پارتی لە لەشكركێشیی توركیا بۆ ناوخاكی هەرێم بەرپرسیارەو یەكێتی بەرپرس نییە
بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:»گەندەڵی هەموو ئاستەكانی تێپەڕاندووەو ئەوەی لەهەرێم دەگوزەرێت چیتر ناتوانرێت ناوی گەندەڵی لێبنرێت و گەیشتۆتە ئاستی فەرهودكردنی نیشتیمان».
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» قبوڵی ناكەین بەناوی حكومەتەوە بانگەشە بۆ شەڕ بكرێت یا زەمینەی شەڕ دروست بكرێ... قەندیل شكست ناهێنێ، ئێمە كاتی خۆی لەقەندیل بووین، هەموو هێزی بەعس نەیتوانی ئەوێمان پێ جێبهێلێت، قەندیل هێمای نەكەوتنە».
هاوڵاتى: سەرەتا با لەوە دەستپێبكەین گفتوگۆكانی هەرێم و عێراق لەسەر پرسی جێبەجێكردنی بودجەی 2021 ئەوەندەی زانیاریتان هەبێت بەكوێ گەیشتووە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: هەموو جارێك كە پرۆژە یاسای بودجە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان دووچاری گرفتی زۆر دەبینەوە.
لەڕاستیدا لەبودجەدا غەدرێكی زۆر لە هەرێم دەكرێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم دیاری دەكرێت لەگەڵ رێژەی دانیشتوان ناگونجێت، لەگەڵ قوربانیی شارەكان و گوندەكانی و خەڵكی كوردستان كەچەندین جار جینۆساید كراوە.
كورد دەبێت لە هەموو كایەكاندا رێژەیەكی تایبەتی بۆ دیاری بكرێت، هەروەها لە هەموو وەزارەتەكاندا، ئەمە هیچ كات رەچاو نەكراوەو جێبەجێ ناكرێت، بەتایبەتیش لەبودجەی سیادی ناحەقی بەرامبەر پشكی كوردستان دەكرێت.
بودجە هەموو كایەكانی ژیان و بەڕێوەبردن لەخۆدەگرێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەهەلومەرجێكداین كەخەمی هەموومان تەنها بووە بەموچە.
یەكێك لەبڕگەكانی یاسای بودجەی ٢٠٢١ بریتیە لەوەی كە دەبێت تێكڕای بڕگەكانی كە لەیاساكەدا هاتوون جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی بودجە رەوانەبكرێت.
ئەو بڕگانەش لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەئەستەم جێبەجێ دەكرێن و لەئاست داواكاری حكومەتی فیدراڵیدا نین، هەر ئەمەش وا دەكات گرفتەكان بەردەوام بن و ناردنی بودجە كێشەی تێكەوێت.
لەڕاستیدا كاك قوباد هەوڵی زۆریدا پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا باش بكات و لێكتێگەیشتن دروستبكات لەتێپەڕاندنی یاسای بودجەدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو، بەڵام پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو حكومەتە هێندە لەئاستێكی خراپدایە كاری زۆرو ماندووبوونی زۆرتری دەوێت تا بتوانرێت بنەمایەك دروستبكرێت بۆ لێكتێگەیشتن و پێكەوەژیان و باوەڕهێنان بەمافی یەكتری.
هاوڵاتى: پێتانوایە حكومەتی هەرێم و عێراق نیەتیان جدییە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، یان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو (70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك ساردبوونەوە بەدیدەكرێت؟
بڵێسە جەبار فەرمان: هیچ لایەنێك ئەو جدییەتەی تیدا نیە، حكومەتی هەرێم هێشتا گرانی و ئاڵۆزی دۆخەكەی وەكو خۆی وەرنەگرتووە، لەبارگرانی و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان تێنەگەیشتووە.
هەر ئەمەش وایكردوە كەئەوەندە پەرۆش نەبن بۆ رازیكردنی حكومەتی ئیتحادی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاسای بودجە.
تاكی عێراقی وا تێگەێندراوە كە پارەی بەسڕەو پارێزگاكانی تر بۆ هەرێم دێت و ئێمەش لەبەرانبەردا هیچیان نادەینێ و قووتی ئەوانەو ئێمە دەیخۆین، كە ئەمە هیچ راستییەكی تێدا نیە.
هەربۆیە بۆ سیاسییەكان و حزبەكان زۆر قورس دەكەوێتەوە گەر بەرگری لەهەرێم بكەن یاخود باسی ناردنی بودجە بكەن.
وەك هەمووش دەزانن بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین و هەر ئەمە وا دەكات ئەوەندەی تر لایەنەكان خۆیان لەهەرێمی كوردستان دووربخەنەوە.
