ئه‌منستى: پاراستن سه‌رکوتى خۆپیشانده‌ران ده‌کات له‌رێگه‌ى ده‌ستگیرکردنیانه‌وه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
 ‌رێکخراوى ئه‌منستیى ئینته‌رناشناڵ  ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان و ئاژانسى پاراستن به‌ سه‌رکوتکردنى خۆپیشانده‌ران له‌ رێگه‌ى ده‌ستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان به‌شێوه‌یه‌کى نادادپه‌روه‌رانه‌ و ترساندنیان تۆمه‌تبار ده‌کات"

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى حوزه‌یرانى 2021، له‌ ماڵپه‌رى فه‌رمیى خۆیدا راپۆرتێکى به‌هه‌ر سێ زمانى کوردى و عه‌ره‌بى و ئینگلیزى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات که‌" کۆتایى به‌ هه‌ڵمه‌تى ترساندن و تۆقاندن و ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کى و دادگاییکردنى نادادپه‌روه‌رانه‌ و هه‌ڵمه‌تى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌وانان و چالاکوانان و که‌سوکاره‌کانیان بهێنن".

رێکخراوه‌که‌ ده‌ڵێت، به‌رده‌وام دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک پارێزه‌ر و چالاکوانانى بواره‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ کردووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2020دا له‌ هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانیدا خۆپیشاندانى فراوان کراوه‌، داواى کۆتاییهێنان به‌ گه‌نده‌ڵی، خزمه‌تگوزاریى باشتر، پێدانى مووچه‌ دواکه‌وتووه‌کانى فه‌رمانبه‌ران کراوه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ى بادینان زیاتر له‌ سه‌د که‌سیان ده‌ستگیرکردووه‌. تا ئێستا 30 که‌س له‌ گرتووخانه‌کاندا ماونه‌ته‌وه‌. 

رێکخراوى لێبووردنى نێوده‌وڵه‌تیى ده‌ڵێت 21 چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ قوربانیان و که‌سوکارى ده‌ستبه‌سه‌رکراوان و پارێزه‌ران و کارمه‌ندانى مافه‌کانى مرۆڤ و رۆژنامه‌وانان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، چاوى به‌ په‌ڕاوى به‌ندکراواندا خشاندووه‌.
 به‌مه‌ش که‌یسى 14 که‌سى له‌ بادینان تۆمارکردووه‌، که‌ سێیانیان رۆژنامه‌وان و 11 چالاکوانى مه‌ده‌نى و سیاسیین، که‌ له‌ مانگه‌کانى نێوان ئاب و تشرینى یه‌که‌مى 2020 به‌شێوه‌یه‌کى هه‌ڕه‌مه‌کى "له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش و ده‌زگاى پاراستنى پارتى ده‌ستگیرکراون".
 
رێکخراوه‌که‌ که‌یسى شه‌ش له‌و ده‌ستبه‌سه‌رکراوانه‌ى به‌ "شوێنبزربوو" تۆمارکردووه‌، که‌ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌کان کردووه‌ یان ره‌خنه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ناوخۆ یان به‌هۆى کارى رۆژنامه‌ڤانییه‌وه‌ بووه‌. شه‌ش که‌سه‌ شوێن بزربووه‌کان له‌ نێوان 10 رۆژ تاوه‌کو سێ مانگ شوێن بزرکراون "ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تیى به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌کرێت". ئه‌مه‌ به‌پێى راپۆرتى رێکخراوه‌که‌.

کۆتایى به‌ هه‌ڵمه‌تى ترساندن و تۆقاندن و ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کى و دادگاییکردنى نادادپه‌روه‌رانه‌ و هه‌ڵمه‌تى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌وانان و چالاکوانان و که‌سوکاره‌کانیان بهێنن


هاوکات له‌ راپۆرته‌که‌ى ئه‌منستیدا هاتووه‌: "پێنج له‌م که‌سانه‌ش به‌ شه‌ش ساڵ به‌ندکردن سزادراون، ئه‌وانى به‌شێوه‌یه‌کى نادادپه‌روه‌رانه‌ دادگایى کراون. چوار له‌م که‌سانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌کانیان کراوه‌ و گێچه‌ڵییان پێکراوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى زاره‌کییان لێکراوه‌". 
 
هه‌ر له‌باره‌ى که‌یسى ئه‌م 14 که‌سه‌، رێکخراوه‌که‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌بێ فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن و به‌بێ روونکردنه‌وه‌ى هۆکارى ده‌ستگیرکردنیان، هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌کانیان و بردوویانن، تا ئاماده‌کردنى ئه‌م راپۆرته‌، پێنج له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکراوه‌کان تائێستا رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ چاویان به‌ که‌سوکاره‌کانیان بکه‌وێت. له‌ کاتێکدا هێزه‌کانى ئاسایش له‌ هه‌ولێر و دهۆک ره‌تیانکردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه‌ له‌لاى ئه‌وان بن.
 
له‌ به‌شێکى دیکه‌ى راپۆرته‌که‌ى ئه‌منستى ئینته‌رناشناڵ، تیشک خراوه‌ته‌ سه‌ر دادگاییکردنى گیراوانى بادینان و ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ تۆمه‌تى زۆر قورسیان خراوه‌ته‌ پاڵ وه‌ک سیخوڕیکردن بۆ لایه‌نى ده‌ره‌کى و زیان گه‌یاندن به‌ ئاسایش و سه‌روه‌ریى هه‌رێمى کوردستان و پێدانى زانیارى هه‌ستیار به‌ په‌که‌که‌ و مه‌ترسى خستنه‌ سه‌ر ژیانى به‌رپرسه‌ باڵاکانى هه‌رێم و کۆکردنه‌وه‌ى چه‌ک و به‌ڕێوه‌بردنى گرووپى چه‌کدارى نه‌ناسراو. له‌ ئه‌نجامدا رۆژى 16ى شوباتى 2021 دادگاى دووى تاوانه‌کان له‌ هه‌ولێر، سزاى شه‌ش ساڵ زیندانیکردنى به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌م چالاکڤانانه‌ سه‌پاندووه‌. 
 
باس له‌وه‌شکراوه‌، که‌ به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى نێرده‌ى هاریکارى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان "یونامی" و له‌به‌رچاوى پارێزه‌ران، گیراوانى بادینان به‌ ده‌سته‌ى دادوه‌رانیان گوتبوو که‌ "ئاسایش دانپێدانانه‌کانیان له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌وه‌ وه‌رگرتوون و واژۆیان پێکردوون"، پارێزه‌رانیش پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌، که‌سیان دۆسیه‌ى تاوانه‌کانیان پێش و پاش دادگاییکردنه‌که‌شیان نه‌بینیوه‌.

هاوکات ئه‌منستى له‌ راگه‌یێندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ و داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات "کۆتایى به‌ هه‌ڵمه‌تى ترساندن و تۆقاندن و ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کى و دادگاییکردنى نادادپه‌روه‌رانه‌ و هه‌ڵمه‌تى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌وانان و چالاکوانان و که‌سوکاره‌کانیان بهێنن".
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار