دەبێت دابەشكردنی مووچە ئەولەویەتی هەموو شتەكانی دیكە بێت
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەدات كە» ئەگەر مانگانە لەبەغداوە بری (200) ملیار دینار بنێردرێت كێشەی لێبڕینی موچە چارەسەر دەبێت و ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دەتوانێت موچە دابەشبكات».
دكتۆر فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەو پێیەی كۆمپانیا نەوتییەكان بەرژەوەندیان لەهەرێمدا هەیە دەتوانێت پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكات وەك ئەو دەڵێت:» كۆمپانیا نەوتییەكان بەرژەوەندییان لەهەرێمدا هەیە، رەنگە ئامادەبن بچنە ژێر باری هەندێك گۆڕانكاری لەگرێبەستەكاندا».
ناوبراو دەشڵێت:» لەنزیكەوە ئاگادارم كە رەزامەندی دراوە بانكی TBIی وەرگرتنەوەی قەرزەكەی لەحكومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ كەمانگانە (55) ملیار دینارو كەسرێكە كەمبكاتەوە بۆ (25 تا 30) ملیار دینار تا پارەی زیاتر بۆ هەرێم رەوانە بكرێت».
هاوڵاتى: رێككەوتن یاسای بودجەی 2021 لەقازانجی هەرێمە جێبەجێ بكرێت یان عێراق، لەكاتێكدا داوای داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ دەكەن كە لەسەروو (70) دۆلار زیاترەوە عێراق دەیفرۆشێت؟
فازڵ نەبی: تائێستاش یاسای بودجەی 2021ی عێراق ئەگەر جێبەجێ بكرێت لەقازانجی هەرێمی كوردستاندایە، راستە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە ئەوەندە قازانجی هەرێم كەمدەبێتەوە لەو روانگەیەی کە عێراق داهاتی نەوت بەنرخی سۆمۆ وەردەگرێت، مەسەلەن كە نرخی نەوت بە (50 بۆ 55) بووە مومكینە مانگانە (200) ملیار دینار بهاتایە بۆ هەرێم، بەڵام مانگی یەك تا شەش كە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە مومكینە مانگانە (50 بۆ 60) ملیار دینارێك بۆ هەرێم بنێردرێت، بەڵام هەر لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە.
بەڵێ بۆ زانیاری تەئكیدم هەیەو لەگەڵ بەرپرسی ئەو دۆسییەیە لەنزیكەوە قسەمان كردووە كە بۆ ئەمساڵ نەك بۆ ساڵەكانی دیكە ئەو مەبلەغە كەمانگانە (55) ملیارو كەسرێكە كەمبكرێتەوە بۆ (25 تا 30) ملیار دینار، بەڵام هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، بەڵام رەزامەندی نیشاندراوە كە بۆ ئەمساڵ كەمبكرێتەوە
هاوڵاتى: بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینار وەك سولەفەیە تا وردبینی چاودێری دارایی لەنێوان هەردوولا جێبەجێ دەكرێت؟ یان بەغدا هەر ئەوەندە رەوانە دەكات؟
فازڵ نەبی: بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەكات، ئەگەر بڕیارەكە وەكو سولفە بێت و ناوی وا نرابێت تا ئەوكاتەی یاسای بودجە جێبەجێ دەكرێت ئەوە لەناحیەی قانونی راستە و دەبێت وەزارەتی دارایی جێبەجێی بكات، بەڵام ئەگەر ناوی سولفە لەنوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا نەهاتبێت و تەنها ئەوە نووسرابێت كەمانگانە (200) ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێم رەوانە بكرێت ئەوە لەناحیەی قانونی ئیشكالی تێدایە، بۆیە وەزارەتی دارایی تائێستا بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە، چونكە ئەگەر لەناحیەی یاسایی كێشەی تێدابێت ناتوانی جێبەجێی بكەیت.
جارێكی تر دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی ئەگەر سولفە نووسرابێت لەبڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كەسولفەش بۆ یەكجار دەنێردرێت تا تەسفیە لەنێوان هەردوولادا دەكرێت.