هاوڵاتى: ئایا پێتانوایە لایەنەكانی شیعە بەشێكیان نایەنەوێت یاسای بودجەو پشكی هەرێم لەماددەی (11) جێبەجێ بكرێت؟
بڵێسە جەبار فەرمان: وەكو وتم لایەنی شیعەو سوننە نیە، بەڵكو تێكڕای لایەنەكان حەز بەلاوازبوونی هەرێم دەكەن، بەهێزبوونی هەرێم و پێشكەوتنی ئەوەندەی تر گەندەڵی و نادادپەروەری ئەوان دەخاتەڕوو، هەربۆیە تا بتوانن كار لەسەر لاوازكردنی هەرێم دەكەن.
بەداخەوە كەئێمەش هێشتا تێنەگەیشتووین كە بەدەستی خۆمان هەرێم بەرەو لاوازتركردن و لێواری هەڵوەشاندنەوەی دەبەین.
هەموو ئەو بابەتانەی هەرێم شانازی پێوە دەكرد وا رۆژ لەدوای رۆژ لەناوی دەبەین.
ئێمە پەرلەمانێكی زۆر كاراو چالاكمان هەبوو كەچەندەها یاسای هاوچەرخ و پێشكەوتووی تەشریع كرد، یاسای بودجەی بڕگە بە بڕگە تاووتوێ دەكرد. لێپێچینەوەی لەگەندەڵی دەكردو راپۆرتی هەبوو، ئێستا بەداخەوە پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمانی هەرێم چالاكترەو رۆژانە باسی كێشەی هاووڵاتیان و حكومەتی تێدادەكرێت و لیژنە بۆ بەدواداچوون پێكدەهێنرێت، حكومەتی گۆڕی وەزیری تیا گۆڕدرا، حساباتی نەوت دێتە پەرلەمانی عێراق، ئازادی رادەربڕین كە مایەی شانازیمان بوو لەئاستێكی مەترسیداردایەو كەسانێك لەسەر كۆمێنت سزا دەدرێن.
گەندەڵی هەموو ئاستەكانی تێپەڕاندووە و ئەوەی لەهەرێم دەگوزەرێت چیتر ناتوانرێت ناوی گەندەڵی لێبنرێت و گەیشتۆتە ئاستی فەرهودكردنی نیشتیمان.
هاوڵاتى: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمانكەوتووە سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا ئەمجارە بۆ پرسی كەركوك بووە كەپارێزگار بگۆڕدرێت و كوردێك دابنرێت؟ زانیاریتان هەیە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: سەردانی كاك بافڵ گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بێگومان یەكێتی دەبێت رۆڵی خۆی لەسەر ساحەی عێراقی و ئیقلیمی بەدەست بهێنێتەوە.
ئەم سەردانە دیپلوماسیانەی كاك بافڵ بۆ دروستكردنەوەی هاوسەنگی هێزە كوردییەكان زۆر گرنگە، گەر لایەن هەبووبێت وا تێگەیشتبێتن كەهەولێر شوێنی بڕیاری كوردییەو تەنها لەوێوە ئاراستە كرابێتن، ئەوا بەو جۆرە بەقوەتە دەركەوتنی كاك بافڵ پێچەوانەكەی سەلماند.
یەكێتی دەیەوێت لەسیاسەتی عێراقدا بەشداربێت، بێگومان عێراقی دوای هەڵبژادنەكانی ئەمجارە عێراقی ئێستا نابێت و ئەو عێراقە پەیوەندی و هاوپەیمانمان پێویستە بۆ بەشداربوون لەبونیادنابی عێراقێكی شتێك باشتر لەمەی ئێستا. من كەسێكی واقعیم و دەزانم كەهەلومەرجەكان بەهەڵبژاردنێك ناگوڕدرێن، بەڵام دەكرێت هەنگاوێك باشتربكرێن.
هاوڵاتى: پێتانوایە كورد تادوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت پارێزگاری كورد لەكەركوك دابنێت یان پێش ئەوە دەرفەت هەیە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: بەداخەوە ئەوەی لەكەركوك و خانەقین دەگوزەرێ تەعریبە لەفۆرمێكی ترو قۆناغێكی تازەتر، رۆژانە بەئاشكرا هاووڵاتیانی كورد شەهید دەكرێن و گوندە كوردییەكان چۆڵ دەكرێن و بەزۆر ناچار دەكرێن شارەكانیان جیبهێڵن.
پارێزگاری كەركوك چەندەها كەیسی گەندەڵی لەسەرە، بەم شێوەیەی كەهەیە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاونان زۆر سەخت دەبێت، بێگومان كورد زەرەرمەند دەبێت و هێندەی تر كەركوك لەدەستدەدەین.
