرێمی داگیركردووە، بەڵام پارتی باسی داگیركارییەكان ناكات، ئایا ئەمە رێككەوتنی نێوان توركیا و پارتییە؟
بابەكر زێباری: توركیا تەنها (11) كیلۆمەتر هاتووەتە ناوخاكی هەرێم، هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و توركیادا نیە، بیانووی توركیا ئەوەیە كە پەكەكە بەڕێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنێت و لەسەر سنورەكانی عێراقە، عێراقیش نایات سنورەكانی خۆی بپارێزیت، توركیا دەڵێت منیش ناچارم سنورەكانی خۆم بپارێزم.
هاوڵاتى: توركیا یارمەتی حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیایداو شەڕی كرد، لەڕۆژئاوای كوردستان عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی داگیركرد، لەئازەرباینجان دژی ئەرمینیا شەڕی كرد، پەكەكەی لێ نەبوو ، پێتوانیە توركیا وڵاتێكی داگیركارەو پەیوەندی بەوە نییە كە پەكەكە بوونی هەیە؟
بابەكر زێباری: توركیا دراوسیێ ئێمەیە، حەقە ئەو شتانەی توركیا دەیكات یوئێن و وڵاتە ئەوروپیەكان و ئەمریكا بێنەسەرخەت، سنورێك بۆ توركیا دابنێن، بەبڕوای من ئەوشتانەی توركیا دەیكات رەواو دروست نیە، هەر مرۆڤێك پێویستە لەناو وڵاتەكەی خۆی خزمەت بكات. ئەو هەنگاوانەی دەرەوەو ئۆپراسیۆنەكانی دەرەوە بەبڕوای من قازانجی توركیای تێدا نیە، من ناڵێم توركیا داگیركەرە، چونكە داگیركەر دەبێت بمێنێتەوە تا هەتاهەتایی و بڵێت ئەمە خاكی منە، هاتووەتە عەفرین دەڵێت من دەمەوێت سنورەكان كونتروڵ بكەم، هاتووەتە ناو عێراقیش بۆ ئەوەی سنورەكانی خۆی كونتروڵ بكات، ئەگەر سبەی پەكەكە نەمێنێت دەبێت توركیا لەناو خاكی هەرێم بچێتە دەرەوە، داگیركردن جیاوازە لەگەڵ تەقەدومێكی سەربازیی.
هاوڵاتى: ئەگەر هەوڵی نێوەندگیری هەبێت ئامادەن وەك بابەكر زێباری هاوكاری ئەو پرۆسەیە بن بۆ گەیشتن بەڕێكەوتن لەگەڵ پەكەكە؟ كاتی ئەوە هاتووە لایەنەكان یەكهەڵویست بن بۆ ئەوەی شەڕی كوردو كورد دروست نەبێت، لەگەڵ پەكەكەو توركیا گفتوگۆ بكرێت تا شەڕی براكوژی دروست نەبێتەوە؟
بابەكر زێباری: ئەگەر مێژوو بخوێنیتەوە دەبینین هەریەك لەقازی موحەمەد، سمكۆ شكاك، شێخ سەعیدی پیران، مەلا مستەفای بارزانی ئەمانە هەموویان تەئیكدیان لە یەكهەڵویستی كوردو یەكگرتن كردووە، بەداخەوە تائێستا یەكهەڵوێستی نەبووە چی لێ بكەین.
لەشوڕشی ئەیلول بە رابەرایەتی مەلا مستەفا ئەگەر بەشێك لەكورد نەبوونایە بەجاش، لەشكری عێراق هیچ جارێك نەیاندەتوانی بێنە شاخەكانی كوردستان، خۆزگە یەكگرتوو بوونایە، ئەگەر ئێمە یەكگرتوو بین دەبین بەدەوڵەت.
باسی گفتۆگۆ لەگەڵ پەكەكە نەكەن، چونكە خۆی لەگەڵ گفتۆگۆ نیە، گفتۆگۆ لەگەڵ پەكەكە هیچ سوودی نیە، چونكە هیچ مەعایرێكیان لا نیەو هیچ پەیمان لای پەكەكە نیە، پەكەكە بەدەستی خۆی نیە، ئەگەر پەكەكە رانەوەستێت و هەر بەردەوام بێت لەسەر چالاكیەكانی خۆی دەبێت بەهێز دەربكرێت، ئەگەر پەكەكە هەروا بەردەوام بێت گورزێگی گەورە لەخۆی دەدات و زۆر پەشیمان دەبێتەوەو پەكەكە هەروا بەردەوام بێت شەڕ دروستدەبێت.
هاوڵاتى: ئەدهەم بارزانی كەپێشتر ئەندامی سەركردایەتی پارتی بوو لەبەر داگیركارییەكان هەرێمی كوردستانی بەرەو ئێران جێهێشت كە رەخنەی هەبوو كەپارتی بێدەنگەو رێگای خۆشكردووە بۆ داگیركارییەكان ، قسەتان لەبارەی ئەو هەڵوێستەیەوە چییە ؟
بابەكر زێباری : ئەم پرسیارەم لێ مەكە، بەخوا هیچ ئاگام لەم پرسە نیە.