قەرارێك كە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە كە (200) ملیار دینار بنێردرێت، بەڵام ئەگەر نووسرابێت سولفە تا ئەوكاتەی وردبینییەكان تەواو دەبێت هیچ كێشەی سیاسی تێدا نییەو دەبێت وەزارەتی دارایی ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات
هاوڵاتى: پێتانوایە دۆخی دارایی هەرێم بەناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە باشتر دەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەموچەوە هەیە كە بێ لێبڕین دابەش بكرێت؟
فازڵ نەبی: بەڵێ بەتەئكید ئەگەر مانگانە لەبەغداوە بڕی (200) ملیار دینار بنێردرێت كێشەی لێبڕینی موچە چارەسەر دەبێت و ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دەتوانێت موچە دابەش بكات، بەڵام كێشەكە لێرەدایە ئایا مانگانە بەفعلی (200) ملیار دینار دەنێردرێت، چونكە بەپێی یاسای بودجەی 2021 مانگانە ئەو بڕە نانێردرێت و بەپێی یاساكەو بەپێی نرخی نەوت ئەو مەبلەغە دەگۆڕێت.
قەرارێك كە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە كە (200) ملیار دینار بنێردرێت، بەڵام ئەگەر نووسرابێت سولفە تا ئەوكاتەی وردبینییەكان تەواو دەبێت هیچ كێشەی سیاسی تێدا نییەو دەبێت وەزارەتی دارایی ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، هەرچەندە وەزیری دارایی عێراق دەنگی بە بڕیارەكە نەداوە.
هاوڵاتى: پێتانوایە بەغدا دەیەوێت یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت ئەوەی پەیوەندی بەهەرێمەوە هەیە كە لەماددەی 11ی یاساكەدا هاتووە؟
فازڵ نەبی: بەغدا بەسەر دوو تیم دابەش بووە، تیمێك كە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی عێراقیدان زۆر حەز دەكەن یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، تیمێك هەیە كە نایەوێت یاساكە جێبەجێ بكرێت، ئنجا لەبەر بوونی دوو تیم پیاو ناتوانێت بۆچوونی راست بزانێت.
هاوڵاتى: حكومەتی هەرێم نزیكەی حەوت ترلیۆن دیناری بانكی تی بی ئای قەرزارە بەپێی ماددەی 11ی بودجەی عێراق دەبێت مانگانە (50) ملیار بدرێتەوە بەو بانكە، پێتانوایە حكومەتی هەرێم لەتوانایدایە مانگانە ئەو پارەیە بداتەوە یان رەزامەندی دراوە ئەو بڕە كەمبكرێتەوە بۆ (30) ملیار دیناری مانگانە؟
فازڵ نەبی: بەڵێ بۆ زانیاری تەئكیدم هەیەو لەگەڵ بەرپرسی ئەو دۆسییەیە لەنزیكەوە قسەمان كردووە كە بۆ ئەمساڵ نەك بۆ ساڵەكانی دیكە ئەو مەبلەغە كەمانگانە (55) ملیارو كەسرێكە كەمبكرێتەوە بۆ (25 تا 30) ملیار دینار، بەڵام هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، بەڵام رەزامەندی نیشاندراوە كە بۆ ئەمساڵ كەمبكرێتەوە، بەڵام بۆ ساڵەكانی دیكە قەرەبووی ئەوە بكرێتەوە تا بۆ ئەمساڵ پارەیەكی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
هاوڵاتى: رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد كەمانگانە حكومەتی هەرێم 253 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە، واتا مانگانە زیاتر لە 379 ملیار دینار دەكات، پێتانوایە دەبێت ئەولەویەت بدرێت بەموچە و چارەسەری لێبڕین بكرێت؟
فازڵ نەبی: هەردووكی موهیم و گرنگە، دایمە لەهەموو چاوپێكەوتنەكان ئەو قسەیەم كردووە دەبێت دابەشكردنی مووچە ئەولەویەتی هەبێت، واتا دەبێت مووچە ئەولەویەتی هەموو شتەكانی دیكە بێت، بەڵام زۆرجار تۆ قەرزێكت كردووە كە ئەو قەرزانە ئەگەر دوابخرێت مومكینە دوو كێشەت بۆ دروست ببێت یەكیان ئەوەی كەئەوان قبوڵ نەكەن لەسەر ئەوەی ئەو جەدوەلەی قەرزانە دوابخرێت یان كەمبكرێتەوە كە رەنگە تووشی كێشەی دادگات بكات، كە ئەوانە وەسیقەی فەرمیان هەیە.
هەروەها دواخستنی دانەوەی ئەو قەرزانە سوودی زۆر زیاتر دێتە سەر قەرزەكان، بۆیە حكومەتی هەرێم ئەو ملاحەزانەی بە نەزەری ئیعتبار وەرگرتووەو دەیەوێت ئەو قەرزانە لەكاتی خۆیدا بداتەوە.