بەداخەوە بیركردنەوەی بەرتەسكی حزبایەتی و نەبوونی ئینتمای نیشتیمانی حزبەكان بەربەست بووە لەبەردەم یەكڕیزییان و دژایەتی كردنی یەكتری وایكردووە نەتوانین پارێزگارێكی كورد دابنێین لەكەركوك و هیچ نەبێ رێگر بین لەتەعریبی زیاتر.
هاوڵاتى: هەموو ناوچە كێشەلەسەرەكان هاووڵاتیانیان گلەیی لەیەكێتی و پارتی دەكەن و ئەو دۆخەی تێیدان رەخنەیان هەیە؟ كەی چارەسەر دەبێت بەبڕوای ئێوە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: هەرگیز چارەسەر نابێ، بەم بیركردنەوە بەرتەسكە حزبایەتیەی كە هەیە، بەم دژایەتی كردنەی یەكتری و تۆمەتی نانیشتیمانی و خائن دانە بەریەكتری و بەم بیركردنەوەیەی حزبەكان یەكڕیزی خەونی شاعیرانە دەمێنێتەوەو هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە زەرەرمەندی یەكەم و تێكڕای كوردستان زەرەرمەندی دووەمی ئەم نابەرپرسیارێتیەی سەرانی حزبەكانن.
هاوڵاتى: بەڕێزتان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیبوتان كە یەكێتی تاكشانەوەی حكومەت ئامادە دەبێت ئەگەر شەڕی براكوژی رووبدات (پارتی، پەكەكە) دەكرێت زیاتر روونكردنەوەی لەسەربدەن؟
بڵێسە جەبار فەرمان: نەك بەس یەكێتی دەبێت هەموو لایەنەكان ئەوەی پێیان دەكرێت بیكەن بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە خۆكوژییە روونەدات، قەندیل شكست ناهێنێ.
ئێمە كاتی خۆی لەقەندیل بووین، هەموو هێزی بەعس نەیتوانی ئەوێمان پێ جێبهێڵێت، قەندیل هێمای نەكەوتنە.
لەم شەرەدا تەنها كۆمەڵێك كوردی هەردوو لا شەهید دەبن و خێزانەكانیان ماڵوێران دەبن.
هەوڵ دەدرێت ئەم شەڕە بەناوی حكومەتی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئێمە كە بەشێكین لەو حكومەتە نابێت قبوڵی بكەین، قبوڵی ناكەین بەناوی حكومەتەوە بانگەشە بۆ شەڕ بكرێت یا زەمینەی شەڕ دروست بكرێت.
هاوڵاتى: پێتانوایە رێگەدان بەلەشكركێشی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بەتەنها پارتی لێی بەرپرسە یان یەكێتیش؟ لەكاتێكدا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتدا هاوبەشن؟
بڵێسە جەبار فەرمان: كەس ناتوانێ خۆی لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوە، بەڵام روون و ئاشكرایە كەئەو سنورە بەدەست هێزی پارتیەوەیەو ئەوان بەرپرسی یەكەمن.
توركیا بیركردنەوەی سەردەمی سوڵتانی لەخەیاڵ دەرنەچووە پێشلكاری یاسای نێودەوڵەتی دەكات سنور دەبەزێنێ و هاووڵاتیانی گوندەكان دەكاتە ئامانج، سروشتی ناوچەی بادینان بەتەواوی كەوتۆتە بەر مەترسی، ئەمە دژی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگەیە.
عێراق بەپلەی یەكەم لەڕێگەی كەناڵی نێودەوڵەتییەوە دەبێت فشار بكات، ئەم تەجاوزاتەی توركیا رابگرێت لەپەرلەمانی عێراقەوە كار بۆ ئەم پرسە كراوە.
یەكێتی بەرپرس نیە لە لەشكركێشی توركیا، نیگەرانین لەهاتنی سوپای وڵاتان بۆ ناو خاكی هەرێم.
هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی لەناو كابینەی نۆیەمدا تەنها وەزیری هەیەو دەسەڵاتی نییەو پارتی كۆنترۆڵی پەیوەندییەكانی دەرەوەو دارایی و نەوتی كردووە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: بێگومان شاراوە نیە كە هەیمەنەی پارتی بەسەر تێكڕای دامودەزگاكانی حكومەتدا دیارە، تەنانەت زۆرجار وتەبێژی حكومەت بەناوی پارتییەوە بەیانی دەركردوە، واتا تا ئەو رادەیە هەیمەنەی پارتی زۆرە بەسەر دامودەزگاكانەوە كە خۆشیان حزب و حكومەتیان بۆ جیا ناكرێتەوە