هاوڵاتى: بەڵام مەبەستم لەوەیە حكومەت كە 379 ملیار دینار قەرز دەداتەوە مانگانە كەمی بكاتەوە بۆ 200 ملیار دینار تا كورتهێنانی دابینكردنی موچەی پێ پڕبكاتەوە؟
فازڵ نەبی: ئەگەر حكومەتی هەرێم توانی بگاتە رێككەوتنێك لەگەڵ ئەوانەی قەرزی حكومەتیان لایە ئەوە دەبێت، بەڵام مەسەلەكە ئەوە نییە حكومەتی هەرێم بەكەیفی خۆی بێت چەند بداتەوە.
ئینجا تەحدید كراوە مانگانە دەبێت چەند قەرز بداتەوە، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم بتوانێت لەگەڵیاندا قسە بكات و جەدوەلی قەرزەكە پێداچوونەوەی تێدا بكات ئەوە شتێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم موچەی تەواوی خەڵك بدات و هەم هەندێ خەرجی پێویستیی دابین بكات.
چاكسازیكردن زۆر گرنگە لەداهات و خەرجییەكاندا كەحكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوە بێت كە ئیدارەی مالی بكات، بەڵام بەهەموو ئەو شتانەشەوە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ساڵەكانی 2010 تا 2013
هاوڵاتى: پێتانوایە ئەگەر نرخی نەوتی خاو بەم نرخەی ئێستا بمێنێتەوە كە لەسەروو 73 دۆلارەوەیە بۆ هەر بەرمیلێك، پێتانوایە ئەگەر حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بەگرێبەستەكانی نەوت و باجی سەر كۆمپانیا نەوتییەكان بكات دەتوانێت ئیدارەیەكی باشتری دۆسەی نەوت بدات؟
فازڵ نەبی:چەند نرخی نەوت بەرزببێتەوە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدایەو هەموو ئەو دەوڵەتانەی كەخاوەنی نەوتن و ئیعتمادییان لەسەر نەوتە.
هەموو ئەوانەی خاوەنی نەوتن كێشەكانیان شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوتە، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو مەجالەی هەبێت و فعلەن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بەگرێبەستەكانیاندا پێداچوونەوە بكات ئەوە ئیشێكی زۆر باشە، ئەوەش بەگفتوگۆو مفاوەزات، چونكە كۆمپانیا نەوتییەكان مەساڵحیان لەهەرێمی كوردستاندا بۆ دروستبووەو دەچنە ژێر باری هەندێك گۆڕانكاری لەگرێبەستەكانیاندا.
هاوڵاتى: لقی بانكی ناوەندی لەهەولێر بوونی هەیە، بەڵام لقی بانكەكانی رەشیدو رافیدەن بوونی نییە، بەتایبەت كە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا چەندین جار داوایان كردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم سودمەندبن لەو ئۆڤەرە جیاوازانەی بانكەكان پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكەن؟ كاتی ئەوە نەهاتووە حكومەتی هەرێم گرنگی بەم پرسە بدات مادام هەرێمێكی فیدراڵین؟
فازڵ نەبی: خەلەلەكە لەبەغدایەو پرسەكە سیاسییە، ئەوكاتەی ئێمەش لەبەغدا بووین لەگەڵ كاك وشیار زێباری گفتوگۆمان لەگەڵ هەردوو بانكەكەدا كرد موافەقەتماندا هەتا داوامان لەبانكەكانی سناعی و تیجاری زراعی كرد ئەوانیش بێن و لەهەرێم لقی بانكەكانیان بكەنەوە، بەڵام جانبی سیاسی رێگرە لەكردنەوەی بانكەكان.
هەر كەسێك بتوانێت قەناعەت بەجیهەتی سیاسی بەغدا بكەن گرنگە، چونكە بەڕێوەبەرە گشتییەكانیان دواتر موسائەلەی قانونیان لەگەڵ دەكرێت، بۆیە جانبی سیاسی رێگرە لەكردنەوەی لقی ئەو بانکانە لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا.
هاوڵاتى: پێتانوایە كەی چ كاتێك دۆخی دارایی هەرێم دەگاتە قۆناغێكی باش كەوەكو ساڵانی 2010 تا 2013 مان لێبێتەوە كە پارە زۆر بوو پرۆژە جێبەجێ دەكراو ئیشوكاریش زۆر بوو؟
فازڵ نەبی: زۆر زەحمەتە بگەڕێینەوە ئەو ساڵانە، چاكسازیكردن زۆر گرنگە لەداهات و خەرجییەكاندا كەحكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوە بێت كە ئیدارەی مالی بكات، بەڵام بەهەموو ئەو شتانەشەوە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ساڵەكانی 2010 تا 2013.